ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان دوای دوو سێ ڕۆژ؟
سەبارەت بەو مەسەلانەی پەیوەندییان بە ڕێوشوێنو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەوە هەیە، هیچ بەڵگەیەکی ڕەها بەدەستەوە نیە، کە پێغەمبەری موسڵمانان بەبایەخەوە بیری لەوەکردبێتەوە، ئەگەر مرد چی بۆ ڕێکخستنو بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسیی موسڵمانان چ بکرێت. دیارە شیعەکان ئەم بۆچوونە ڕەتدەکەنەوەو ئەوان پێیانوایە کە پێغەمبەری موسڵمانان پێشئەوەی بمرێت، ئیمامی عەلی وەک جێنشینی خۆی هەڵبژاردوە. سادەگۆیی نیە ئەگەر بڵێین پڕۆسەی بەسیاسییکردنی ئیسلامو ململانێ سیاسییەکان لەناو موسڵمانان لەگەڵ مردنی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکرد.
جێگای سەرسوڕمانە کە حەسەن بەننا (دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانی موسلمین) و یوسف قەرەزاوی باس لەوەدەکەن، کە ئەسحابەکانی پێغەمبەر، دەستنیشانکردنی خەلیفەیان لە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان پێ گرنگتر بوو، بۆیە هەر دووکیان دەڵێن موسڵمانان "تا خەلیفەیان دیارینەکرد پێغەمبەرەکەیان نەناشت. قەبوڵکردنی ئەو گۆتانەی حەسەن بەنناو قەرەزاوی بۆ هەر کەسێک کە تۆزێک شارەزای دابونەریتی ناشتنی تەرمی مردوو لەلای موسڵمانان بێت، ئەستەمە. بەپێی نەریتی ئەوساو ئێستای موسڵمانان، کە پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی ڕۆڵی سەرەکی لە پێشنیازکردنی هەبووە، لاشەی مردو، دەبێت بە زووترین کات بنێژرێ. لە یەکێک لەو فەرمودانەی کە بوخاریو موسلم بە دروستیان داناوە، پێغەمبەری موسڵمانان دەفەرموێت "أسرعوا بالجنازة، فإن تکن صالحة فخیر تقدمونها، وإن یکن سوی ذلک، فشر تضعونە عن رقابکم"، واتە "پەلەبکەن لە ناشتنی مردوەکانتان ئەگەر کەسانی باش بن، ئەوا باشترە زوو بەگۆڕیان بسپێرن، ئەگەریش خراپەکاربن، ئەوا شەڕێکەو لە کۆڵتان دەبێتەوە."
پرسیار ئەوەیە، داخۆ دەکرێت حەسەن بەنناو قەرەزاوی ئاگاداری ئەم فەرموودەیە نەبن، خۆ ئەگەر حەسەن بەننا مەلاو عالیمی دینیی نەبێت، ئەوا قەرەزاوی نەک هەر مەلایە، بەڵکو بە یەکێک لە شارەزاترین کەسانی بواری قورئانو سوننەت هەژمار دەکرێت. ئەی ئەگەر وایە چۆنو بۆچی ئیسلامییەکان دەیانەوێت پرسی ناشتنی لاشەی پێغەمبەری موسڵمانان بێبایەختر بکەن لە پرسی دانانی جێنیشینێکو فەرمودەی پێغەمبەری موسڵمانان لەم نێوەدا پشتگوێبخەن.
ڕاست پێچەوانەی تێگەیشتنو قسەکانی قەرەزاویو حەسەن بەننا، بەگوێرەی ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەری موسڵمانان کە ئاماژەیپێکرا، دانانی تەرمی مردو و هێشتنەوەی پەسند نیە، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاوەکو خەم و پەژارە زاڵ نەبێت بەسەر هۆشو عەقڵو ڕەفتاری خاوەنتازیەدا. لۆجیک لەمەدا ئەوەیە کە هەتا زووتر لاشەی مردوو بشاردرێتەوە کەسوکاری مردوەکە خێراتر دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە. هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان شەو و ڕۆژێکی پێچوەو هەندێکی دیکە بە دوو شەو و دوو ڕۆژی دەزانن. ئەگەر ناشتنی تەرمی مردو بەپێی سوننەتی پێغەمبەری موسڵمانانو نەریتی موسڵمانان وابخوازێت بەزووترین کات بنێژرێت، ئەی بۆچی تەرمی خۆشەویسترین کەس لەلای موسڵمانان ئاوا دواخرا؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێت بگوترێت، پێش مردنی پێغەمبەری موسڵمانان کۆمەڵگەی موسڵمانان گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆوە دیبوو، چ وەک ژمارە چ وەک قەڵەمڕەویی، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی نیمچەدوورگەی عارەبی ببوونە موسڵمان. پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی لە بنەماڵەی هاشمی لە خێڵی قوڕەیش بوو، کە یەکێک لە بەهێزترینو گەورەترین خێڵەکانی مەککە بوو. کە دەشڵێین زۆربەی خێڵو تیرە عارەبیەکان ببوونە موسڵمان، ئەوە وادەگەیەنێت کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی قوڕەیشیان قبوڵکردبوو، چونکە پاش گرتنی مەککە خێڵو تیرە عارەبیەکان ترسیان لە گەورەیی دەسەڵاتی موسڵمانانو قوڕەیش لێنیشتبوو و هەڵپەی هاتنە ژێرباری ئیسلامیان دەکرد. ئەوە بۆ قوڕەیشیەکان لە مێژوویاندا بارودۆخێکی تازەو بێوێنە بوو. بۆیە پاراستنی ئەو ڕەوشە هەنوکەییە (الوضع الراهن) بۆ قوڕەیشو پیاوماقوڵانیان گرنگیەکی تایبەتی هەبوو. ئەوان دەیانزانی ڕاگرتنی ئەو بارە تەنیا بەهەڵبژاردنی یەکێک لەناوخۆیان وەک خەلیفەی پێغەمبەرەکەیان دەکرێت بەردەوامیی پێبدرێت. بۆیە کاتێک دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان بە چەند ساتێک مقۆمقۆی ئەوە بڵاوبۆوە، کە ئەنسارەکان خەریکی دانانی کەسێکن بە خەلیفە، پیاوە ناودارەکانی قوڕەیش بەهەڵەداوان کەوتنەخۆو هاواریان گەیاندە ئەبوبەکرو عومەری کوڕی خەتابو پرسی چۆنو کێ بە خەلیفەی پێغەمبەری موسڵمانان دابنرێت، باڵی بەسەر هەموو شتێکی ئەوسای مەدینەدا کێشا، بە ناشتنی تەرمی پێغەمبەرەکەشیانەوە.
پڕۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفە کێشمەکێشێکی وای لێکەوتەوە، کە بە تێپەڕبوونی زەمەن بووە مایەی دابەشبوونی موسڵمانان بەسەر شیعەو سوننەدا. سوننەکان ئەوانەن کە دانانی ئەبوبەکر وەک یەکەم خەلیفەی موسڵمانان قەبوڵدەکەنو پڕۆسەکە بە ڕەوادەزانن، هەرچی شیعەکانن ئەوانەن ئەوە ڕەتدەکەنەوەو پێیانوایە کە پێغەمبەری موسڵمانان پێش مردنی خۆی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبی وەک جێنشین دیاریکردوە، ، کەچی ئەسحابەکان ئەو وەسیەتەی ئەویان بەجێنەگەیاند. ئەوە بێجگە لەوەی یەکەم کێشمەکێش لەسەر خەلیفە لەنێوان قوڕەیشیو ئەنسارەکان بوو، نەک بنەماڵەکانی ناو قوڕەیش. بۆیە دەکرێت بگوترێت، کە پڕۆسەی دانانی خەلیفە ئەوەندە سوکوسانا نەبوو وەک ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو گرفتی هێندە ئاڵۆزی لێکەوتەوە کە هەر لەوکاتەوە موسڵمانانی لەسەر خەتی مەزهەبی، ئایدیۆلۆجیو سیاسیی بەشبەشکرد، کە ئاسەوارەکانی تائێستا بەردەوامن.
بەتێڕامان لەو ڕووداوە مێژوویانەی لە ئانوساتی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان، بەتایبەتی ئەوانەی لە مەدینە هاتنەپێش، ئەوە دەردەکەوێت، دواخستنەکە پەیوەندی بە چەند هۆیەکەوە هەبووە. یەکەم، لاوازیی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلام، قورئانو سوننەت، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی حوکمکردنو بەڕێوەبردنو دیاریکردنی جێنشین. نە قورئانو نە سوننەت دوور یان نزیک باس لە پڕۆسەی حوکمکردن ناکەن، مەبەست ئەوەی لەوکاتەوە بە خەلافەت ناوی دەرکرد. لەوانەیە هۆی سەرەکیی ئەوەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە قورئان لە کۆمەڵگەیەکی بێ دەوڵەت "دابەزیوە"و حوکمکردنی فەرمی لەناو کۆمەڵگە خێڵەکییەکەی ئەوکاتی عارەبان باوی نەبووەو پراکتیزە نەکراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان بە گۆتەی شیعەکان لە حەجی ماڵئاوایی فەرمویەتی "من کنت مولاە فهذا علی مولاە"، واتە "ئەو کەسەی من مەولای بووم، ئەوە عەلی مەولایەتی"، چونکە ئەوە تەنیا شیعەکانن کە ئەم فەرموودەیە لە چوارچێوەی دەستنیشانکردنی خەلیفە لێکدەدەنەوە، سوننەکان ئاوای نابینن. بەکورتی، شیعەکان ئەو "فەرمودەیە" بەوە لێکدەدەنەوە، کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبی وەک خەلیفەی خۆی دیاریکردوە. لەبەرابەردا سوننەکان بۆ پاڵپشتی لە دانانی ئەبوبەکر ئەو ڕووداوە بە نمونە دێننەوە، کە جارێک پێغەمبەری موسڵمانان زۆر نەخۆش دەبێتو ناتوانێت پێشنوێژی موسڵمانان بکات، بۆیە ئەبوبەکر دەنێرێت بۆ پێشنوێژیکردن. ئەوەی یەکەم لەلایەن سوننەکان ڕەتکراوەتەوەو ئەوەی دووەمیش تەنانەت سوننەکان بەخۆشیان وەک بەڵگەیەکی ڕەها بۆ دانانی خەلیفە وەریاننەگرتوە، بەڵکو تەنها بۆ بەهێزکردنی کەیسی ئەبوبەکر بۆ خەلافەت پشتیپێدەبەستن. ئیبن خەلدون لەوباوەڕەدایە پێغەمبەری موسڵمانان قەت باسی لەوە نەکردوە، کێ جێگەی دەگرێتەوە، چونکە پێیوابوو کە ئەوە شتێکی"بێنرخو ئیمتیازێکی بێباوەڕانە."
هۆکاری دووەمیش سەرقاڵبوونی موسڵمانان بوو بە کێشمەکێشی نێوان موهاجیرەکان بە سەرکردایەتی ئەبوبەکری سدیقو عومەری کوڕی خەتاب لەلایەکو ئەنسارەکان بە سەرکردایەتی سەعدی کوڕی ئەبی عوبەیدە لەلایەکەی دی. هاوکات کێشەی بنەماڵەی بەنی هاشم بە سەرکردایەتی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب لەلایەکو بنەماڵەکانی دیکەی خێڵی قوڕەیش، دیسانەوە بە سەرکردایەتی ئەبوبەکرو عومەر لەسەر دیاریکردنی خەلیفە، لەلاکەی دیکە بوو. هەراوهۆریا بە دانانی سەعدی کوڕی ئەبی عوبەیدە وەک جێنشینی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکردو بە بەرەنگاربوونەوەی قوڕەیشیەکان گەیشتە ترۆپک. لایەنە سەرەکییەکان لە سەقیفەی بەنی ساعیدە، کە وەک هۆڵێکی گەورەی کۆبوونەوە وابوو، کۆبوونەوەو دەستەویەخەی یەکدی بوو. ئەم کێشەیە دواتر لە مێژووی موسڵمانان بە کێشەی سەقیفە ناوی دەرکرد.
بەگوێرەی گێڕانەوەکەی تەبەری (الطبري) لە تاریخ الطبري (مێژووی تەبەری)، کار گەیشتە ئەوەی هاواری "ئەمیرێک لە ئێمەو ئەمیرێکیش لە ئێوە" بەرزبێتەوە. گفتوگۆکانی ناو سەقیفە لەسەر خەلیفە ململانێی ناوەڕۆک دینیی نەبوون، بەڵکو ناوەڕۆکی سیاسیان هەبوو. مەبەست لەو ڕاکێش ڕاکێشەش وەرگرتنی دەسەڵاتو زاڵبوونی سیاسییانە بوو. ئەوە بوو لەجیاتی خەمی دینی، گەیشتن بە دەسەڵات بوو بە تەوەری سەرەکیی ململانێکان.
بەگشتی باس لەوەدەکرێت کە پێغەمبەری موسڵمانان کەسێکی تەگبیرکەرو لێهاتو و شارەزا بووبێت، کە پێدەچێت وابووبێت، کەچی پرسیار ئەوەیە ئەدی بۆچی ئەو کەسە شارەزایە درکی ئەوەی نەکرد، کە تەگبیرو ڕێوشوێنێک لە دوای مردنی خۆی بۆ پرسی جێنشین پێشنیاز بکات. دیارە ئیسلامییەکان پێیانوایە پێغەمبەری موسڵمانان ئەو ئەرکەی بۆ موسڵمانان جێهێشت، بەڵام ئەوە بەمەزەندەی من زۆر لە ڕاستیی دوورە. هۆی سەرەکی ئەم ئاماژەپێنەکردنە ئەوەیە کە لە سەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان شتێک نەبوو بە ناوی دەوڵەتو پڕۆسەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەچەسپیبوو. کۆمەڵگە عارەبیەکانی نیمچەدوورگەی عارەبی پێش ئیسلام، بە کۆمەڵگە تازە دروستبووەکەی موسڵمانانیشەوە، دوای هاتنی ئیسلامیش لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی بەڕێوەدەچوون، بەها ئیسلامییە نوێکانو خێڵەکییە کۆنەکان گرێبەستی کۆمەڵگەکە بوون، نەک یاساو ڕێسا.
بۆ سەرچاوەکانو زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە تەماشای کتێبی بەسیاسییکردنی ئیسلام (بە کوردی) یان الاسلام والسیاسة والدین (بە عەرەبی بکە).
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی