سێ مانگێك زیاترە بگرەو بەردەو گفتوگۆیەکی بێزەنتی بێبنو چەلەحانێیەکی میدیایی پدکو ینکو شەڕە کۆڵانەکانی تۆڕە کۆمەڵایتییەکانو جنێودانو "گرێخاڵیکردنەوەکان"ی لایەنگرە چاوبەستکراوەکانیش بەحزبایەتیی مایەپووچ بابووەستێ کە شەتەقی لەڕۆحی هاونیشتمانی بڕیوە، بەڵام بەسیاسیو میدیاو خەڵکەوە، هەمووان چەلەحانێکە گەرم دەکەن بێئەوەی لەئامانجەکە بدەنو بگەنە هیچ.
ئەسڵی کێشەکەی (ئەوەی پێیدەوترێت) زۆنی سەوز! لەمکاتەدا ڕێککەوتنی چەند مانگێکی ڕابردووی یەکێتیو پارتیو گۆڕانە لەچوارچێوەی ئەنجومەنی ئابووریی ھەرێم کە بەپێی رێککەوتنێک (لەسەر پێداگریی یەکێتی وەک حزب لەتیمی یەکێتیی حکومەت) ھەر زۆنێک سەرپشک کرا لەسەر داھاتی نێوخۆ تەکمیلەی داھاتە نەوتییەکە بۆ مووچە بکەن، ئەمەش نیمچە لامەرکەزییەکی زۆنەکان بوو، کاتی خۆی بەخەیاڵی خۆیان هەر حزبە بەمەرامی خۆی (وەک حزب) ویستی خێری خۆی لێبچنێتەوە، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵکو بەڕێوەبردنێکی شایستەی دادپەروەرانەو پاراستنی قەوارەی هەرێمو دواجار ئامانجی جوڵانەوەی نیشتمانی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستان!
ئەم دەسەڵات شۆڕکردنەوەیە (یان نیمچە لامەرکەزییە داراییە) کە ئەجێندای بەردەوامی بەشێکی یەکێتیو چەند دەنگێکی نێو پارتیو هەندێک لەگۆڕانخوازەکانی پێشترو چەند کەسایەتییەک بوو کە بیری سیاسییان پەرتەوازە بوو، پەرتەوازە بوو، چونکە لەلایەک داوای هەرێمو لامەرکەزییان دەکردو لەلایەکی دیکەوە داوای بەهێزکردنەوەی ناوەندو گەڕانەوە بۆ بەغدایان دەکرد! (کە من ھەمیشە دژی بوومو باوەڕم نە بەلامەرکەزیی سیاسییو نە هەرێمەگەراییو نە ئومێدهەڵچنین لەسەر بەغدا هەبووە).
دواجار بەفشاری شەقامو پۆپۆلیزمی عوقدەیی، تیمی یەکێتیو گۆڕان لەحکومەت ناچارکرا (کە نەدەبوو تەسلیم بووایە)و کۆتاییەکانی ساڵی 2021 بەم ڕێککەوتنە مشتومڕەکەیان بڕییەوە، بەداخەوە لەمەدا حساباتی یەکێتی ھەڵەبوو پارتییش وەک ململانێ لەبابەتەکەی ڕووانیو وا دەبینین ئەمەی لێکەوتەوە کە داهاتی سلێمانیو دەوروبەری لەلایەک زیادیکردووەو لەلایەکی دیکەوە ناتوانێت تەکمیلەی داهاتی نەوتیو سەدەقاتەکەی بەغدا بکات! پارتییش تائێستا ئاسودەدەروون بەبێگوێدانە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیان لەنێوچەکە دەستی ڕەقیبەکانی دەشکێنێتەوەو لەکاسەی خاڵیی ماڵەکان دەڕوانێتو دۆخەکەی زۆر پێباشە، بەداخەوە! چونکە ئەو تەنها چاوی لەوەیە کە بەم هەنگاوە یەکێتی لەدابینکردنی مووچەدا ئیحراج بکات کە کردوویەتیو پرسەکەی کردووە بەئیختیبار بۆ شیعارە پێشینەکانی ھەرێمگەراییو لامەرکەزیو دەیەوێت بیسەلمێنێتو بەبەرامبەرەکانی بڵێت: ناتوانن بژێوی دابینبکەن!
ئەم پرۆسەیەی کە سلێمانیو هەڵەبجەی بەئێرە گەیاندووە ڕێک واتە بەبارمتەگرتنو بەسیاسییکردنی قوتی خەڵک لەلایەن یەکێتیو پارتییەوە، نەک سیاسەتکردنو حوکمڕانی، یانی خەڵکو خزمەتگوزاریی بوونەتە کارتی ململانێیەکی نانیشتمانی! ئێستا نە یەکێتی دەیەوێتو دەتوانێت بڵێت پەشیمانم لەو بڕیارە تا خەڵک باری ڕاست ببێتەوەو نە پارتیش خەمی خەڵکی سلێمانیو هەڵەبجەیەتیو ئیتر کۆی قەیرانەکەش تێکەڵبووەتەوە بەململانێکانی بەغداو یاسای ھەڵبژاردنو غازی نادیار!
ئەمە بەشێکی چیرۆکە ھەقیقییەکەیە، کە لەپەنایدا ھەم داھاتی ھەرێم کە زیادیکردووە بۆ قووتدانی حزبیو دیارنەمانی بەرلەوەی بێتە نێو بانکەکانەوە! ھەم کەمیکردووە بۆ ھاونیشتمانییان! (مەتەڵ)
یادی بەخێر سەردەمی خوالێخۆشبوو بایز تاڵەبانی (وەزیری دارایی پێشووتر) حکومەت مانگانە پارەی دەدا بەحزبەکانو یەکجار بوو، ئێستا حزبەکانو سەرکردەکانیان بەپێی مووچەو بەڕێژەی کورتھێنان بەشی حکومەت دەدەنو خێری پێ ئەکەن! ئەوکات ئۆپۆزسیۆنو میدیا لێیان کرد بەھەرا کە ئەمە ھەڵەیە، ئێستا تێگەیشتم کە چ حیکمەتێکی تێدابوو ئەو دابینکارییە، چونکە حکومەت بەشی حزبی دەداو بێدەنگی دەکرد ئێستا پدکو ینک بەڕێژەی پێویست بەشی حکومەت دەدەن.
ھەر ئەمەشە نهێنی ئەوەی ئیشی حزبو پڕۆژەکانییان نەک نەوەستاوە لەم قەیرانەدا بەڵکو زیاتریش بوون، بەڵام زۆرینەی پرۆژەی خزمەتگوزاریی حکومەتو مووچەی بەشێکیشی وەستاوە! ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار.
ئیتر وابزانم ئەوەندە دووری نەخەینەوەو ڕوونە گەر چارەسەریی ڕاستەقینەیان دەوێت با پدکو ینک لەسەر ئەم پرسە بەرپرسیارێتی هەڵبگرنو ڕووبەڕوو دانیشنو لانیکەم ئەمە نەکەنە سیاسی.
ئێستا مەترسیدارتر لەمەش ئەوەیە ھودنەیەکی میدیاییش لەنێوان پدکو ینک-دا چەند ڕۆژێکە ھەیە وایکردووە مەسەلەی بێموچەیی بەشێکی فەرمانبەرانی سلێمانی ھیچکامیان هەر باسیشی ناکەن، جا موسیبەتەکە لەوەدایە کە شەڕی میدیایی دەستپێدەکەن ھەر فەرمانبەرانی حکومی زیان دەکەن کە ئاشتیش دەبنەوە ھەر لەسەر حسێبی ئەمان کۆتایی دێت!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی