ڕوسیای نەتەوەیی ترسناکتر لە ڕوسیای کۆمۆنیستی!

07/05/2022

محمد خۆشناو

سزایەکی وایان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە کە لەمێژوودا نموونەی نەبووە ، وڵاتەیەکگرتووەکان و خۆرئاوا هەموو ئەو هۆکارانە کۆدەکەنەوە کە دەبنە مایەی داچۆڕان و لاوازکردنی ڕوسیا بە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە لەبەردەستیاندایە : سەربازی و ئابووری و دارای و سیبرانی و ڕاگەیاندن بە هەموو ئامرازەکانی و گووشاری سیاسی بۆسەر وڵاتە جیاجیاکان و کۆکردنەوەیان لەو جەنگە و وا لە جیهان بکات بەپێی قسەی بیرمەند و نوسەری ئەمەریکی نعوم تشۆمسکی «نزیکبوونەوە لە ترسناکترین قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی » ئەمە جگە لە ئابلوقە لەسەر شانۆ و مۆسیقا و ئەدەبی ڕوسی ، ئاخر نمایش نەکردنی سمفۆنیای چایکۆفسکی یا نەخوێندنی ڕۆمانووسی گەورە دیستۆفسکی لەهەندێک وڵاتاندا چ پەیوەندی بە جەنگەوە هەیە؟ هەمان شتیان بەسەر ئەڵمانیا هێنا مۆسیقا و سمفۆنیەکانی ڤاگنەر-یان قەدەغەکرد چوونکە هیتلەر گوێی لێدەگرت و ئێستاش لە ئیسرائیل مۆسیقای ڤاگنەر قەدەغەیە ، ئەم هەموو سزا و ئابلوقانەم وەکو سزا و ئابلوقەکانی سەر ئەڵمانیای دوای جەنگی یەکەمی جیهان دێتە بەر چاو کە بەڵێنامەی« ڤێرسای  » یان بە ئەڵمانیا مۆرکرد کەتیایدا زەویەکی زۆریان لەو وڵاتە دەبڕاند و مەرجی قورسی ئابووریان بەسەریدا سەپاند و سوپاکەیان زۆر لاوازکرد و ڕەچاوی تایبەتمەندی نەتەوایەتی ئەڵمانیا لە دابەشکردنی خاکەکەی نەکرا و  ، ئەو هەموو ستەمە بوو وای لە گەلی ئەڵمانیا کرد لە دەوری هیتلەر کۆببنەوە و جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسێت ، هەر دەڵێی مێژوو بە شێوە و جۆرێکی دیکە لەو سەردەمەدا دووبارە دەبێتەوە ، ڕوسیا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە وڵاتەکەی لە ناوەوە و درەوەدا بۆتە گۆڕەپانی جەنگ و پێی وایە کە هۆکاری هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت ئامانج لێی ئایدۆلۆجیای سۆشیالستی نەبوو ، بەڵکە ئامانجەکە وجودی خودی ڕوسیا بوو ، بە بەلگەی ئەوەی کە لێدانەکان لە ڕوسیا دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتیش بەردەوام بوو و ، ڕوسیا ئابلووقە دەدرا کە وازی لە شوعیەت هێنابوو و پەیمانی ئەتڵەسی لە پێشڕەوی بەردەوام بوو و قوڵایی وڵاتەکە ئیختراق دەکرا و دەورە درابوو بە شۆڕشی ڕەنگاوڕەنگ ، وەک ئەوەی کە دەبێت ڕوسیا باجێک بدات کە کەمتر نەبێت لەو باجەی ئاڵمانیا لە جەنگی یەکەمی جیهانی دای… پۆتین پیاوێکی کەللە ڕەقە مەرجەکانی خۆرئاوا قبوڵ ناکات و ملکەچ نابێت ، ئەو چاک دەزانێت کە ئۆکراینا شەڕی بەوەکالەت لەجیاتی وڵاتەیەکگرتوەەکان و خۆرئاوا دەکات کە ڕۆژانە بەجۆرەها موشەک و چەکی نوێ دڕژێنیتە ئەو وڵاتە و ڕێگرن لە سەرخستنی هەر دانوستاندێک لەنێوان هەردوو لایەنی ڕوسی و ئۆکراینی بەئامانجی داچۆڕاندنی ڕوسیا ، چونکە ئەمەریکا دەترسێت ، ترسی ئەو وڵاتە هەندە کەمتر و تووندتر و قوڵتر نیە لە ترسی ڕوسیا و چین ، چونکە وڵاتە یەکگرتووەکان هەر لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە تاکە هێزی گەورە بووە و ڕاهاتووە کە دوا ووشە و کاریگەری لەسەر هەر پارچەیەکی ئەم زەویەدا هەبێت و ناتوانێت قبوڵی ئەوە بکات واز لە عەرشی خۆی بهێنێت یان هیزێکی دیکە بەشدار بێت لەگەڵیدا ، وڵاتەیەکگرتووەکان و پەیمانی ناتۆ پێیان وایە کە ترسی ڕوسیای نەتەوەیی هێندە کەمتر نیە لە ڕوسیای کۆمۆنیستی ، ئەو ڕوسیایەی کە بڕیاری وای لەدەستە کە هەڕەشە لە خۆرئاوا بکات و ، بۆیە باڵی عەولەمە کە نوێنەرایەتی پارتی دیموکرات لە ئەمەریکا دەکات پێیان وایە کە ڕوسیا ترسناکتر لە چین چونکە دەتوانێت لە ڕێگەی غاز و نەفتەوە یا لەڕێگەی هێزەوە بەسەر ئەورپادا باڵادەست بێت و ، بێ ئەوروپاش ئەمەریکا لە لووتکەدا نابێت ، بەڵام سەرمایەدارە نەتەوەییە  ئەمریکیەکان پێیان وایە کە ڕوسیای نەتەویی لەوانەیە ببێتە هاوپەیمان بەڵام ئەژدیهای چینی کە ئیستا براوەی گەورەیە ترسناکیەکەی زۆر گەورەتر و زیاترە….ڕوسیا وایدەبینێت کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پارچەکانی لاشەی خاکەکەی و هاوڵاتیانی کۆبکاتەوە کە بەهۆی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت پەرشوبڵاوبووبونەوە بۆیە ئێستا نزیکەی بەتەواوی کۆنتڕۆلی ناوچەکانی هەرێمی دۆمباس کردووە و بەڕێگاوەیە بەرەو باشوور و ئۆدسیا تا لەئایندەدا خۆرهەڵاتی ئۆکراینا بە پردێکی زەمینی بیبەستێتەوە بە کریما« قرم» ، لەبەرەیەکی دیکەی جەنگەکەدا ئەمەریکا هەوڵیدا لەڕووی ئابووریەوە هەرەس بە ڕوسیا بێنێت بەڵام رەدی ڕوسیا بریتی بوو لە سەپاندنی ڕۆبل بەرانبەر ناردنی غاز و نەفت و دانەوێڵە و شتی تر ، بەمە لێدانێکی گەورەی لە دۆلار دا و رۆبل هێزەکەی خۆی گەڕاندەوە کە بەهۆی سزاکان لەدەستی دابوو ، ئەمە ئەمەریکا و ئەوروپای زیاتر تووڕەکرد و رەدی ئەمەیان بە چڕکردنی پاڵپشتیکردنی سەربازی بۆ ئۆکرینا دایەوە و لەگەڵ کۆکردنەوەی حەشاماتێکی گەورەی ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی