عێراق، سەدەیەک لە نێوان دوو ژندا، لە میس بێڵەوە بۆ میس پلاخارست

03/12/2021

ئاسۆ فەرەیدوون


بەریتانیەکان لە کۆنگرەی قاهیرەدا ساڵی ١٩٢١،  بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیاندا . سەدەیەکە  ئەو دەوڵەتە لەسەر پێشنیار و ڕاوێژی ( خاتوون) مس بیڵ ، لە سێ ولایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرە پێکهێنراوە . لەپاش سەد ساڵ ، ژنێکی تر ( خاتوو جینین پلاخارست) ڕۆڵی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق دەگێڕێت .
مس بێڵ :
گیترۆید بێڵ ١٨٦٨ –  ١٩٢٦ لە مێژوودا بە دروستکەری پادشاکان ناسراوە ، هەر کە بەشی مێژووی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو دەکات  ، دەچێت بۆ ئێران بۆلای خاڵی ، کە لەو سەردەمەدا  ١٨٩٢، کونسوڵی بەریتانی بوو لە تاران . سەرەتای رۆژهەڵاتناسیەکەی  لەوێوە دەستپێدەکات . دواتر لەسنووری دەوڵەتی عوسمانیدا وەک شوێنەوارناسێکی گەڕیدە ، لە تورکیا و سوریا و میسر و عێراق دەمێنێتەوە . فێری زمانەکانی فارسی ، عەرەبی و تورکی دەبێت . پەیوەندی کۆمەڵاتی و سیاسی لەگەڵ سەرۆک هۆز و کەسایەتیە دیارەکانیاندا  دروست دەکات .
لەدەستپێکی جەنگی جیهانی یەکەمدا ، کاتێک بەریتانیەکان ئۆفیسی قاهیرە دەکەنەوە ، میس بێڵ وەک  شارەزا لە کاروباری عەرەبی ڕادەسپێرن ببێتە ڕاوێژکاری پیرسی کۆکس و جۆن فیلپی لە عێراق . دواتر دەیکەنە یاریدەدەری حاکمی بەریتانی لە عێراق و تا ڕۆژی مردنەکەی لە بەغدا دەمێنێتەوە و هەر لەوێش دەنێژرێت .
سیانەی میس بێڵ و لۆرانس و هۆفارت ، پێکەوە سیاسەتی بەریتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەڕێژن . بێڵ دەبێتە ئەندازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی پادشایی عێراق . لەسەر پێشنیاری ئەو ، یەکەم حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدوڵرەحمان نەقیب ١٩٢١ ، ڕادەگەیەنن . دواتر داوا لە ئۆفیسی قاهیرە دەکات ، فەیسەڵی کوڕی شەریفی مەککە لە حیجازە بهێنن ، بیکەنە پادشای عێراق .
سەرباری بۆچوونە جیاوازەکانی مێژوو سەبارەت بە خاتوو بێڵ کە هەندێک پێیان وایە جاسوسێکی بەریتانی بووە ، بۆ نزیکردنەوەی سەرۆک هۆز و سەرکردە دیارەکانی ئەو سەردەمە لە بەریتانیەکان ، هاندانیان بۆ بەگژدا چوونەوەی دەستەڵاتی عوسمانیەکان ، یاخود تاوانبارکردنی بە دابەشکردنی ناوچەکە لە سایکس -پیکۆدا ، هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی بەبێ ئەو خاتوونە ، دەوڵەتی عێراقی دروست نەدەبوو .
جینین پلاسخارت :
خاتوو پلاسخارتی هۆڵەندی ، ژیانی سیاسی وەک ئەندامی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات  ، ماوەیەک وەزیری بەرگری وڵاتەکەی و دواتر نوێنەری هۆڵەندا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان .  لە ساڵی٢٠١٨ دا ، دەکرێتە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق  ( یونامی ) تا ئێستا لە ئەرکەکەیدا بەردەوامە .

لێکچوونی ئەرک و ڕۆڵی ئەم دوو خاتوونە بەجیاوازی سەدەیەک لە نێوانیاندا،  وایکردووە لای هەندێک لە چاودێرانی سیاسی عێراقی بە مەندوبی سامی بشوبهێنن. لە ڕۆژی دەست بەکاربوونیەوە لە عێراقدا ( وەک میس بێڵ ) پەیوەندیەکی سیاسی تایبەتی بە سەرکردە جیاوازەکانی عێراقەوە هەیە . تەنیا کەسایەتی سیاسیە کەبتوانێت سەردانی مەرجەعی باڵای شیعەکان ( سیستانی ) بکات ، لەناو خۆپیشاندەرانی تشرینی دەبینرا و سەردانی ماڵی بریندارەکانی دەکرد ، پشتیوانی تەواوی خۆی نەشاردۆتەوە بۆیان . لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ پارلەمان ، لە بارەگای حیزبەکانەوە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوام لە هاتووچۆدایە . بە عەڕابی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ١٠ ی ١٠ ی ٢٠٢١ دادەنرێت . ئەویش وەک میس بێڵ توشی بەریەککەوتن و ناکۆکی کردووە لەناو فیرقە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا . بەتایبەتی لەناو باڵە جیاوازەکانی شیعەدا . بەتایبەتی لەپاش ڕاگەیاندنی  ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دروستبونی ناکۆکی لەنێوان ڕەوتی سەدر و باڵی چوارچێوەی هەمئاهەنگی ( الاطار تنسیق ) دا .
هەردوو خاتوون ، مس بێڵ و میس پلاخارست  ، لە هەردوو سەردەمەکەدا لەناو شیعەکاندا تۆمەتبارن بەوەی جگەلەوەی پشتیوانی سوننەکان دەکەن تا دەوڵەتیان بەدەستەوەبێت ، پشتیوانی باڵێکیش لە شیعەدەکەن   کە مەیلی بەلای خۆرئاوادابێت . میس بێڵ لەو سەردەمەدا پشتیوانی ئایەتوڵا سەید محەمەدکازم یەزدی بووە ، لەناو مەرجەعەکانی شیعەدا یەزدی بە لایەنگری بەریتانیەکان ناسراوە . ئێستاش باڵی چوارچێوەی تەنسیق کە خۆیان بە محوەری مقاوەمەت دەناسێنن ، پێیان وایە پلاخارست پشتیوانی سەدریەکان دەکات ، چونکە سەید موقتەدا سەدر بە لایەنگری سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و نزیک لە سعودیە پێناس دەکەن .
ڕاستی و دروستی هەرکام لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەو دوو خاتوونە دەکرێتەوە ، لە مێژووی سەد ساڵەی عێراقدا ، ناکاتە ئەوەی کە هەریەکەیان ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەری هەیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا . میس بێڵ دەوڵەتی یەکەمی لە ١٩٢١ دا دامەزراند و میس پلاخارستیش  هەوڵی دامەزراندی دەوڵەتی دووەمی عێراق  دەدات لە ٢٠٢١ دا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی