گەر شتێک بە ناوی کوردستان نیە… ئەی ئێمە چین؟

21/11/2021

ئاری محەمەد هەرسین


نیشتیمان لانکەیەکی هەمیشەیی خواکردە و، کۆمەڵگایەک کۆدەکاتەوە. لە ئێستادا هیچ کۆمەڵگەیەک نەماوە پێی بگوترێ نیشتیمانی یەک نەتەوە (جگە لە هەندێک لە دوورگە دووردەستەکانی دەریای ئارام یان دەریاکانیتر). مەسافەی میللەتان، ئیتر لەئاستی تاک دا سەیری بکەیت یان کۆمەڵ، کەم و کەمتر دەبێتەوە.سڕینەوەی نیشتیمان، سڕینەوەی کۆمەڵگەیە و، سڕینەوەی ئینسانە. بۆیە نابێت کەس هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کۆمەڵگاکان بدات کە نیشتیمانیانە… 

نزیکەی سی ساڵ دەبێت کە ووردە ووردە هەواڵی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکاران بڵاودەبێتەوە. هەمو جارێکیش بارو دۆخەکە تێک دەچوەوە. ئیتر جارێک دە مارگیری یان لێدوانێکی توندلە لایەن دیپلۆماتێکی تورک، جارێکیش سەرکێشی ناعەقڵانیەکانی پارتی کرێکاران. لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە ئینسان هەستی دەکرد گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەی (ناسیونالیستی بەر تەسک و تەنگەبەر) ی دەسەڵاتدارانی تورکیا هاتوە. کێشەی سەرەکی هەندێک لە برادەرانی ئەنقەرە ئەوە بوە کە لەبری ئەوەی نیشتیمانیانە بیر بکەنەوە، لەبری ئەوە نەتەوەیی بیر دەکەنەوە. بۆیە: (دەوڵەتی تورک) نا، بەڵکو دەوڵەتی (تورکیا). وەک چۆن بە ئێران ناڵێن دەوڵەتی فارس، بەڵکو دەڵێن دەوڵەتی ئێران. دەوڵەتەکان، لە ڕێگای نوسینەوەی دە ستور و قانونەکانیانەوە، جگە لە دیاریکردنی ئەرکەکان، مافەسەرەتاییەکانی هاوڵاتی بوونیشی بۆ ئینسان دابین دەکەن. سیاسەتمەداری تورک دەبێت وەک سیاسەتمەداری تورکیا بیر بکاتەوە، نەک وەک سیاسەتمەداری تورک. ئەگەر تورکیا نیشتیمانە؟… کەواتە نابێت پیرۆزیەکانی هاوڵاتیانی تورکیا پێشێل بکرێت. ماڵی دەیان ملیۆن کورد و نەتەوەکانیتر لە لەناو ئەو قەوارە سیاسیەیە کە پێی دەڵێن دەوڵەتی تورکیا. کەچی سیاسەتمەدارێکی تورک تازە بە تازەیی پێمان دەڵێت کە: من کوردستانم لە مێشکی خۆم سڕیوەتەوە…! لەکاتێکا کورد لە نیشتیمانی خۆی دەژی لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیا. 

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (هەر وەک زۆربەی کات وابوە) بە تونێلێکی فەوزەوی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. بەرژەوەندیەکان دوور و نزیک لەیەک دەکەونەوە. سیاسەتی دەمارگیری و، نەهاتنە خوارەوە لە کەلی شەیتان، ناهێڵێت کەناڵە دیپلۆماسیەکان ئیشی خۆیان بکەن. میدیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زادەی ئەو ژینگە سیاسی، ئابوری، سەربازی و کۆمەڵایەتیەی ئێرەیە. پاراستنی سەربەخۆیی لەو جۆرە ژینگانەدا کارێکی ئاسان نیە. بۆیە ئینسان هەست دەکات میدیای ئەم ناوچەیە لە جیهان، سروشتی ژینگەکەی خۆی وەرگرتبێت. ئەگەر سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەبدەئە، ئەوا ئەو سەقامگیریە بە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی خاکی پیرۆزی کوردستان دەستەبەر نابێت و بگرە ناوچەکە ئەوەندەی تر تێک دەچێت. لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق لەبەر ئەوەی لێک تێگەیشتن لە نێوان نوێنەرانی کوردستان و عەرەب (شیعەو سوننە) دروست بو (لە دوای ڕوخانی ڕژێم)، شمال العراق بو بە اقلیم کردستان، یانیش هەر کردستان. 

قەدەر شتێکی سەیرە… جاری وا هەیە لە ڕێی کارەساتێکەوە، چارەنوسێکی ڕونەوە یان پیلانێکی دوژمنکارانە، قەدەرت بە قەدەری خەڵکیترەوە گرێ دەدرێت بە بێ ئەوەی خۆت بتەوێت. لە پاش دابەشکردنی کوردستانەوە ئێمە هەمیشە گوتومانە کوردستان موڵکی ئێمەیە (مەبەستم کوردستانیان)، بە تۆپ و هێرشی دڕندانەی فڕۆکەی جەنگی و لەشکرکێشی دڕندانە وەڵامیان داوینە تەوە. دواتر پێمان گوتن: باشە هەرچەندە نیشتیمانەکە هی ئێمەیە، بەڵام قەیدی ناکات با بە شەراکەت ئەم وڵاتە بەرین بەڕێوە لە سەنگەری لەیەکتر گرتن و کوشتن و بێینە دەرێ و بچینە سەنگەری پێکەوە ژیان… کەچی هەندێکجار لەوە دەچێت خەڵکانێک هەبن بەوەش ڕازی نەبن. ئێمە گفتوگۆی دیپلۆماسی بە تاکە پرۆسێسێکی هەمیشەیی دەزانین بۆ چارە سەرکردنی کێشەکان. کوردستانیش نیشتیمانمانە… ئێمە لە پێناو ئەم خاکە پیرۆزەدا دەژین… دە مرین… چونکە بەبێ کوردستان، ئێمە هیچ نین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە