قازی بگۆڕن بە موختار با حەل بێت !

15/05/2022

ئاسۆ عەبدوللەتیف


وادیارە قازی، باش تێناگات لە دۆخی ئاوایی.

دەقە یاساییەکانی عێراق بۆچی کورتخایەنەو بڕناکات، هێزی تەنفیزیی و ئیجرائیی نییە، چونکە خۆی کەمخوێنە لەبەردەم خوێنی عەسابەو بەهێزەکاندا، کەمخوێن و بیمارە بە بڕی ئەو لۆژیکەی عەسکەرو تفەنگبەدەستەکان و ڕێککەوتنە نهێنییەکانی دەرەوەی یاساکان. هیچ دەقێکی یاسایی لە حاموڕابییەوە تا ئەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، جاسم محمد عەبود حەمادی و تیمەکەی، بەرگەی شریخەی چەک و میتۆدی سەختی هێزەکان و گەمەی دانوستانەکانی نەگرتوە، بەتایبەت هێزێک نەوت و پاڵاوگەو جوگرافیاو چەکی هەبێت، یانی ئاسان نییە بە دەرکردنی یاسایەکی فیدڕاڵیی وشک لەناو سیستمێکی تائیفی و فەوزەوییدا دەستکاریی بازووی هێزەکان بکەیت و لەقاڵبیان بدەیت؟

 هەموو ئەو هێزانەی بڕیارە حکومەت پێک بهێنن لای تەیاری سەدری و کوردو سوننەو چوارچێوەی هەماهەنگیی، خۆیان هێزەکەن، عەڕابی یاساکانن، گوێی قازی و یاسادانەرەکە لە مشتیاندایە، یاسای دەستوریی و جینائی و مەدەنی لای خۆیانەو لاستیکییە، خاوەن هێزو بلۆکی گەورەی سەربازیی و کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەن، تەنها ڕێککەوتنی نهێنی و پێدانی پۆستەکان یەکلاکەرەوە دەبێت.

دەڵێن کاتی خۆی ئاغایەک کێشەیەکی زەوی و زاری  دەبێت لەگەڵ خوردە مالیک و قازیەکە ئەچێ بەڕقاو بۆی چارە ناکات، ئیدی ئاغاکە بە پیاوەکانی دەڵێت ئیتر ئاسانە و چارەم کرد، دەڵێن چۆن جەناب عالی؛ دەڵێ قازیەکەم گۆڕی بە موختار، وادیارە قازی باش تێناگات لە دۆخی ئاوایی.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی