لێكەوتەكانی ریفراندۆم بەردەوامە

09/05/2022

سەرتیپ جەوهەر

پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق جارێكی دیكە بەبنبەست گەیشت
🔻 ترس هەیە پەلاماری بیرە نەوتەكانی خورماڵەو چەند شوێنێكی دیكە بدرێت
🔻 پارتی ترسی هەیەو هێزی جوڵاندووە
🔻 لیپرسراوانی ئێران حەلبوسیان ئاگاداركردۆتەوە
🟢 لێكەوتەكانی ریفراندۆم بەردەوامە..
.
لەگەڵ كۆتایی هاتنی جەژن، دەنگوباسی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەبەغدا جارێكی دیكە هاتەوە گۆڕێ. لەم چەند رۆژەی رابردوو چەند كۆبونەوەو دەستپێشخەریی و پێشنیاری نوێش هەبووە. كۆبونەوەی ئەمڕۆی هەولێرو سوربوونی سێ‌ لایەنەكە (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) لەسەر هەمان هەڵوێستی جارانیان كە بریتیە لەپێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە، دۆخی سیاسی لەعیراقی وەكوخۆی بێ‌ چارە هێشتەوە. 
لەبەرامبەردا پێدەچێت وڵاتانی هەرێمەكە بەتایبەت ئێران دەستی بەجموجۆڵی نوێ‌ كردووە كە رەنگە لەچوارچێوەی فشارەكانی هەنگاوی نوێ‌ بنرێت. لەچەند رۆژی رابردوو لەسەردانی وەفدی پەرلەمانی عیراق بۆ تاران، ئێرانیەكان حەلبوسیان لەلێكەوتەی ئەو عینادیی و چەقبەستنەی دۆخی عیراق ئاگاداركردۆتەوەو بەكورتی قبوڵنەكردنی چەقبەستنی دۆخی سیاسیان پێ راگەیاندبوو. 
لەدوای سەردانەكەی حەلبوسی و وەفدی یاوەریی، وەزیری نەوتی عیراق پرسی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوە. دوو رۆژ دوای ئەو لێدوانە جموجۆڵی سەربازیی لەچەند ناوچەیەكی موسڵ هەستی پێكراوە، پارتیش لەوبارەیەوە ترسی خۆی نەشاردۆتەوە.
خولاسەی كەلام ئەو جموجۆڵانەی چەند رۆژی رابردووی میدیاكانی عیراق و هێزی سەربازیی لەچەند ناوچەیەكی موسڵ، پێدەچێت گرێدراوی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بێت. بەیاننامەكەی ئەمڕۆی هەولێر لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات كە رەنگە وابكات فشارەكان زیاتر ببێت بەتایبەت ئەگەر هەیە هێزەكانی عیراق پەلاماری بیرە نەوتەكانی  خورمەڵە لەباشوری هەولێر چەند شوێنێكی دیكە بدەن كە دەكەونە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان. لەبەرامبەردا پارتیش هێزی لەناوچەكە جوڵاندووەو ترسی لەپەلاماردانی هێزەكانی عیراق بەتایبەت (حەشدی شەعبی) هەیە.
پەلاماردانی بیرە نەوتەكان بەتایبەت خورمەڵە، هەرێمی كوردستان روبەرووی قەیرانێكی گەورەو گرفتی جددی دارایی و ئابوریی دەكات، چونكە زیاتر لەنیوەی بەرهەم و هەناردەی نەوتی هەرێم لەو كێڵگەیەیە.
هەندێك پێیانوایە هەر گرژی و پەلامارێكی نوێی عیراق بۆسەر ناوچە جێناكۆكەكان و بڕینی شا دەماری ئابوریی كوردستان، لەبنەڕەتدا تەواوكردنی لێكەوتەو دەرئەنجامەكانی ریفراندۆمی 2017یە كە هێشتا بەردەوامە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی