عێراق‌و ئایندەی دەستپێشخەریەکان

07/05/2022

هیوا سەید سەلیم

دوای ئەوەی وادە چل ڕۆژیەکەی موقتەدا سەدر بەکۆتاهات کە بەر لەمانگی ڕەمەزان بەڕکابەرەکانی لەچوارچێوەی هەماهەنگی دابووى، تا کابینەی تازەی حکومەت پێکبهێنن، وا ئەمجارەیان لەبەناو دەستپێشخەریەکی دیکە سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەمجارەیان ڕوو لەپەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەکات‌و داوایان لێدەکات لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری تازە، بەڕای سەدر ئەگەر سەربەخۆکان  توانییان ئەو هەنگاوە بنێن ئەوا ئەوان وەک خۆیان پشتیوانیان لێدەکەن.

بەدەر لەو مانۆڕانەی موقتەدا سەدر ئەنجامیدەدات کە وا پێشبینیدەکرێت لەسەرجەم ئەو پێشنیارانەی بۆ لایەنەکانی دیکە پرس‌و ڕای نەکردبێت بەهاوپەیمانیەکانی لەبەرەی ڕزگاری نیشتمانی کە جگە لەڕەوتەکەی، لەهەریەک لەبەشێک لەسونەکان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکدێت، باس لەدەستپێشخەری هەریەک لەمەسعود بارزانی لایەنەکانی دیکەش دەکرێت بۆ شڵەقاندنی گۆمی بەستووی پرۆسەی سیاسی عێراق.

شایانی باسە، حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشەوختەی عێراق تێدەپەڕێت، کەچی تائێستا پەرلەمانی هەڵبژێردراو بەهۆی ململانێی کوتلە براوەکان‌و دابەشبوونیان بەسەر ئەجێندای هەرێمایەتی، پەرلەمان نەیتوانیەوە لەماوە دەستوریەکەی خۆی کە دەستور بۆی دیاریکردووە، هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکات، پرسی کوتلەی گەورە یەکلابکاتەوە، تائەو کوتلەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە ڕابسپێردرێت.

وەک دەزانرێت جاری یەکەم نییە کە پڕۆسەی سیاسی عێراق تووشی قەیرانی لەمشێوەیە دەبێتەوە، هەر پەنابردنەبەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە10ى ئۆکتۆبەری 2021، زادەی بوونی قەیرانی حوکمڕانی بوو لەعێراق، بەڵام ئەگەر لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا کێشەو ناکۆکیش سەریهەڵدەدا، لەپشتی پەرده‌وە تەنانەت بەئاشکراش لایەنی دیکە لەئاستی ناوخۆو درەکی هەبوون کە دەبوون بەفڕیادڕەس بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان.

بەڵام لەئێستادا هەموولایەک بەشێکە لەقەیران (ئەمریکاو ئێران، شیعەو شیعە، کوردو کورد، سوننەو سوننە)، بۆیە ئاسۆی دەربازبوونی عێراق لەم چەقبەستنە سیاسیە تائێستا هیچ ڕوون نییە.

موقتەدا سەدر، لەدوایین تویتیدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، عێراق بەسەر سێ کوتلە دابەشبووە، کوتلەی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی کە بۆ دامەزراندنی حکومەتی زۆرینە تێدەکۆشێت، کوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بەپێی ئەو خوێندنەوەی دادگایی دەستوری عێراق بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کردووە دەتوانن کوتلەی پەکخەربن، ئەوانیش بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە داوای سازانی نیشتیمانی دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن عێراقی نوێ لەسەر بنەمای سازان دامەزراوەتەوە، هەروەها کاندیدە سەربەخۆکان لەو بەیەنە ماونەتەوە. بۆیە سەدر لەو یاریەی دوایدا هەوڵیداوە کارتی سەربەخۆکان بەقازانجی خۆی ڕابکێشێت.

لێرەدا تێدەگەین تا لایەنێک لەلایەنەکان دەست لەعینادی سیاسی خۆی هەڵنەگرێت،  نە دەرگای داخراوی پڕۆسەی سیاسی دەکرێتەوە، نە دەستپێشخەریەکان هیچ شوێن دەگرێت.

بۆیە باشترین دەستپێشخەری لەئێستادا بەسازشی یەکێک لەو ڕکابەرانە دەکرێت بۆ ئەوەی دیکە، لەئێستادا ئەوە هەنگاوەیان لەهیچ یەک لەلایەنەکان پێشبینیکراو نییە، بۆیە وا بڕوات دەبێت بیر لەئەڵتەرناتیڤی دیکە بکرێتەوە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و دووبارە هەڵبژاردنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی