کێ پارتی کرد بە دێو؟

02/10/2021

رابون مەعروف

 ساڵی ٢٠١١ تازە لە بەریتانیا گەڕابومەوە، لەگەڵ کاك نەوشیروان دانیشتبوین و گفتوگۆمان دەکرد. باس ھاتە سەر پارتی و لە شوێنێکدا کاك نەوشیروان وتی: کەسانێکی زۆر کە بە حیسابی خۆیان لە پارتی ناڕازین، لە جەھل و گەمژەییەوە پارتیان کردوە بە دێو! ئەمانە خەڵکیان لە پارتی تۆقاندوە.

گوایە بۆ شکاندنی پارتی، درۆی شاخداری ئەوتۆ دەکەن، خەڵکێك لە ئاودەست و ژوری نوستنیش، لە 'کامێرای پارتی' دەترسن! ئەمانە ھەرکەسێکیان خۆشنەویست، بوختانی پێدەکەن کە خۆی بە پارتی فرۆشتوە. بەوجۆرە بۆچونێکیان لای خەڵك دروستکردوە کە پارتی کێوێکە و ناکەوێ و دێوێکە و نابەزێ! حیزبەکان، کە ئێستا رکەبەری دەکەن لەسەر لاساییکردنەوەی پارتی، یان بە ئاشکرا و بە نھێنی خەریکی سات و سەودان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەوەی درز و کەلێن و عەیب و عاری خۆیان داپۆشن، ھەر کەسێك رەخنەیان لێبگرێت، بوختانی پێدەکەن کە خۆی بە پارتی فرۆشتوە! بۆ ئەوەی خەڵك سەرنج و دیقەت لە وێنەی راستەقینەی حیزبەکان نەدەن.

بۆ ئەوەی خەڵك نەبینن کە ئەم حیزبانە نەك فەرقیان لەگەڵ پارتی نییە، بەڵکو حەسودی دەبەن کە وەك پارتی بن! ئێوە دیقەت بدەن: ئەگەر بڵێیت، ئێستا یەکێتی وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و عائیلەیە و لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی وەك ناوچەی پارتی دزی و تاڵانیی سامانی گشتی ھەیە: ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، گۆڕان وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و بەرژەوەندی تایبەتی کەسانێکە، ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، نەوەی نوێ بە ساڵێك پێش پارتی دایەوە لە بەبنەماڵەكردنی حیزب: بڵێ نەوەی نوێ کەڵت و کۆمپانیای یەك کەس و خێزانەکەیەتی و ئەوانەیتر ھەمو شاگرد و ملکەچ و موچەخۆرن، ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! بڵێ، ئیسلامیەکان بە طاڵیباندا ھەڵدەدەن، بەڵام نەوەکانی خۆیان دەنێرن بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا، ئاخر ئەمە نیفاقە!! ئیتیھامت دەکەن بە پارتی! ئێ خەڵکەکەش دەڵێن: ئەگەر ئەم ھەمو بوختانە راستبێت، کەواتە ھەموان پارتیبونێك قەرزارن! یەکێك لە درۆ گەورەکان ئەوەیە کە گوایە زۆربەی پەڕلەمانتار و سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای پارتی! لە راستیدا چەندجار لەوە زیاتر چونەتە لای یەکێتی! دەیان سەرکردە و بەرپرس و پەڕلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای یەکێتی، بەڵام نابێتە رۆژەڤ و بابەت! ئەزانن بۆ؟ چونکە کاسبییە پیسەکەی حیزبەکان ئەوە ناخوازێ! ئێوە دیقەت بدەن: لە ھەمو ئەو سەرکردە و پەڕلەمانتارانەی لەسەر بەبنەماڵەکردن، نەوەی نوێیان جێھێشت، تەنھا و تەنھا یەك پەڕلەمانتار چوەتە لای حیزبی دەسەڵات.. بەڵام سەرنج بدەن، ئەو پەڕلەمانتارە چوەتە لای یەکێتی نەك پارتی! لە ٣٠ ساڵی رابردو تەنھا دو پەڕلەمانتار و یەك وەزیری ئۆپۆزیسیۆن چونەتە لای پارتی، دیقەت بدەن تا کەناڵەکانی پارتی موقابەلەیەك لەگەڵ ئەوانە دەکەن، کەناڵی ئێن ئار تی چەندان موقابەلەی ئەوانە دەکات و لێدوانەکانیان بڵاو دەکاتەوە و گەورە و موھیمیان دەکات! ئەزانن بۆ؟ چونکە کاسبیە پیسەکە پێویستی بەوەیە! لە راستیدا، پارتی نە کێوە و نە دێو! بەڵکو حیزبەکانیتر گەڕ و گول و بێڕوئیا و سەرلێشێواون! لە رێگەی بە دێوکردنی پارتی و بوختان و چەواشە، رێگە دەگرن لە ھۆشیاربونەوەی خەڵك و دۆست و لایەنگرانیان، کە کراون بە کۆیلەی ملکەچ و بێ شکۆ و بێ سەروەری! رێگە دەگرن لە سەرھەڵدانی ھۆشیاری رەخنەگرانە، تا پرسیار نەکرێ: ئێستا زانیمان: پارتی حیزبی بنەماڵە و ئامرازی سەرکوت و بێدادی و پایەماڵکردنی ئەخلاقی سیاسییە! بەڵام پرسیارێك: ئەی ئێوە خۆتان چین؟ ئێوە چۆن لە پارتی جیاوازن؟ بۆ ئەوەی نەپرسن: جا کە ئێوەش وەك پارتی حیزبی بنەماڵە و ئامرازی بەرژەوەندی تایبەتی و پایەماڵکردنی سەروەری تاك و بنەماکانی ئەخلاقن، کەواتە خەڵك بۆ پشتیوانیتان بکات؟ *مەبن بە کۆیلە و ئامرازی چەواشەکاری!














ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی