پارتی و شەڕی سەرۆک کۆماریی

11/01/2022

مستەفا شێخ محەمەد

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئایا پارتی  بەردەوام ئەبێت لەسەر رەتکردنەوەی کاندیدی یەکێتی؟ ئایا دەر ئەنجامەکانی کێبڕکێکە بەکوێ ئەگات؟  لێکەوتەکانی ئەو پرسە لە هەرێم بەجێ دەمینێن؟ 

ساڵی 2018 پارتی لە کێبڕکێکەیدا، لە بەرامبەر یەکێتی و بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار دۆڕا، دوای 2005 یەکەم دۆرانی پارتی  بەرامبەر یەکێتی  بوو،  لە هەڵبژاردنێک. 

وەک چاوەڕێ دەکرا، شەڕی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی  سەرۆکی کۆماری عێراق دوبارە دەستی پێکردۆتەوە،  پارتی بە ئاشکرا، بەهۆی لە دەستدانی دوو کورسی، سەرۆکی کۆماری کە ئێستا کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانییە، تۆمەتبار کرد، ئەمەش سەرەتایەک بوو، تا لێیەوە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر دووبارە کاندید کردنەوەی دکتۆر بەرهەم بێنە سەر زمان و گوشار بخەنە سەر یەکێتی، دیارە ئەمە بیانوێک زیاتر نیە، ڕەنگە زۆر هۆکاری دیکە هەبن.!

بەڵام بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کاندیدکردنەوەی د.بەرهەم، زۆر لەوە هەستیارترە، بتوانێت گوێ لە خواستی پارتی بگرێت، هەڵبژاردنەوەی د.بەرهەم بۆ یەکێتی پەیوەستە بە کۆمەڵێک هاوکێشە لە دەرەوەی کوردستان و عێراقە،  هەروەها  هەڵبژاردنەوەی د.بەرهەم تا ئەندازەیەکی زۆر دەستەبەری جێگیری سیاسی لە ناوەخۆی یەکێتی ئەکات، بەپێچەوانەوە..

ساڵی 2018 نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند ئەو پۆستە، بەلای ئێمەوە هیچ بایەخێکی نیە، تەنانەت پیرۆزبایشیان لە د.بەرهەم نەکرد، کەچی سەرۆک کۆمار لە مەڕاسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەرێم ئامادە بوو، وەک نیاز پاکی بەرامبەر پارتی، نزیکەی کۆی ووتارەکەی تەرخانکردبوو، بۆ ئارامکردنەوەی پارتی، لە ماوەی سەرۆک کۆماریشیدا،  هەوڵیداوە کە  پارتی نەورژێنێت، ئەمەش زۆری لەسەر کەوتوە، بەلانیکەم لە شەقامی هەرێمی کوردستان. 

بەهۆی ئەم سیاسەتەی بەرامبەر پارتی  سەرۆک کۆمار  روبەروی کۆمەڵێک رەخنە بۆتەوە لە ناوەخۆی هەرێم بەو شێوەیە؛ 
یەکەم؛ ئەو خەڵکانەی  چاوەرێ بوون  د.بەرهەم سەرکرایەتی  پرۆژەیەکی سیاسی نوێ بکات لە عێراقەوە، گەمارۆ بخاتە سەر سیاسەتی پارتی، رەخەی دەکەن. 
 

دووەم ؛ ئەو چاودێرانەی  دەیانخواست  لە رێگای سیاسەتی نیشتیمانی لە عێراقەوە، کۆتای بەقۆرغکاری بهێنرێت لە هەرێم و عێراق،  دکتۆر بەرهەم  روبەرووی رەخنە دەکەنەوە.  

سێیەم؛ ئەو کەسانەی دەیانەوێت د.بەرهەم دژایەتی پارتی بکات، ئەوەیان بەهەلزانی، رەخنە بارانی سەرۆک کۆماریان کرد بە ئێستاشەوە، بەردەوامن.

سەرە ڕای ئەوانە، د.بەرهەم ساڵح جگە لە دژایەتی پارتی هیچ شتێکی دیکەی دەست نەکەوتوە، پارتی لە دژایەتی کردن زیاتر نەیتوانیوە، لە ئاستی عێراقدا شتێک بەدەست بخات، بۆ پێشخستنی حوکمڕانیەکەی..!

هەرچەند پارتی بەپێچەوانەی هێزەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی زیاتر ستراتیجین  بەئاراستەی پاراستنی دەسکەوتە حزبیەکانی خۆیی، بەڵام بەعیقدەوە لەگەڵ کارەکتەرە سیاسیەکانی کورد مامەڵە ئەکات، کە بەتەواوەتی نەکەونە ژێر کۆنترۆڵی.!

 پرسیارەکانی و ئەگەرەکان  پێ و پاشی  9ی ئەم مانگە، زیاتر رۆشەن بونەوە، وەک لە روکەش دیارە، پارتی لەگەڵ سەدر و سنەکان رێکەوتنێکی پێشوەختیان هەبوو،    بەڵام بەپێی ئەو پێدراوانەی کە کاریگەری لەسەر نەخشەی نوێی سیاسەتی عێراقی دا ئەنێن، پارتی ناتوانێت، کورسیەکەی سەرۆک کۆمار  بە ئاسانی لە بەر دەستی د.بەرهەم ساڵح بێنە دەرەوە، بەتایبەت کە ئەو نەخشە رێگایەکی دورمەودای بۆ عێراق داڕشتوە، کە جەخت لە سیاسەتی نیشتیمانی عێراقی دەکات.

ئەم سیاسەتەش دەتوانێت  لە ئایندەدا عێراق بپارێزێت لە پێکدادانی هێزە پڕۆکسیەکان و جەغت لە بەرژەوەندی هاوبەش دەکاتەوە.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئێستا پارتی لەبەردەم دوو ئەگەر دایە، یەکەمیان ئەوەیە، دان بەدکتۆر بەرهەم دابنێت و لەگەڵی رێک بکەوێت، یاخود  لە دژی بچێتە یاریەکە کە ئەنجامەکەی دیار و  ئاشکرایە. !

بەپێی  زانیاری و پێدراوەکان، پارتی لە خەریکی لێکدانەوەی ئەگەر و لێکەوتەکانی ئەو زیانانەیە، کە بەهۆی دژیاەتی دکتۆر بەرهەم ئەگەری هەیە لە چوار ساڵی ئایندە بەری بکەون. 

هەرچی یەکێتی نیشتیمانییە، بڕیاری کۆتای داوە، کە لەگەڵ پارتی روبەروی هەر دۆخێکیش ببێتەوە،  بەرهەم ساڵح کاندید ئەکاتەوە،  بێ گومان  ئەو پێداگریەی یەکێتی لە بۆشایەوە نەهاتووە.

لێرەدا پرسی سەرۆکی کۆمار رەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە لەسەر حکومەتی هەرێم، کێ دەڵێت دەرئەنجامی دەستشکاندنەوەکان، پرۆسەی سیاسی ناو هەرێم کە دەیان قەیرانی هەیە، زیاتر نا ئاڵۆزکێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی