پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان خواستی پارتی‌و مافی یەكێتی

07/10/2021

دانا ڕەشید

یەکێتی نیشتمانی لەنێوان بەغداو هەولێردا یەکێک لەو نەگبەتییە گەورانەی میلەتی کوردی ساڵەهایە لەبەغدای کۆن‌و نوێدا دەیهاڕێت، ئەم شەڕو ململانێی دەسەڵاتەی میرەکانی سەردەمی کۆن‌و حیزبەکانی ئەم سەردەمەیە، بەدەقیقی ئەگەر بوترێ لەساڵی 1963 تا ئەمڕۆ، قەزیەی کوردی لەنێوان دوو بەرەدا دەهاڕدرێت دەیان فرسەتی زێڕینی لەدەستچوە، بەهۆی ململانێێ ئەوەی بە(جەلالی‌و مەلایی) لەسەر زاری خەڵک ناوزەدکراوە، ململانێى دەسەڵاتی خۆجێی ئەگەرچی هەموو بەها کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فەرهەنگیەکانی لەدەستداوەو لەم نێوەندەشدا قەزیەی کوردی بێبەها کردوە، تاساڵی 1970 بۆ 1974 کاتێ باڵی مەکتەب سیاسی واتە جەلالی گەڕایەوە ناو باوەشی پارتی‌و شاربه‌دەرکردنی هەموو بەرپرسەکانی‌و تیرۆرکردنی چەند کەسایەتیان، گەورەترین برینی کردە جەستەی هەموو بیروبڕواو تەبایی‌و یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد.

هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوو کە گەورەترین شۆڕشی کورد بەیەک قسەی مەلا مستەفای بارزان سەرلەبەری ڕما بەکەس نەگیرایەوە، ئیتر هەر هۆو بەهانەیەکی بۆ دادەتاشرێ‌و هەر ناوێکی لێ دەنرێت، ئاشبەتاڵ، نسکۆ، نەکسە، هەرەس، هیچ لەو مانایە ناگۆڕێت، کە گەورەترین بزافی ڕزگاریخوازی کورد لەو سەردەمەدا سەرلەبەری وێرانبوو. ئەوکات لەمیانەی گفتوگۆکانی نێوان پارتی وەک لایەنی کوردی‌و حکومەتی بەعس، حکومەتی بەعس پێشنیاز بۆ نوێنەرەکانی کورد دەکات لەبەغدا کە زەرورە یەکێک لەکوڕەکانی مه‌لا مستەفا بکرێت بەجێگری سەرۆک کۆمار کە ئەحمەد حەسەن بەکر بوو، داوادەکەن لەمەلا مستەفا یەکێک لەکوڕەکانی بنێری بۆ بەغدا کە ئەو پۆستەی پێبدرێت، نوێنەرەکانی پارتی ئەمە بەخاڵێکی زۆر گرنگ‌و چاک دەبینن‌و بەپەلە دەکەونە گفتوگۆ لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی کە ئەم هەلە بقۆزنەوەو ئەو پۆستە زۆر لەساڵحی کوردە، مەلا مستەفا بەهیچ جۆرێ ئەو پۆستە کە جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراقە بەو هەموو دەسەڵاتەوە بەهەند ناگرێ لەبەر چەند هۆیەک.

یەکەم: مەلا مستەفا هەمیشە وتویەتی من یان سەرۆک نابم یان ئەوەتا سەرۆکێکی حەقیقی دەبم بۆ ئەمەش ئامادەنیم یەک زەڕە دەسەڵاتی خۆم دابەشکەم لەگەڵ کەسدا.

دوەم: مەلا مستەفا هەمیشە گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا وەک کارتێکی سیاسی بەکارهێناوە بۆ قایمکردنی پشتیوانی شای ئێران، بۆیە هیچ هیوایەکی بەخۆ قایمکردن نەبوە لەبەغدا ویستویەتی تاسەر ئەو وەزعە لەنێوان نیمچە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمى لەکوردستان‌و نیمچە مفاوەزات بۆ مانەوە درێژە پێبدات.

ئێستا پاش 50 ساڵ لەو مێژوەو پاش ئەو هەموو کارەساتە خوێناوی‌و جەرگبڕو ئەنفال‌و  کیمیایی‌و پاش 30 ساڵ لەحوکمی خۆجێى حیزبی کوردی‌و پاش 25 ساڵ لەدوو ئیدارەیی‌و شەقکردن‌و سنوربەندکردنی هەردوو هەرێمی سلێمانی‌و گەرمیانی سەوزو هەولێرو بادینانی زەرد، پاش 118 ساڵ لەڕوخانی دەسەڵاتی بەعسی سه‌دامى، هەر ململانێى دەسەڵاتی حوکمی خۆجێى نێوان ئەم دوو بەرەیە درێژە بەلەناوبردنی هەموو فرسەتێکی زێڕینی کورد دەدات، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سه‌دام، مام جەلال‌و مەسعود بارزانی هەستان بەئیمزاکردنی ئیتفاقێک کە بەئیتفاقی ستراتیجی نێوان یەکێتی‌و پارتی ناوی دەرچوو، ئیتر لایەنی خراپی‌و باشی ئەو ئیتفاقە چۆنەو چییە ئەوە باسێکی ترە، یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی ئەو ئیتفاقە یەکلاکردنەوه‌ی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی بارزانی‌و پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بۆ یەکێتی‌و تاڵەبانی بوو، کاتێ مەسعود بارزانی بەڕەزامەندی یەکێتی کرا بەسەرۆکی هەرێم بەهەردوو ئیدارەوە لەقەڵاچوالان‌و لەشاری سلێمانی بۆ ماوە 13 ڕۆژ کۆڕو کۆبونەوەی ئەنجامداو ئیعلانی خۆی کرد وەک سەرۆکی هەرێم، واتە بەئیستحقاقی حیزبی‌و ئیتفاقی ستراتیجی نێوان پارتی‌و یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە بۆ کورد یەکلابۆتەوە دراوە بەیەکێتی، دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال‌و بەچڕوپڕیش دوای ئیتفاقیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی یەكلایەنە ئەو ئیتفاقه‌ى ئیلغاکردۆتەوەو بەنەوعێک مامەڵە دەکات کە خۆی بەئیستحقاقی هەڵبژاردن حیزب‌و دەسەڵاتی یەکەمەو دەبێ هەموو پۆستە سەرەکی‌و سیادیەکان چ لەهەولێر چ لەبەغدا بەدەست خۆیەوەبێت.

لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:
یەکەم: پارتی‌و بارزانی بەدرێژایی 50 ساڵی ڕابردوو هەر لەئیتفاقی یەکگرتنەوەی باڵی مەکتەب سیاسی تا ئیتفاقی ستراتیجی‌و ئیتفاقی نێوان گۆڕان‌و سەری ڕەش ئیحترامی ئیمزای خۆی نەگرتوەو لەکاتێکدا زانیویەتی بەجۆرێک زاڵە بەعس ئاسا هێرشی پێچەوانەی کردۆتەسەر لایەنی بەرامبەرو شاربەدەری کردون هەروەک لەداخستنی پەرلەمان‌و دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان‌و وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەئاشکرا بینرا.

دوەم: ئەگەر پارتی‌و بارزانی ڕاستدەکەن ئەوان بەئیستحقاقی هەڵبژاردن حیزبی یەکەمن‌و  دەبێ دەسەڵاتداری کوردستان بن‌و حکومەت لەوان بێت، گەلۆ سنوری دێگەڵە بۆچی لەلایەن پارتیەوە تائێستا هەرماوەو توند دەکرێ‌و ئامادەنین ئەو سنورە نەگریسەی کوردی دوو لەتکردوە نەمێنێت.

سێیەم: پارتی سەردەمی بارزانی باوک لەسەرەتای ساڵانی حەفتاکان تا ئاشبەتاڵ یەک زەڕە هیواو ئومێدی بەبەغدا نەبوو پشتی دابوو بەشای ئێرانەوەو سەرئەنجام شاو ڕژێمی سه‌دام ڕێکەوتن‌و کوردیش پشتی شکاو بارزانی ڕۆی بۆ مەنفاو میلەتی لەوپەڕی نەهامەتیدا جێهێشت، هەروەک لەسەر زاری دکتۆر مه‌حمود عوسمان ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و بەرپرسی وەفدی مفاوەزاتی ئەوکات وتی: (جەماعەتێکی هیچ بوین‌و لەکاتی نەهامەتیدا ڕامان کردو پشتی میلەتی خۆمان بەردا، ئەگینا هێزمان هەبوو پارەمان هەبوو چەکدارمان هەبوو زەوی‌و ئەرزێکی زۆرمان لەدەستابوو خۆ کوردستان کونە مشک نەبوو)، ئەمە دەرخەری ئەوەیە بارزانی لەلایەک بۆ ئەوەی یان دەسەڵات لەدەست خۆیدابێت یان دەیڕوخێنێت نەبادا باڵی بەحساب جەلالی دەسەڵات بگرنە دەست، هەر بەمشێوەیە مەسعود بارزانیش پشتیداوە بەجاران ئێران‌و ئێستاش تورکیا کە بەئاشکرا کوردستان بوە بەسەربازگەی تورک‌و هێزەکانی قەندیل‌و پەکەکە کراوە بەبەهانەو وەک کارتێک دژی بەغدا خواستەکانی خۆی دەسەپێنێت.

چوارەم: پارتی‌و بارزانی لەکاتێکدا گەڕی لەپۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئاڵاندوە ئەمەش لەمکاتەدا لەبەر چەند هۆکارێكە، لەلایەك دەنگۆی ناردنەوەی هۆشیار زێباری بۆ بەغدا، بەهەرچی سەفقەو تەوافقێکی ژێر بەژرو نرخێکە چ لەگەڵ یەکێتی ڕاستر بافڵ‌و قوباد، چ لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا کە هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی کە ساڵی 2016 کاتێ وەزیری دارایی بوو، بەهۆی تەراکومکردنی چەندین مەلەفی گەندەڵی لەپەرلەمانی عێراق لەپۆستی وەزاری دەرکرا، ئەمەش بۆ عەقڵیەتی خێڵ‌و پارتی‌و بارزانی لەکەیەکی عارەو دەیانەوێ بەدوبارە ناردنەوەی هۆشیار زێباری وەک سەرۆک کۆمار واتە ئەو عەیب‌و عارە بسڕنەوە.

لەلایەكی تریشەوە لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێستا بۆ یەكەمجار بوو لەماوەی 30 ساڵی ڕابردودا پارتی لەبەردەم یەكێتی لەهەڵبژاردن شكستبهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە. پارتی ئەزانێت  پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هەرچەندە خۆیان بەپۆستێكی تەشریفاتی وسفیان دەكرد، بەڵام دوای جوڵەكانی دكتۆر بەرهەم زیاتر چاوی خرایەسەر، چونكە بەبەندی دەستوری نوێى عێراقی فیدراڵ بەیەکێک لەدەسەڵاتە سیادیەکانی بەغدادە واتە سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار، خۆگەر لەم هەنگاوەی سەربگرێت ئەوا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بەتەواوەتی لەبەغداوە تا هەولێر یەکێتی لەدەسەڵات بسڕێتەوە، خۆ گەر بەیەك هەنگاویش ئەوەی بۆ نەكرا ئەوا پێداگری بكات لەسەر دانانی كەسایەتیەكی پرۆ پارتی، با لێرەوە زۆر درێژەی پێنەدەین، پارتی زۆر زۆر بۆ مەرامی دەسەڵاتی خۆی سودی لەململانێی نێوان نەوشیروان مستەوفاو مام جەلال بینی، کاتێ مام جەلال بەدەنگی خۆی‌و یەکێتی مەسعود بارزانی کرد بەدەسەڵاتی یەکەمی هەرێم‌و کاتێ نەوشیروان مستەفاش بەئیتفاق لەژورێکی داخراو، هێندەی تر دەسەڵاتی بارزانی قایم کرد، سەرئەنجام چ بزوتنەوەی گۆڕان ئەو شکستە سیاسیەی دوریەوەو یەکێتیش ئەم بێهێزیە، لێرەدا ئیشارەت بەئینشقاقی نێوان لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی بدەین، لەسەر هەرچیەک بێ، ئەوەش باسێکی تری لەسەر دەنوسین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی