لەبەردەوامی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، دوێنێ جێگری سەرۆکی پارتی لەسلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد، ئەگەرچی لەبانگەشەکاندا گوتار کار لەسەر سۆزدەکات وەک پرۆسەیەکی ئیقناعکردنو تەنها بۆ بردنەوە، بەڵام ئەوەی گوتارەکەی نێچیرەڤان جیادەکاتەوە لەگوتاری دیکە ئەوەیە، گوتارەکەی نێچیرەوان بریتیبوو لەکۆکردنەوەی ئەقڵو سۆز، لەهەمانکاتدا ئایدیای بێ ئەنداز گرنگی تێدابوو، کە ڕێگایەکی دروستە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوماڵی کوردستان.
وتارەکە دەکرێت لەچەند لایەنەوە قسەی لەسەربکرێت، چونکە فرە ڕەهەندبوو، ڕستەی ئاڵتونیو گرنگی تێدابوو، بەڵام ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەنگیدایەوە (گرەوەکە بوو لەسەر یەکەم کەس لەڕۆژی دەنگدان بڕواتە سەر سندوقی دەنگدان) لەڕاستیدا ئەمە تاکتیکێکی ئەقڵانیو مۆدێرنە لەپرۆسەی هەڵبژاردندا بەڕۆحێکی وەرزشی، بەڵام قسەکردن لەسەر ئەم ڕستەیە لەکۆتایی وتارەکەدا جێگای بۆ دەکەمەوە!
ئەوەی گرنگە بەلای بەندەوە چەند ئایدیایەکی گرنگی ناو وتارەکەیە، کە قسە لەسەر ستراتیجی پارتی دەکات بۆ دوای هەڵبژاردنو دەستنیشانکردنی مەرجی سەرکەوتن، بۆیە لێرەدا هەموو هێزە سیاسییەکانی بانگکرد بۆ کاری پێکەوەییو لێکگەشتن، داوایکرد کار بەکۆنەقین نەکەین، چونکە سیاسەت بەڕقو تۆڵە ناکرێت، سیاسەت ئەقڵانییەتی دەوێ هەموو لایەکی بانگکردو وتی: ئەم ڕقو کینەیە نامانگەیەنێتە هیچ، دەبێ ڕێگاکە بگۆڕینو بوێربین لەبیرکردنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستامان. داوایکرد، بیرکردنەوە نەرێنییەکان لەخۆمان داماڵینو بنەمایەکی نوێ بۆ جیاوازییەکانمان دابنێین.
ئەگەر ئەم داوای پێکەوەییە بەدەقەکان بخوێنینەوە شەرعیەتێکی تەواو سیاسیو فیکریو ئاینی وەردەگرێت، نمونە بەپێی ئاینی میترا ڕێککەوتن لەپێش هەموو یاساکانەوەیەو هیچ یاسایەک لەپێش ڕێککەوتنەوە نییە. پێیشی وتین نابێ کار لەسەر میمۆری بکەین هەمیشە لەسەر دوێنێ بژینو دەبێ چاومان لەسەر ئایندەبێت، ئەوەشیخستەڕوو، کە ئێمە نەتەوەیەکین ئەوانی دیکە ئینکاریمان دەکەن، بۆچی دەبێ خۆشمان ئینکاری خۆمان بکەین، پێشی وتین کە شەڕمان بوو، بەشی ئاشتی بهێڵینەوە چوار ڕۆژی دیکە دەچینەوە بەغدا، واتە با لەبانگەشەدا دانەبەزینە ئەو ئاستەی بەشی پێکەوە دانیشتن نەهێڵینەوە، دەکرێ لەبەغدا یەکبینو لەهەرێم ڕکابەریو کێشمەکێشمێکی تەندروست ئیدارە بدەین.
ئایدیایەکی تری ناو وتارەکەی ئەوەیە دەڵێت: (ڕەخنەو ناڕەزایی ئەم ناوچەیە بکرێتە هۆکاری ڕاستکردنەوەی هەڵەکان) گەڕانەوە بۆ چەمکی ڕەخنە لەکایەی سیاسیدا داننانە بەهەڵەو چارەسەری لەڕێگای ڕەخنەوە. هەر لەم ڕێگایەوە دەتوانین فەزیلەت لەڕەزیللەت جیا بکەینەوە. پێماندەڵێت ڕەخنە هونەرە، هونەری بڕیاردانە بۆ جیاکردنەوەی هەڵەکانو ڕاستییەکان، خۆ ڕاستکردنەوە لەڕێگای ڕەخنەوە گەڕانەوەی بەڕێز نێچیرەڤانە بۆ ڕاو ڕەخنەو سەرنجی ڕۆشنبیرە ڕاستگۆکانی ئەم دەڤەرەو دەڵێت: پێویستە لەڕێگای ڕەخنەکانەوە خۆمان ڕاستبکەینەوە. دەکرێت چەمکی ڕەخنە لەگوتارەکەدا بکەینە بنەماو دەرفەتێک بۆ گفتوگۆی نێوان کایەی سیاسیو ڕۆشنبیری لەکوردستان، ئەمەش سەر ڕێخستنی پڕۆژەیەکی عەقڵانییەو واباشە ڕۆشنبیران بەهەند وەریبگرن. سەبارەت بەگرەوەکەی نێچیرەڤان بارزانی بۆ پێشبڕکێ بۆ چونە سەر سندوقی دەنگدان تاکتیکێکی جوانو داهێنەرانەی بانگەشەی مەدەنیانەیە هاندانێکی جدیو پاڵنەرێکی بەهێزە بۆگەنجانی پارتی بۆچونە سەر سندوقەکانی دەنگدانو گرەوەکە لەسەر ئایندەیە بەهەموو ماناکانییەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی