هەستی نەتەوایەتیمان پێ مەفرۆشنەوە

25/11/2021

کاوەی مەلاحسێن

کێ نییە لەپێناوی خاک‌و ئاوی کوردستاندا ماڵی نەسوتابێت‌و دەربەدەرنەبوبێت، کێ هەیە شەقی بەعسی نەخواردبێت جگە لەجاش‌و ماستاوچییەکانی ڕابردوو ئێستا، ئەو خوێندکارەی کە دینارێک لەگیرفانیدا نییەو داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێیەکات، زۆر جیاواز لەتۆ لەنیشتمان دەڕوانیت.

بۆیە ئەگەر خەمی خاک‌و ئاڵای وڵاتتە، خەمی گەنجان کە دڵی نیشتمان‌و ئایندی وڵاتن بکە پڕۆژەو ئەجندای کارت، ئەوەی سردوی زێڕەی زێڕەی بۆ سەدام نوسی لەژێر ئاڵای وڵات باشی دەخوات، یاخود ئەو گەنجەی بێباوکەی چاوی لەو دەرماڵەیەیە بۆی خەرجبکرێت، بەشەق وه‌ڵام دەدرێتەوە، نیشتمان خێروبێری بۆ ئەو گەنجانە چییە لەبیلاڕوسیا لەسەرماو برسا وا ڕەقدەبنەوەو یاخود کۆیلەیەکی ئەڵقە لەگوێ لەپشت لاپتۆپێکەوە کار بۆ ماڵپەڕێکی سێبەر دەکات‌و باسی پاراستن‌و پیرۆزی ئاڵامان بۆ دەکات.

ئاڵای وڵاتان کاتێک پیرۆزەو هاوڵاتی نیشتمان بەشکۆی نەتەوەیی خۆیانی دەزانن کە مافەکانیان لەژێریدا دەستەبەربێت‌و نەچەوسێنەوە، کاتێک شەکاوە دەبێت لەژێریدا پلانڕێژی بکرێت بۆ خەونی خوێندکاران‌و داهاتوی وڵات، نەک لەژێر پەرچەمەکەیدا هەرچی خواردنی ئێکسپایەرو بەسەرچوو هەیە هاوردەی وڵاتبکرێت لەبازاڕەکان بفرۆشرێتەوە، بۆیە ته‌رازویەک دامەنێ‌و هەستی نەتەوایەتیم پێ مەفرۆشرەوە، هەمومان نیشتمانمان خۆشەوێت‌و خوێنمان بۆیداوە، بۆیە لەژێر بەرگری لەئاڵاو شکۆی نیشتمان بەرگری لەستەمکاران مەکەن، خۆشەویستی نیشتمان ئەوەیە کاتێک وەزیری بەرگری تورکیای فاشست دەڵێت: شتێک نییە ناوی کوردستان بێت لەعێراق، دژی بوەستیتەوەو هەڵوێست وەربگرێت، نەک چەند خوێندکارێک کاتێک هەڵەیەک دەکەن، داوای دادگاییان بکەیت...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی