لەبرى دروشمى قەومى، ئابوورى قەومى بەهێزبکەن

22/11/2021

وریا حسین

ئێمەى کورد پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، تورکیا موسڵ بەبەشێک لە نەخشەى دەوڵەتى عوسمانى کۆن دەدەنێت تائێستا ساڵانە ١ لیرە وەکو بوودجەى ڕەمزى لەبوودجەى گشتى تورکیا بۆ موسڵ تەرخان دەکات، کەرکوک و هەولێر و دهۆک و بەشێک لەسلێمانى لەلاى تورکەکان بەشێکن لەخاکى دەوڵەتى عوسمانى لە نەخشەى "میساقى میللى" دا هەن، ئێرانیش هەروەها هەولێر و سلێمانى دهۆک بە بەشێک لەئەمنیەت و ئابووری خۆیان دادەنێت، بۆیە ڕاهاتن لەگەڵ ئەم واقعە یان ڕووبەڕووبونەوەى عەواقیبەکانى بەڕوونى دیارن، کاتێک کورد ڕووبەڕوى ئەم واقعە دەبێتەوە ئازارى دەدەن دەیان ساڵ دەیبەنە دواوە، کاتێکیش تەسلیمى واقعەکە دەبێت دەبێتە بەشێک لە ئەجێنداى ئەوان.

نەوەڵامدانەوەى خلوسى ئەکار هێندە پاڵەوانانەیە، نە خۆڕادەستکردنیشى هێندە مەردانەیە کە کورد ٤٠ کلیۆمەتر دووجا چوارگۆشەى ڕادەستکردووە، دارەکانى دەبڕێت و کەمپى سەربازى و قەرەوڵى ئیستخباراتى تێدا دروست دەکات.

هیچ ڕاستیەک لەوە ڕوونترنیە، ئاسایش و ئابوورى ئێمە لەگەرووى تورکیا و ئێراندایە، هەرکات بیانەوێت ئاسایش و ئابوورى ئێمە تێکدەدەن، هەربۆنمونە: "گرتنەوەى بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان، بۆ ١٠ ڕۆژ حکومەت تووشى قەیرانى گەورەى دەکات، ببێت بە یەک مانگ ئیفلیجى دەکات زیاتر بێت حکومەت دەڕووخێت"، هەروەها ئێران و تورکیا وەکو دواى ڕیفراندم مەرزەکان دابخەن کوردستان دەبێتە هەژارخانە و دەخنکێت، ئەمە سەربارى کارتى ئاو، ئاسایشى سنورەکان.

پرسیارێکى گرنگ هەیە کە زۆربەمان لەخۆمانى دەکەین، ئایا جیهان ستەمى لەئێمە کردووە ئێمەى نەکردووە بەدەوڵەت؟
من بەشبە حاڵى خۆم، بڕوام وایە، کورد نە توانیویەتى پێناسەى خۆى بکات وەکو میللەتێک نە خەون ئەوەى هەبووە کە جیهانێى تایبەت بەخۆى دروست بکات، بەڵکو جیهان بینى کورد لە مەسەلەى خێڵ و گروپ کۆتایى پێهاتووە، واتە کاتێک هەستێکى کوردانە هەبووبێت لەناو خێڵێکى خاوەن نفوزدا، ویستویەتى قەزیەى نەتەوەیى و کوردى بەسودى خۆى بشکێنێتەوە، واتە هەمیشە خەونى کیان و دەوڵەت قوربانى شتى کەسى بووە، هەرچى سەبارەى بەکوردستانى باشوریشە، کاتى خۆى ئینگلیز ڕەحمى بەئێمە کردووە دەوڵەتى بۆ دروست نەکردووین، چونکە جوگرافیاى ئێمە وەکو چوار دیوارێکى ئاسن وایە، بەڕووى جیهانى بازرگانى بەتەواوى داخراوە، واتە مادام سنورى ئاویمان نیە لەگەڵ جیهان تواناى هەناردە و هاوردەشمان نیە، بۆیە جیهان ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێکى داخراودا بکات، خۆ ئەگەر ئیسرائیلیش سنورى ئاوى نەبوایە وەکو ئێمە، ئێستا لەبنپێى "حەماس و فەتحدا" پلیش بووبوویەوە، نە ئەمریکا و نە ئەوروپا تواناى ئەوەیان نەبوو هیچ کۆمەکێکى بکەن.
هەموو بابەتەکەم، لەم چەند دیڕدا کۆدەکەمەوە، دەمەوێت بڵێم: هەلى دەوڵەتبوونى کورد پەیوەستە بەگەیشتى بە سەر کەنارى دەریا لەسنورى ڕۆژئاواى کوردستان- سوریا، بۆیە زۆرباشترە ئێمە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ واقعى خۆمان بکەن، ڕەنگە زۆرینەمان بپرسین بۆ دواى مام جەلال هەموو شتەکان تێکچوون، لۆژیکى ترین وەڵام ئەوەبوو مام جەلال بە درێژایى سەدەى تەمەنى گەیشتبووە ئەو بڕوایەیى: "هیچ بژاردەیەکى دیکە لەبەردەست کوردانیە، ئیلا ئەوەنەبێت بەشداربێت لەعێراق و لەکێکى دەسەڵات بخوات لەعێراق، تاوەکو بتوانێت گەشە بەئابوورى و ژێرخانى ئابوورى و شارستانى خۆى بدات".، بۆیە واقعى ترین ڕێگا ئەوەیە: ئێمە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد هەبێت و مامەڵەیەکى دروست و لۆژکیانە لەگەڵ تورکیا و ئێران بکەین، ئەوە تاقیکراوەتەوە کە تێکدان لەگەڵ ئەم سێ لایەنە نەهامەتى بەدواوەیە، کوردستان پێویستى ئابووریەکى بەهێز و بەرگریکارى میللى هەیە نەک دروشمى  قەومى.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی