باجی حكومەت و باجی خەڵك

08/01/2022

سەرتیپ جەوهەر

چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم بێگەڕانەوە بۆ هیچ دەقێكی دەستوریی و بنەمایەكی قانونی زنجیرەیەك بڕیاری بۆ زیاتركردنی رەسم و باجی دەرامەت و خانوبەرە دەركردووە! هەروەك بەبێ‌ بوونی هیچ دەقێكی قانونی بەناوی رەسم و باج، پارەیەكی زۆر بەناوی خزمەتگوزاریی جیاواز لەهاوڵاتیان وەردەگرێت و بارێكی گرانی بۆ خەڵك دروستكردووە. بەم سیاسەتە حكومەت بەناوی باج پارە خڕدەكاتەوەو خەڵكیش باجی ئەم سیاسەتە دەدات.
زیاتركردنی باج، یان دانانی باج لەسەر خزمەتگوزاریی یان هەر بڕە پارەیەكی دیكە بەناوی باج و رەسم، پێویستە بەقانون رێكبخرێت و دەقێكی قانونی پاڵپشتیی بكات. ئەو بڕیارانەی حكومەت، بەتەواوی پێچەوانەی قانونەو لەژێر ناوی زیاتركردنی داهاتی حكومەتە، زیانێكی گەورە بەگوزەرانی هاوڵاتیان دەگەینێت. لەبری رەخساندنی هەلی كاركردن و باشتركردنی ژیانی خەڵك، ئێستا حكومەت بۆتە شەریكی داهات و ژیانی خەڵك. ئەم سیاسەتە زیانێكی گەورە بەچینی ناوەند دەگەینێت كە داینەمۆو بڕبڕەی پێشكەوتنی كۆمەڵگایە.
لەدەستوری عیراق ماددەی 28 بڕگەی یەكەم زۆر بەڕوونی و بەكۆنكریتی دەڵێت" باج و رەسم ناسەپێنرێت و هەموار ناكرێت و وەرناگیرێت لێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت"  واتە بەهیچ شێوەیەك نە باج نە رەسم نە دادەنرَێت و نە لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت تەنها بەقانون نەبێت. ئەمەی حكومەتی هەرێم دەیكات پێشێلكردنی ئاشكرای دەستورەو بەم بڕیارانە هیچ بەهایەكی بۆ پەرلەمانیش نەهێشتۆتەوە كە دەسەڵاتی یاسا دانانە.
ئەو پارانەی حكومەت لەخەڵكی وەردەگرێت چەند جۆرێكە. یەكەمیان دەستكاریكردنی باج و رەسمە كە بەپێی قانون پێشتر رێكخراوەو دیاریكراوە. بەپێی زانیاریی لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردوو رەسم و باج زیاتر لە 600% زیادكراوە! ئەم زیادكردنە كاریگەری ئێجگار گەورەی لەسەر بزوتنی بازاڕو ژیانی كاسبكاران دروستكردووە، تەنانەت كاریگەری لەجموجۆڵی ئاوەدانیش كردووە.
جگە لە زیادكردنی رەسم و باج، هاوكات بەچەندین شێواز پارەی جیاواز لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت. بۆنمونە پارەی كامێراكانی خێرایی، پارەیەی بەناوی گرێبەستی ئەلیكترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل. یاخود لەپەنای هەندێك خزمەتگوزاریی بۆ هەندێك فەرمانگەی حكومەت، هاوڵاتیان ناچار كراون پارەیەكی زۆر بدەن بەچەند كۆمپانیایەك بەناوی عەریزەو رێكخستنی پەڕاو و وردبینی. بۆنمونە لەفەرمانگەكانی هاتووچۆ، یاخود فەرمانگەكانی دادنوسی هاوڵاتیان ناچاركراون كە پارەیەكی زۆربدەنە چەند كۆمپانیایەك كە هیچ قانونێك رێگە بەم كارانە نادات.
لەبەرامبەر پێشێلكردنی قانون لەلایەن حكومەتەوە، پەرلەمانی كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی نەبووە جگە لەناڕەزایی چەند پەرلەمانتارێك. ئەمەش ئەم راستیەمان بۆ دوپاتدەكاتەوە كە حكومەت هەژموونی بەسەر هەموو دەسەڵاتەكانی دیكەدا هەیەو پەرلەمانی بەتەواوی بێبەهاكردووە.
ئەم سیاسەتەی حكومەت زیانێكی گەورە بەئابوریی كوردستان دەگەینێت. ئەگەر نیازێك هەیە داهات زیاتربكرێت، پێویستە سەرچاوەكانی داهات زیاتر بكرێت، هەلی كار زیاتربكرێت، دەرفەتی یەكسان بۆ گەنجان و دەرچوانی زانكۆ بڕەخسێنرێت. ناكرێت بۆ زیاتركردنی داهات دەست بۆ گیرفانی خەڵك ببرێت. ئەم بڕیارانەی حكومەت هیچ بنەمایەكی قانونیی نییە، دەكرێت بەتۆماركردنی سكاڵا لەدادگای دەستوریی عیراق تەواوی ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنرێتەوە. بۆیە دەرفەتێكی باشە ئەگەر گروپێك لەپارێزەران، یان كاسبكاران داوایەكی رەسمیی پێشكەشی دادگای دەستوری عیراق بكەن و ئەم بڕیارە ناقانونیانەی حكومەتی هەرێم هەڵبوەشێننەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی