تورکیای دەرەوە و تورکیای ناوەوە

04/10/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تورکیا دەیەوێت واپیشانی دەسەڵاتدارانی عیراق بدات کە هەر گۆڕانکارییەک لە ناوخۆی عیراقدا رووبدات، راستەوخۆ پەیوەندیی بە دەوڵەتی تورکیاوە هەیە، تێگەشتنی پشت ئەم تێڕوانینەی ئەو وڵاتە وێنایەک دەبەخشێت کە ئەو دەتوانێت قسە و بۆچوونی تایبەتی خۆی بۆ رەوشی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عیراق هەبێت، ئەمەش بۆ تورکیا لە روانگەی ئەو دەست و پێوەندانەوەیە کە بریکاری تورکیان و وەک سێبەری تورکیا دەبینرێن لە عیراقدا، ئەم یارییەش بۆ تورکیا شکستخواردووە، چونکە ئەو هێز و گروپانەی تورکیا لەسەر خاکی عیراق پشتیان پێ دەبەستێت، لایەنی بەهێز و کاریگەر نین لە ئاست هێزی باڵای ناو دەسەڵات و پرۆسە سیاسییەکەی عیراق و ئەو جەمسەربەندییەی لەسەر خاکی عیراقدا لەئارادایە.

دوای نزیکەی 10 ساڵیش لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوریا و پاشان دەرکەوتنی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە «داعش» و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئەو وڵاتە، تورکیا هەردەم دەیەوێت بڵێت سوریای دراوسێ ئەجری لەسەرمانە و دەبێت لەگەڵ موعانات و تێکەڵهاتنە ناوخۆییەکەیدا بین، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیڵێت و هەنگاوی بۆ دەنێت لە ناوخۆی سوریادا شتێکە و ئەوەشی تورکیا لە سوچی و جنێف و ئەستانەدا دەستی دەکەوێت شتێکی دیکەیە. تورکیا نەک لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆیدا، بەڵکو لە تەواوی ئەو بەرە جەنگییانەدا کە بەهێزی رەق و نەرم کردووێتییەوە لە پاشەکشێ و شکستدایە، دوایین هەڕەشەکانی «جۆ بایدن»ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کە لەسەر کڕینی سیستمی روسی S400 لە ئەردۆغانی دەکات، نیشانەی شکستی دیپلۆماسیی تورکیایە لەگەڵ وڵاتە گەورە و زلهێزەکاندا و ناتوانێت لەگەڵ وڵاتێکی گەورەدا دەست شکانەوە بکات، ئەمە جگە لەو ساردییەی کەوتۆتە نێوان تورکیا و روسیاوە لە هەندێک ناوچەی سوریادا و روسەکان زەنگی ئاگادارکردنەوەیان بۆ تورکیا لێداوە و دەبێت «ئیدلب» بۆ سوریا بگێڕێتەوە.

ئەوەی مایەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەوەیە؛ ئەم دەوڵەتە کە ناوی تورکیایە، لە ناوخۆی خۆیدا تووشی داکشانی سیاسی و ئابووریی و دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان بۆتەوە و هەرچی حزبەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانیشە لەبەرامبەر نەیارەکانیدا تووشی شکست هاتووە، بەڵام هێشتا چاوی لەسەر وڵاتانی دەرودراوسێیە و دەیەوێت لە پانتایی سیاسی وڵاتانی ئیقلیمییەوە وا نمایشی خۆی بکات کە هیچ قەیرانێکی نییە، لە راستیدا ئەمە وانییە، بەڵکو لاوازیی وڵاتانی دراوسێی تورکیایە وایکردووە لاوازیی تورکیا و دەسەڵاتەکەی ئەردۆغانیش دەشارنەوە و ناتوانن وەڵام و هێزی پێویستیان هەبێت بۆ هەر جووڵە و دەستێوەردانێکی تورکیا لە وڵاتەکانیاندا، دەنا ئەگەر بێت و لەچاوی رووداوە ناوخۆییەکانەوە تورکیا و ئەردۆغان و حزبەکەی و سیاسەت و ئابوورییەکەی بخوێنرێتەوە، ئەوا تورکیا زۆر لاواز و بێ توانا دەبینرێت و لە دۆخێکی خراپدایە.

وردتر لەو بۆچوونەی سەرەوە ئەوەیە کە لاوازیی وڵاتانی خۆرهەڵات وایکردووە تورکیا تەنها توانای ئەوەی هەبێت ئەو یارییە سیاسییانە بباتەوە کە لەگەڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتدا دەیکات، وەک پرسی تیرۆر و نەوت و وزە و گەشتیار و ئاوەدانکردنەوەی چەند ناوچەیەک و دانانی بنکەی سەربازی لە چەند وڵاتێکدا، دەنا تا هەنووکە تورکیا هیچ سیاسەت و مامەڵەیەکی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا لە سوودی خۆی کۆتایی پێنەهێناوە، سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و هەڕەشانەی کە تورکیا بە بۆنەی ناردنی ژمارەیەکی زۆر کۆچەرەوە بۆ سەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەیکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی