سەردەمی مینی حیزب

17/11/2021

مەجید ساڵح

لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوەوە قسە لەسەر کۆتایی ئایدۆلۆژیا یان ڕاستتر بڵێین مەرگی ئایدۆلۆژیا دەکرا، ئەو دەم ئایدۆلۆژیای مارکسیزم لەهەڕەتی دەسەڵاتدا بوو، بۆ هەموو دنیا پەلی دەهاویشت‌و زۆرکەس ئەو تێزەیان بەگاڵتەوە وەردەگرت، لەسەرەتای نەوەدەکاندا دوای هەرەسی بلۆکی ڕۆژهەڵات‌و ڕوخان‌و گۆڕانی ڕژێمە مارکسی لینینیەکان، نیولیبراڵەکان کۆتایی مێژوو و سەرکەوتنی خۆیانیان ڕاگەیاند، بەڵام لەجیهانی ئیسلامدا مەسەلەکە بەجۆرێکی دیکە سەیرکرا، ئیسلامی سیاسی وەک بەدیل خۆی خستەڕوو.. زۆری نەخایاند شکستی ئەردۆغان‌و حزبەکەی‌و ئەزموونی حیزبە ئیسلامیەکان لەدوای بەهاری عەرەبی، ئەو ڕاستیەییان دەرخست ئەوانیش جگە لەدروشم‌و بەڵێین هیچیان لەباردا نییەو چونەوە قاوغەکەی خۆیان...

ئێستا سەردەم سەردەمی سۆسیال میدیاو تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکانە، جیهان بەقەد چاوە چۆلەکەیەک بچوک بوەتەوە، بەهەمانشێوە ئایدۆلۆژیا تەقلیدی‌و حیزبە سیاسیە گەورەکانی دوێنی ئەوەندە لق‌و پۆپیان لێ جیابوەتەوە کەس ناتوانێ‌و نازانێ لێکیان جیابکاتەوە، هەر بۆ نمونە حیزبی عەدالەت‌و تەنمیەی ئەردۆغان چەندین باڵی لێبوەتەوە بەجۆرێک هەر ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر حزبێکی تایبەت بەخۆی هەیە... ئەمە بۆ حیزبەکانی ئەمریکاو ئۆرۆپاش ڕاستەو لێرەدا بوارنییە هەمویان باس بکەین...

لەکوردستانیش، یەکێتی‌و گۆڕان دوای کۆچی دوایی مام جەلال‌و کاک نەوشیروان وا پچرپچڕو بەش بەش دەبن‌و چەندین مینی حزبیان لەناودا دروستبوەو ئاویان بەجۆگەیەکدا ناچیت، گیانی دوو بەرەکی‌و ناکۆکی لەناو پارتیشدا قوڵپ دەداو بەلاچونی سەرقاپەکە زۆر مینی حزب لەوێش دروستدەبێ.. یەکگرتوو کۆمەڵی دادگەرییش دەمێکە بەو دەردەوە دەناڵێنن....

جاران لینین دەیوت ڕۆژنامەیەکم بەرێ حزبێکی گەورەت دەدەمێ، لەڕاستیشدا وایکرد، لەماوەیەکی کورتدا حزبەکەی لینین بوو بەگەورەترین حزب، ئەمە حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگرەو ناکرێ لەئاستیدا چاو بنوقێنرێت، ژیان لەسەردەمی دیجیتاڵدا ناتوانرێت وەک جاران بەردەوامبێت... تەکنەلۆژیای نوێی پەیوەندیکردن وایکردوە هەر فەردێک ڕۆژنامەو کەناڵی خۆی هەبێت‌و چیتر پێویستی بەچاپخانەو دەزگای میدیایی گەورەو بودجەی زەبەلاح  نییە، خۆی بەتەنها لەڕێگەی (پەیج)ەکەیەوە سەرکردایەتی‌و بنکردایەتی مینی حیزبەکەی خۆیەتی‌و هەر زۆر زۆر پێویستی کرد یەک دوو گروپ چات دروستدەکات‌و دەبیتە ساحێبی لیست‌و حزبی تایبەت بەخۆی...

ئێستا ئێمە مەرگی ئایدۆلۆژیا گەورەکانمان تێپەڕاندوە، حیزبە پێشڕەوەکانیش چونەتە خانەی لەبیرکردن، ئیتر سەردەم سەردەمی مینی سەرکردەو مینی حیزبە، ئەفسانەی مۆدێلی حیزبی تەقلیدی‌و سەرکردەی گەورە کۆتاییانهات...

دەکرێ بڵێین تەکنەلۆژیا وایکردوە سەردەمەکە سەرکردەو حیزبی خۆی هەبێت کە پێوەرەکانی پێچەوانەی جارانە...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی