سەر زەمینی عیراق، لەدوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی
ساسانی، هەرگیز هی خەڵکی عیراق نەبووە، خەڵکەکەی هەمیشە کوشتوبڕو تاڵانکراون.
بەهۆی نەبوونی کەسی کارێزماو دەوڵەتمەدار،
بۆ ئیدارەدانی وڵات و ململانێ سیاسی و سەربازیەکان، هەمیشە لەدەرەوەی سنورەکەی چارەنوسی
خەڵکەکەی دیاریکراوە.
لە دوای کۆتایهاتنی دەسەڵاتی ڕەشی داگیرکەری
عوسمانی ، داگیرکەری بەریتانیا لەساڵی 1921 باشترین دەوڵەتی ڕاقی و دەستوری بۆ عیراقیەکان
دروستکرد ، لەساڵی 1932 شدا سەربەخۆیی تەواوی دا بەحکومەتی شانشینی عیراق.
عەقڵیەتی سیاسیە نیشتمانپەروەر و گوێ لەمستەکانی ئەوکاتەی عیراق، کە خۆی لەهەردوو
بەرەی (حزب العهد) بەسەرۆکایەتی شەهید نوری سەعید و (حزب الوطني و حزب الٲخا) کە سەرسام
و لایەنگیری کلتوری تورکەکان بوون، بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئەبو تمن و ڕەشید عالی گەیلانی
و حەمدی پاچەچی ، لەگەڵ سیاسیە گوێ لەمستەکانی ئەم سەردەمەی ئێستا، کە هەشتاو نۆ ساڵی
بەسەردا تێپەڕیووە، تۆزقاڵێك نەگۆڕاوەو وەکو خۆیەتی.
نیشتمانپەروەرو دەوڵەتمەدارێکی وەکو شەهید
نوری سەعید لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی بەریتانیا و بەهێزکردنی ڕێککەوتنامە ستراتیژیەکانی نێوان عیراق و بەریتانیا بوو، بۆ ئەوەی
وڵاتەکەی نەکەوێتە ژێر هەژموونی پیلانگێڕیەکانی ئەوکاتی ئێران و تورکیا.
ئێستاش ئەو دەنگە نیشتمانپەروەرانەی لەگەڵ
مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان ، بۆ دوورخستنەوەی هەژموونی شەڕانگێزانەی وڵاتانی ئیقلیم،
بەداخەوە، کزو بێ دەسەڵاتن.
ڕاپەڕینەکەی بەر دەرکی سەرای سلێمانی ساڵی
1930 کە 13 هاوڵاتی تیایدا شەهید بوون لەسەر دەستی پۆلیسە شۆڤینیەکانی عەرەب، بەگوێرەی
بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە، ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەویێ ڕۆژێش، دەستی دەوڵەتی تورکیای لەپشت
بووە، بەمەبەستی لەگۆڕنانی داوا ڕەواکانی نەتەوەی کورد ، لەم سەردەمەدا.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقیشدا، دەزگا
سیخوڕیەکانی تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئیمارات و تەنانەت محمد دەحلانی دەسەڵاتی فەلەستینیش،
هەزاران پرۆسەی تەقینەوەیان لەعیراق ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی عیراق وەك دەوڵەتێکی گرنگی
ناوچەکە، نەگەڕێتەوە سەر ڕێگە ڕاستەکەی خۆی.
ئێستا لەم سەردەمەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاشدا،
گوێ لەمست و بەکرێگیراوەکان ، سنوری وابەستەیی خۆیان لەدژی گەلانی عیراق، بۆ ئێران
و تورکیا تێپەڕاندووەو گەیشتوونەتە بەر دەرگەی شێخە سول لەپێیەکانی کەنداو، جگە لەکاری
تێکدەرانەش، یاری بەدەنگی عیراقیەکانیشەوە دەکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی