گردبوونەوەو پرۆتێستی خوێندکاران بۆ دەرماڵە، فەزای میدیایی ژیانی ڕۆژانەی داگیرکردوە. هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنو تەنانەت بەشێکیش لەو حیزبانەی کە بەشدارن لەحکومەت، پشتیوانی لەم پرۆتێستە دەکەن. هەندێک لایەنی سیاسیش، لەبری ئەوەی هەوڵبدەن لەکێشەکان تێبگەن، بەدەنگی بەرز گوتاری پۆپۆلیستی دەڵێنو خوێندکاران هاندەدەن توندوتیژی بەکاربهێنن، نەک دانوسان.
ئەگەر قسەکانی خودی خوێندکاران بەهەند وەربگرین (کە لەسایتەکانی هەواڵو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە)، ئەوا مەسەلەو کێشەکەیان بەتەنیا دەرماڵە نیە. خوێندکاران گلەیی لە: پیسی ئەو ئاوە دەکەن کە دەیاندرێتێ، باس لەشەقو شڕی تەختی نوستنو ڕاخەڕی دڕاو دەکەن، باس لەوەدەکەن کە گەرمکەرەوەیان نییەو هەموشتێک ئەبێت خۆیان بیهێنن، باسیش لەوەدەکەن شەوانە ناتوانن بچنە حەوشەی بەشە ناوخۆییەکەیان، چونکە پۆلیس سەگیان بۆ هێناونو لەحەوشەکەیا بڵاوەی پێکردون. تەنانەت دەڵێن پۆلیس توندوتیژیشی بەکارهێناوە).
ئەگەر سەرنجێک لەداخوازیەکانی خوێندکاران بدەین بەگشتیو لەزاری خۆیانەوە، ئەوا چەند پرسیارێکی قورس هەڵوێستەمان پێدەکەنو لەسەرو هەمویانەوە: کێ بەرپرسیارە لەم بارودۆخە؟… ئەوە ڕوونە کە دەرماڵەی خوێندکاران لای وەزارەتی دارایی نییە.
ئەوەش بەپێی ئەو ڕونکردنەوەیەی وەزارەتی دارایی دابویو بەڕونی گوتبوی کە دەرماڵەکە لەوەزارەتی خوێندنی باڵاوە ڕێکدەخرێت، نەک لای ئێمە. کەوابێت وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت وەڵامی بڕواپێکراوی هەبێت.
کێشەی ئاوی پیس لەبەشە ناوخۆییەکان کێ لێی بەرپرسیارە؟… سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی؟… بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانی سلێمانی؟… یان شارەوانی سلێمانی؟… ئەی کێشەی تەختی نوستنو ڕاخەر کێن لێی بەرپرسیارن؟… ئینجا دیسان، کێن ئەوانەی بەرپرسیارن لەپێدانی گەرمی بەبەشە ناخۆییەکان؟… ئایا دەستی کەرتی تایبەتی تیایە؟… دەستتێوەردانی حیزبی هەیە؟
ئەم پرسیارانە سادەنو وەڵامەکانیشیان سادەن، دیارە بەرپرسیارێتیەکە هەموی لەیەک شوێندا کۆنەبۆتەوە، بەڵکو بەسەر کۆمەڵێک دامودەزگای حکومیو لەوانەیە کەرتی تایبەتیش دابەش بوە. بۆیە پێویستە ئەگەر لیژنەیەکی تایبەت دروستکراوە یانیش دروستدەکرێت، پێویستە ئەو پرسیارانە بەهەند وەربگرنو بەڕاپۆرتێکی کورتو پوخت لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە بیخەنە بەردەم ڕای گشتی. گرنگە بزانین کوێی بەشە ناوخۆییەکان پێویستی بەڕیفۆرمە. ڕیفۆرم شۆڕش نییە. هەموو گۆڕانکاریەک بەئاڕاستەی باشترکردن لەهەر ئیدارەیەکدا ڕیفۆرمە. ئیتر گۆڕانکاریەکە لەشێوازی ئیشکردنا بێت یانیش گۆڕینی کەسەکان، یانیش هەردوکیان.
گەنجەکانمان سامانی داهاتومانن، ئەبێت وەک چاوی خۆمان بیانپارێزین. یەکێک لەئەرکە هەرە گرنگەکانی ئێمەی حوکمڕان، بریتیە لەپاراستنو گەشەپێدانی ئەو سامانە. لەبری ئەوەی هەر فراکسیۆنەی پارلەمانی کوردستان (ئۆپۆزسیۆنو هەندێک لەوانەی لەدەسەڵاتن) دوور لەموزایەدات بەدواداچونو چاودێری ئەم کەیسە بکەن، جارێ خۆنواندن دەکەن بۆ میدیا بۆ قۆزتنەوەی بارودۆخەکە بەمەبەستی موزایەدەی سیاسی، گوتاری پۆپۆلیستی یان خۆ لێ دەربازکردن. دواجار پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لیژنەیەکی بەدواداچونیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی پۆلیسیشو خۆپیشاندەرانیش لەوەی کە پێی دەڵێین (توندوتیژی) بەرجهستە ببێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی