كاریگەرییە ترسناكەكانی ئایدیۆلۆژیا لەسەر تاكی كورد

09/01/2022

د.كامەران مەنتك

بەشی سێیەم

كەواتە ڕزگاركردنی مرۆڤ لەستەم باڵادەستی‌و بەكۆیلەكردنی ئایدیۆلۆژیا، كارێكی دژوارە، چونكە مرۆڤ خۆی دەبێتە گەورەترین بەرگریكار لەكۆیلایەتیەكەی‌و بەهەموو توانایەكی بەرگری لێدەكات، لەبەرئەوەی بەتێپەڕبوونی كات دۆخی كۆیلایەتی زیاتر لەناخی دەچەسپێت‌و ڕەگ دادەكوتێت، تێكەڵ بەپرەنسیپەكانی دەبێت‌و داب‌و نەریتێكی وا بەرهەمدێنێت كە ڕزگاربوون لێی ئەستەم بێت، بەواتایەكی تر كۆیلایەتی دەبێتە شیوازێكی ژیان‌و مانەوەو بەرژەوەندیەكانی خۆی لەو كۆیلایەتیەدا دەبینێتەوە، لەبەرئەوەی ڕاستە كۆیلایەتی ئازادی‌و ویست‌و ئیرادەی لێدەسەنێتەوە، بەڵام لەبەرپرسیاریەتیەكانی بەرپرسیاریەتیش دەیپارێزێت‌و كەمترین ڕادەی ژیانی بۆ مسۆگەر دەكات! ڕازیبونیش بەكەمترین ڕادەی ژیان واتە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ دۆخی شمەك‌و بونەوەرێكی سروشتی، بەڵام ئیرادە زەوتكراو، بەشێك دەبێت لەژمارەكانی خاوەن كۆیلە، بۆ نمونە لەیاسای كۆنی رۆمانیەكاندا هیچ جیاوازیەك لەنێوان ژمارەی ئەو سەر ئاژەڵانەی خاوەن كۆیلەكان هەیانبووە، لەگەڵ ژمارەی ئەو سەر كۆیلانەی كە هەیانبووە، نەكراوە!

لەشێوازی بەخێوكردن‌و وەبەرهێنانیشدا بەهەمانشێوە مامەڵەیان لەگەڵ كۆیلەكان كردووە، بۆ زگ‌و زان‌و كاركردن ... هتد بەكاریانهێناوە، چۆن مامەڵەیان بەئاژەڵەكانیان كردووەو لەكاتی پێویستیدا فرۆشتوویانەو یاخود كوشتوویانە، یا بەكوشتیانداوە، بەهەمانشێوە رەفتاریان لەگەڵ كۆیلەكانیش كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغی كۆیلایەتی یەكێكە لەقۆناغە درێژەكانی مێژووی مرۆڤایەتی!. لەبەرئەوەی هەرگیز نابێت ئەوە فەرامۆش بكرێت، كە كۆیلایەتیش سیحرو كاریگەری خۆی هەیە، بەتایبەتی داشۆرین لەبەرپرسیاریەتی وا لەمرۆڤ دەكات، ئیرادەكەی ژەنگ هەڵبێنێت‌و لەهەموو شتێكدا پشت بەكەسانی تر ببەستێت‌و چاوەڕێ بكات ئەوان ژیانی بۆ دابین بكەن، واتە جۆرە مامەڵەیەكە، كە بەقازانجی تێدەگات، لەدەستدانی ئازادی‌و مرۆڤ بوونی خۆی، بەرامبەر بەرزگاربوون لەبەرپرسیاریەتی! ئەو رزگاربوون لەبەرپرسیارێتیەكەی لەخودی ئازادیەكەش لاگرنگتر دەبێت، چونكە ژیانێكی تاڕادەیەك ئاسانی بۆ دابیندەكات! هەر ئەمەش وایكردووە، لەكۆیلایەتیدا نوێدا ئەوكەسانەی كاریان پیناكرێت‌و ناتوانن بەرپرسیاریەتی كاركردن هەڵگرن، دەچنە سەربازی!، كە یا دەخرێنە ناو شەڕو وەكو هەموو ئامێرێكی تر بەناوی نیشتمان‌و كۆمەڵێك دروشمی بریقەدارەوە خەڵكیان پێ دەكوژن‌و یا بەكوشتیان دەدەن، یاخود بۆ شەڕ ئامادەیان دەكەن، دیارە كاری هەموو سوپاكان ئەوەیە، كە لەشەڕدایە، یا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات!.

بەم چەشنە مرۆڤ كاتێك لەڕێگای ئایدیۆلۆژیەكانەوە، ئاوەزی كۆت دەكرێت دنیا بەو ڕەنگە دەبینێت، كە بۆی كێشراوە، بەر لەهەموو كەسێك دژی خۆیی‌و مرۆڤ بوونی خۆی دەوەستێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو چیتر موڵكی خۆی نامێنێت، دەبێتە مۆڵكێكی ئایدۆلۆژیاكەو خاوەن لۆژیاكان، یاخود وردتر بەكارهێنەرانی ئایدیلۆژیاكان بەهەمانشێوەی كۆیلەكانی سەردەمی كۆنی ڕۆمانیەكان مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، ئەویش تەنیا ئەوەی بەدەستدەمێنێتەوە، كە شانازی بەوەبكات خاوەنەكەی پێی بڵێت (سەیە)!. ڕزگاركردنی مرۆڤێك لەوەی شانازی بەدۆخێكی لەو شێوەیە بكات، بەر لەهەموو شتێك دەبێت لەشێوازی بیركردنەوەو هەست‌و سۆزی خۆی بپارێزرێت، دەبێت بەرچاوەكانی بەشێوەیەك ڕونبكرێتەوە، كە چیتر لەتیشكی خۆر ڕانەكات، وەك ئەوەی لەچیرۆكی ئەشكەوتەكەی ئەفڵاتوندا هاتووە، ئەفڵاتوون باسی ئەوەدەكات، كە كۆمەڵێك مرۆڤ دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەتاریكایی ئەشكەوتێكدا زیندانیدەكرێن، كاتێك ئازاددەكرێن، چاویان بەرگەی بینینی خۆر ناگرێت‌و داوادەكەن بیانگەڕێننەوە بۆ زیندانەكە، دیارە مەترسیدارترین زیندانیش بۆ مرۆڤ ئایدیۆلۆژیایە كە بەتەواوی هزری داگیردەكات‌و دەیكاتە بوونەوەرێكی بێ ئاوەزو بێ سۆزو فریوخواردو تەنانەت تاڕادەیەكی زۆر وەك ئاماژەی پێكرا، مۆركی مرۆڤ بوونیش لەدەستدەدات دەبێتە كاڵایەكی چروك‌و شەڕ بۆ ئازادی‌و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی گەورەكانی خۆی دەكات، بەبێئەوەی ببینێت‌و هەست بەخۆی بكات، كە لەچ قوژبنێكی تاریكی ئایدیۆلۆژیاوە ئاخنراوە‌و چۆن ئایدیۆلۆژیا ڕەفتارەكانی دیار دەكات‌و وەك ئامێرێك كاری پێدەكرێت!.

ماویەتی...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی