زمانی سەردم : گفتووگۆ ، گفتووگۆ ، دایەلۆگ

14/05/2022

محمد خۆشناو


 دەمەوێت وابیربکەمەوە هەروەک بیکردنەوەی زانایەکی فیزیا ، هەمیشە وایدەبینم کە من هەڵەم و ، ژیانم وابەسەر ببەم کە گومانەکانم کەم بکەمەوە. ئیلۆن ماسک دەوڵەمەندترین دەوڵەمەندانی جیهان ئەمە وەڵامی ماسک بوو لەسەر پرسیاری تموحاتەکانت چیە؟ ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو زمان و روحی سەردەمە کە دەتوانین لەگەڵیدا گفتووگۆ و دایەلۆگ بکەین….گفتووگۆ و دایەلۆگ بەهێزترین چەکی سەردەمە کە خاوێنمان دەکاتەوە لەو چڵپاو و ژەنگی مێشک و قرێژە پیسەی بەسەرمانەوە وەیە و ئەمە بەخۆداچوونەوەی ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی هەمانە و ، دەروازەی چاکسازی سیاسیە و ، هەرچەند هۆکاری کێشە و دووبەرەکی زۆر و ئاڵۆزبێت چارەسەری دەکات. ئێستا هەرێمی کوردستان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە سازدانی دایەلۆگ و گفتووگۆ هەیە بۆ چارەسەری ئەو دۆخە خەراپەی هەیە ، کە بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی دووبەرەکی و سڕینەوەی یەکتر و خۆبەگەورەزان و رقوکینە لە جەستەی کورد و کێشەکەی داوە و ، ئەم ڤایرۆسە لە قەیران و کێشەکاندا زاوزێ دەکات و زۆر دەبێت کە لە سۆشیالمیدیا و عەقلیەتی دوای ڕاستی یارمەتیدەر دەبن و کاریگەر دەبێت…چەند ڕۆژێکە لە ڕاگەیاندن هەندێک بەرپرس ئەگەری سازکردنی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی پاشان حزب و لایەنەکای تر لە سەرۆکایەتی هەرێم بڵاوکردەوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە شەپڕێوەی نێو ماڵی کورد ، نێوماڵێک کە سولحکردنی لەگەڵ ناحەز و دوژمن زۆر لێی نزیکترە لە سولحکردن لەگەڵ براکانی ، ئەم پەتایە مێژوویە کە خەڵکەکەشیان پێ گیرۆدە کردووە و تا ئێستا لەگەڵماندایە و خەریکە لێمان دەکاتە نەخۆشی ئایدزی سیاسی و تووشی لاوازی مەناعەی کردوین لەمیانی فەشەلهێنانمان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی کێشە و تەحەدیەکان و ، دیارە ئەگەر دۆخەکە وابڕوات داماندەهەزێنێت و دەکەوین کە ئەو کات پەشیمانی دادمان نادات . کاتێک کێشە و قەیران و تەحەدیەکان کەڵەکە دەبن وەک ئەوەی ئێستای هەرێمی کوردستان ، پێویستە دەسەڵات هەموو توانای خۆی دووبەرابەر یان جۆرێکی نوێ لە ئیجتیهاد و تێگەیشتن یان هەدووکیان پێکەوە بخاتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنیان کە زۆربەیان دەستکردی خۆمانە و ئێمەی گەیاندۆتە «قۆناغێکی ناخۆش» ، بۆیە ئێستا کاتیەتی دۆخەکە لەوە زیاتر تێنەپەڕێت و ، چارەسەرێکی هەمیشەیی لە ڕێگەی گفتووگۆیەکی ڕاستەقینە یا دایەلۆگێک بە دەرچوونی بەلگەنامەیەکی گرنگ بۆ بدۆزرێتەوە ، چونکە بەڕاستی ئەو میللەتە هی ئەوە نیە لەوەزیاتر وایلێبکرێت و دۆخەکەش زیاتر بەرگەی ئەوە ناگرێت. بەڵام لەبەرچی حیوار و گفتووگۆ فەشەل دەهێنن ؟ ئێمە باسی گفتووگۆ لێرە و لەوێ ناکەین ، بەڵکە باس لەو شکستە دووبارانە دەکەینەوە کە لەماوەی دەیان ساڵ و زیاتریشە ڕوودەدەن! بۆیە وەڵامی ڕووکەشمان لەجۆری «نەبوونی جدیەت» و«لێکدژبوونی بەرژەوەندیەکان » و «بنبەستبوونی متمانە لەنێوان گفتووگۆکاران» بەتایبەتی لەنێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار نیە، ئەمە جگە لە ململانی لەسەر نفوز و تاکڕەوی و بێمنەتی و… هتد ، ئەمە نەخۆشیەکی درێژ خایانە کە تووشی بووین و ، پێویستی بە پزیشکی تایبەتمەند « پزیشکی دایەلۆگ و گفتۆگۆ » هەیە چارەسەری بکات ، ئەگەر حزبەکان دەیانەوێت بەجدی کوردستان و گەلەکەی لەو دۆخە دەربێنن پزیشکیانی دایەلۆگ هەن ، کە باشترین و دیارترینیان نێچیرڤان بارزانی-یە و ئەزموونێکی باشی لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانە هەیە و ، هەمیشە بە داوا و بانگەواز نیشانە ترسناکەکانی ئەم نەخۆشیە دەخاتەڕوو و ، ئەگەر هاوکاری و پاڵپشتی جدی بکرێت باشترین پزیشکە کە دەتوانێت دەستنیشانی قووڵ بۆ ئەو نەخۆشیە موزمینە بکات و ، دەستەبەری چەتری پاراستنی کۆمەڵایەتی بکات و بۆ گەیشتن بە شەراکەتێکی ڕاستەقینە و یەکگرتوویی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو ترسناکیانەی کە هەڕەشە لە کوردستان دەکات و کە چیتر تەحەمولی موزایەدەی سیاسی ناکات ، هێشتا لە جەستەی کوردا خاڵی بەهێز هەیە ، بەڵام ئێمە زۆربەیمان گۆڕیووە بۆ خاڵی لاواز و لێمان بۆتە درێژکراوەی « پاژنەی ئەخیل» و دەگەڕێین لەدەرەوە باوەش بۆ هێزێک بکەین کە هێزی ڕاستەقینەی ئێمە نیە بەڵکو هێزێکە لە ئەوانی دیکە وەرمانگرتووە. ئەمەی باسمانکرد ڕاستیەکی تاڵە کە گوزارشتە لە ترسێکی ڕاستەقینە کە بەڕێوەیە و ئەگەر بەرەنگاری نەبیتەوە هەموومان بەرەو تراژیدیایەکی نوێ دەبات کە نەوەکانی ئایندە چیرۆکەکەی بخويننەوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی