نەخوێندەواری وناهوشیاری وبەخوا كردنی سەرۆك...!

22/11/2021

د. كامەران مەنتك

رەنگ بێت یەكێك لەو شەڕە مەترسیدارانەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، شەڕی چرووك كردنی خوێندن وپەروەردە ولەو رێگەیەشەوە نەزان وگەمژەكردنی خەڵكی كوردستانە، واتە شەڕی خوێندن وپەرروەردە ئامڕازێكە بۆ بڵاوكردنەوەی نەزانی وبەرهەمهێنانی كۆمەڵگایەكی نەخوێندەوار وگەمژە، كە لەكۆتایدا توانای رووبەڕوونەوەی نادادپەروەریەكان وتەنانەت داگیركەرانیشی نامێنێت! 
لەچیرۆكی نەمروود دا وانەیەكی زۆر بەپێز لەم بارەیەوە هەیە، كاتێك نەمروود دەچێتە لای یەكێك لە وەزیرەكانی پێی دەڵێت، بەراستی ئەو خەڵكە نەزانن، باوەڕیان كردووە، كە من خوام! وەزیرەكەش ژیرانە وەڵامی دەداتەوە وپێی دەڵێت، كەواتە پێویستە بەهەموو توانایەكتەوە پارێزگاری لەو نەزانیە بكەیت! لەبەرئەوەی ئەگەر میللەت نەزان نەبێت هەرگیز وەكو خوا سەیری سەرۆكەكەی خۆی ناكات! لە سەردەمی نوێشدا لە سەرۆكی لیبیایان پرسی بۆچی بایەخ بەپەروەردەو خوێدن نادەیت، لە وەڵامدا گوتی ئەگەر خەڵكی زانا وخوێندەوار بن، شۆڕش وكودەتا دژی من بەرپا دەكەن، ئەو كەسەی پرسیارەكەی لێكرد، گوتی ئەگەر گەلێكی هووشیار شۆڕشت لەدژ بكات، باشترە لەگەلێكی نەخوێندەوار، كە تەڕو وشك بەیەكەوە دەسووتێنێت! بینیمان، كە گەلێكی ناهوشیار چیان لەقەزافی كرد! 

ئەوە یەكێك لەو هۆكارە سەرەكیانەیە دوای دەیان ساڵ كاركردن، هەر كاتێك گەل لەو جۆرە وڵاتانە رادەپەڕێت تەڕو وشك بەیەكەوە دەسووتێنێت ودەیگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر، لەراپەڕینی باشووری كوردستان و رزگاركردنی ئێراق وشەڕی سوریا ویەمەن و... هتد بینیمان، گەل چۆن بەناوی شۆڕش و رزگاریەوە هەموو شتێكی ولاتەكەی وێران وفەرهود كرد.
لەكوردستان بەگشتی وهەرێمی كوردستان بەتایبەتی بەشێوەیەكی سیستەماتیك كار لەسەر نەزانكردنی خەڵك وبێبەهاكرنی خوێندەواری وبڕوانامە دەكرێت، لەمەشدا بەرژەوەندی بەناو سەركردەو بەرپرسە كوردەكان لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان یەكدەگرێتەوە، بۆئەوەی لەلایەك مانەوەو بەخوا كردنی سەرۆكەكان مسۆگەر بكرێت، لەلایەكی تر داگیركەران بتوانن پلانەكانی خۆیان وردتر لەسەر ئەو كۆمەڵگایە جێبەجێبكەن وئیرادەی بەرەنگاربوونەوەیان لانەهێڵن. كەواتە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە بێبەهاكردنی خوێندن وپەروەدە، كارێكی رەمەكی نیە وبەوردی پلانی بۆ داڕیژراوە، بێبەهاكردنی خوێندن وسووكردنی دەستەبژێری زانستی، تەنیا لەبەرژەوەندی ئەوانەدایە، كە دەیانەوێت بەهەرشێوەیەك بێت، چۆن لەسەر پشتی دەبابەی داگیركەران هاتنە سەركورسی دەسەڵات ولەپەنای ئەواندا ماونەتەوە، بەهەمان شێوە، لەسەر پشتی نەزانی خەڵكیش درێژە بە بەرژەوەندیەكانیان بدەن، مناڵەكانی خۆیان دەنێرنە باشترین زانكۆكانی جیهان، كەچی وڵاتەكەی خۆیان پڕ دەكەن لەخاوەنی بڕوانامەی ساختە ونەخوێندەوار، ئەمەیە وایكردووە دۆخی زانست وزانكۆكانی كوردستان بگاتە ئەو ئاستەی تیایدایە، تێكشكاندن وچرووك كردنی بڕوانامە ودەستەبژێری زانستی، واتای رێگا گرتنە لەسەرهەڵدانی كەسانی دڵسۆز وراستەقینە، كە بتوانن، پێشڕەوایەتی خەڵك بكەن ولەشەوە ئەنگوستە چاوەكاندا دەربازی بكەن!

 بەدەیان زانكۆی نەزانكۆ لەكوردستان كراوەتەوە، كەچی دۆخی خوێندەواری وزانست لەكوردستان رۆژ بەرۆژ لە پاشەكشەدایە، لەبەرئەوەی خودی كردنەوەی ئەو هەموو زانكۆیە، بەشێكە لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەزانی وریسواكردنی زانست لەو وڵاتەدا!.
 ئێستا لەمیدیاكانداتەنیا  قسە لەسەر بڕوانامە ساختەكانی لوبنان دەكرێت، لەكاتێكدا لەتوركیا وئێران ومیسرو قوبرس وتەنانەت زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا و تەنانەت زانكۆكانی ناوەخۆشدا، بەدەیان وبگرە بەسەدان بڕوانامەی ناو گەورەو ناوەڕۆك بەتاڵ، كە بەشێكی زۆری بەپارە كڕدراون یانووسراونەتەوە، دەهێنرێتە كوردستان، بەشێكی زۆر لە بەرپرسە نەخوێندەوارەكان دەیانەوێت وشەی شۆڕشگێڕ ، كە باوی نەماوە، لەخۆیان داماڵن وشەی دختۆر لەجێگای دابنێن، ئەم مەهزەلەیە ئێستا كاریگەری بەروونی دیارە، بەڵام دوای چەند ساڵێكی تر ئینجا تراژیدیا كارەسات ئامێزەكەی بەدیار دەكەوێت!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی