دەسەڵاتێکی شەقوەشێن

16/06/2022

گۆران هەڵەبجەیی

لەسیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت نوێنەرایەتی جۆری ئەو  دەسەڵاتە دەکەن کە وڵات بەڕێوەدەبات،دەتوانین بڵێین ئاوێنەی  جۆری ئەقڵیەت و بیرکردنەوەو ڕەفتاری حیزبە حکومڕانەکانن.

گەر دەسەڵاتێک خاوەن بەرنامە و پلان و خەمخۆری خەڵک بێت و ئەولەویەتی خۆشگوزەرانی و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان بێت،کەواتە گەرەکە و سرووشتیە کە سەرجەم پێکهاتەکان ،ئەوانەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن لەسەر هەمان ڕیتم بڕۆن و بەهەمان نەفەس کاربکەن.

لەدەمی دەسەڵاتی نازیەکاندا لە ئەڵمانیا سوپا،پۆلیس، ئاسایش{گستاپۆ} و مەلیشیاو  لاوانی حیزبی و سەرجەم هێزەچەکدارەکانی وڵات، تەنانەت فەرمانگە میریەکانیش،ڕەفتاروکرداریان ڕەنگدانەوەی سیاسەتی باوی نازیەکان بوو.ئەندامانی ئەو هێزانە بەدڕندەیی و سادیەت ناسرابوون و بەمەبەستیش بەوجۆرە پەروەردەکروابوون. کەسانی میهرەبان و بەبەزەیی جێگەی نەدەبوویەوە لە نێویاندا. کووشتنی مرۆڤ لە کنیان لە کووشتنی چۆلەکە ئاسانتر بوو،ئیهانە کردن و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان لەلایان کارێکی ڕۆتین بوو. دەکرێ هەمان پێناسە بۆ فاشیەکانی ئیتالیاو  یابانیەکانیش بکەین لەهەمان سەردەمدا.

وەلێ دەمێک جەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی هات و دەسەڵاتی نازیەکان گۆڕدرا بە ئەحزابی دیموکراتخواز و خاوەن تۆلەرانس ،ئیدی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتیش گۆڕانکاری بنەڕەتیان بەسەرداهات ،سەرجەم ئەو پێکهاتەو دەزگایانەی بەرکەوتەی ڕۆژانەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەبوو، بەجۆرێکی جیاواز پەروەردەکران ،کە ڕێزگرتن و مامەڵەی هێمن و ڕەفتاری ئینسانیانە بنەماکانی ئەو پەروەردە و گۆڕانکاریانەبوون.

هەر ئەو جۆرە پەروەردە وایکرد کە تائێستاش ئەو وڵاتانە پێشەنگ و پێشکەوتووبن لە زۆر ڕوەوە ،بەتایبەت لە بواری پیشەسازیدا. لەهەرێمی کوردستان لەپاش نەمانی بەعس ،دەسەڵاتی خۆماڵی هاتە ئاراوە،کە یەکێتی و پارتی دووهێزی سەرەکی و باڵادەستبوونلەو دەسەڵاتەدا ،پاش {٣٠} و تائەمڕۆش هەربەهەمان سیستەم  و ئەقڵیەت وڵات بەڕێوە دەبەن کە هەرگیز لەتەک مەرج و شوناسی بەڕێوەبردنی هاوچەرخدا یەکناگرێتەوە.

دەبوو ئەم دوو حیزبە داموودەزگاکانی هەرێم بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی پێشوو بنیات بنێن کە ڕەنگدانەوەی واقیعێکی نوێبێت و سیمای شارستانی و پێشکەوتوویی پێوە دیاربێت. بەداخەوە ئەوە نەکرا ،بەڵکو لەبری ئەوە هەستان بە پڕکردنی دامەزراوەکانی هەرێم بە کەسانی حیزبی . ئەو دوو حیزبە بە {درووشمی زۆربێ و بۆربێ} کاریان کرد نەک بەدرووشمی {کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو} ،بەوەش چەندایەتیان بەسەر چۆنایەتیدا زاڵ کرد.

ئاکامی ئەم سیاسەتە چەوتەش پڕکردنی جومگە گرنگ و هەستیارەکانی وەک دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و زانیاری و پاراستن و سوپا و دژە تیرۆر و زرێڤانی و چی وچی بە کەسانی نەخوێنەوار،ناڕووناکبیر، دواکەوتوو، کەللەڕەق،ناشارستانی،بەڵتەجی و داماڵڕاو لە هەموو خەسڵەتێک کە پێویستە لەوکەسانەدا مەوجود بێت کە کارمەندای ئەو دەزگایانەن. تاکە شتێک کە دەسەڵات لەم جۆرە کەسانەی دەویست و دەوێت ئیتاعەتی کوێرانەی حیزب و جێبەجێ کردنی فەرمایشە حیزبیەکانە.ئیدی پاراستی ئەمنیەتی هاوڵاتیان و بەجێگەیاندنی داخوازیەکانیان هیچ بەهاو مەکانەیەکی نەبوو لە کنیان. ئەوانە وا فێرنەکراون کە ئەرکی ئەوان خزمەتکردن وپاراستنی کەرامەتیهاوڵاتیان وڕێزگرتن لە یاسایە.

لەماوەی دەسەڵاتی جووت حیزبدا  لەلایەن پیاوانی ئەو دەزگایەوەبەردەوام سوکایەتی، تێهەڵدان، ئازاردان ،گرتن و زۆر کاری نابەجێ و نایاسایی بەرامبەر بە هاوڵاتیان کراوەو دەکرێت ،دەمێکیش لەسەر ئەم تێهەڵدان و کەرامەت شکاندنانە دەبێتە هەرا ،بەرپرسێکی ئەو دەزگایە یا کەسێکی سەرووتر زۆر بێباکانە دەڵێت ئەو کارە فەردی بووەو ئێمە ڕێز لەیاسادەگرین و بکەران سزادەدەین،وەک ئەوەی یەکەمجاربێت کاری واڕوویدابێت. هەر زۆری پێناچێت هەمان شت لە شوێنێکی دیکەو بەرامبەر بە کۆمەڵە کەسانێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە .کێشەکە لەوەدا ئەم ئەفسەرو پۆلیسانە بەو ئەرکە هەڵناسن کە دەبێ پێی هەڵسن ،بەڵکو ئەوان پاراستنی حیزب و دەسەڵات بەئەرکیسەرەکی خۆیان دەزانن ،بەوەی دووشەق زیاتر بوەشێنن ئافەرین و ڕوتبەیەک زیاتر وەردەگرن.

ئاخر گەر کارمەندانی دەزگایەکی گرنگی وەک هی پۆلیس کە بەرکەوتنی ڕۆژانەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە ،گەر ئەمانە لە ژیانی کارکردنیاندا خولێکیان بۆ نەکرابێتەوە ئامۆژگاری و ڕێنمایی نەکرابن دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی هێمن و شارستانی لەگەڵ هاوڵاتیاندا،یاخود باسی ئەزموونی مامەڵەی شارستانیانەی پۆلیسی وڵاتە پێشکەوتووەکانیان بۆ نەکرابێت ،کەواتە هەر چاوەڕێی شەقوەشاندن و شکاندنی کەرامەتی خەڵکیان لێدەکرێت. ڕاستیەکیش هەیە کە دەبێ بیزانین ،ئەویش ئەوەیە کە  جووت حیزب پێویستیان بەم جۆرە بەڵتەجی و شەق وەشێنانە هەیە ،هەر ئەمانەن بە شەق و بۆکس و تووندووتیژی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتیان ڕاگرتوە. ئەمانە بەوەفاترین خزمەتکاری دەسەڵاتن ،ئەمانە ئاوێنەی سرووشتی دەسەڵاتن،دەسەڵات خۆی مرۆڤکوژە ،نادادپەروەرە ،نادیموکراتە،گەندەڵە سەرکووتکەرە،ئێ خۆ ناکرێت ڕێبازی دەسەڵاتێک بەوجۆرەبێت و چەکدارەکانی میهرەبان و شارستانیبن.

ئەوانە لە دوای وەشاندنی هەر شەقێکدا مووچەو پلەیان بەرزدەکرێتەوە،جا هەرچیش باسی ڕاگرتن یا دەرکردن لە کار یا دادگایی و سجن کردن دەکەن ، هەرگیز بڕوا بەو قسانە مەکەن ،ئەوە تەنها بۆ گێلکردنی خەڵکە و هیچی تر. قوباد تالەبانی چەند لە بەڵێنەکەی بردەسەر بە زیندانی کردنی ڕائید دلێری نەخوێنەوار ،ئەو ڕائیدەی شەقی لەدەمی خوێندکارێک دا ،کەواتە هەر هێندەش بەڵێنی سزادانی ئەو شەقوەشێنانەی دادگای سلیمانیش دەباتەسەر.

نە بڕوا بە بەڵێنەکانی پەرپرسانی ئیداری بکەن ، نە بەسەردانی ئەم بەرپرسو ئەو بەرپرسی حیزبی بۆلای شەقتێهەڵدراوان.دڵنیابن ئەوان هەرگیز شەقوەشێنێکی بەڵتەجی کە پەروەردەی خۆیانە و تاسەر ئێسقان دڵسۆزو گوێڕایەڵیانە ،هەرگیز سزانادەن لەبەرخاتری هاوڵاتیەک.

نیوەی تەمەنم لە ئەوروپا بەسەربردوە زۆر جار لە نزیکەوە ئاگاداری مامەڵەی پۆلیسم لەگەڵ خەڵکدا، هێندە بەئەدەب و شارستانیەوە ڕەفتاردەکەن مرۆڤ شەرمەزاردەکەن.تەنها لە حاڵەتی {داکۆکی لەخود}دا بۆیان هەیە هێز بەکار بهێنن دەنا بە پێچەوانەوە گەر سەلمێندرا پۆلیسێک بێ هۆ زەبری بەکار هێناوە ئەوە سزادەدرێت و ڕاگەیاندنەکانیش دەیکەنە هەرا.

بەڕای من تا ئەم دوو حیزبە بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبن ،بەوەی تەنها لە خەمی خۆیاندابن و هاوڵاتیش بێ بەهاو وەک کۆیلە تەماشابکرێت ،ئیدی بەهیچ جۆرێک چاوەڕێی ڕەفتاری جوان و شارستانی لە کەسانی سەربە دامەزراوە میریەکانیش مەکەن، دڵنیابن هەر وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەست و شەقیان کراوەدەبێت.

دڵنیام لە نێو ئەو دامەزراوانەدا کەسانی پاک و دڵسۆزهەن کە دەسەڵات نەیتوانیوە مەعدەنیان بگۆڕێت،بەڵام بەداخەوە  کەمینەن و ڕۆڵیێکی ئەوتۆیان نیە ،دەلیلیشم ئەوەیە ئایا لە نێو ئەو پۆلیسانەی نێو بینای دادگادا بەویژدانێکیان تێدا نەبوو ڕێگری لەو شەقوەشێنە بکات؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی