سەرۆکی حکومەت.. تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت

23/06/2022

دانا ڕه‌شید

گەورەترین گرفتاری ئەو حزبانەی دەسەڵاتی هەرێمی کورستانیان بەدەستەوەیە، گوێنەگرتنەو حاڵی نەبوونە، لە گەندەڵی‌و قەیرانگەلێک، کە بەهۆی نابەڵەدی ئەوانەوە بۆ ئەو کۆمەڵگەیە بەهەموو چین‌و توێژو کەرتێکی بەڕێوەرایەتیەوە دروستکراوە، نابەڵەدی تا ئاستێکی زۆر ترسناک، تا ئاستی فرۆشتنی چارەنوسی نەتەوەیەک، لەپێناوی مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پاش 31 ساڵ  نەک خەڵکی ڕۆشنبیرو بیرمەندو منەوەرو مێدیاکار، بەباشی لەوە حاڵی بوە کە کۆمەڵگە وەک تەختەی سەرئاو، لەسەر دەریایەک لەگەندەڵی‌و قەیران‌و ئۆقیانوسێک لەتاوان دەژی، بێئومێدی‌و بێهیوایی بەجۆرێ دەستی ناوەتە بیناقاقای وردو بچوکی ئەو کۆمەڵگەیە، کە جاران دەوترا بەعەشقەوە دەچوو بەرەو پیری مردن لەپێناوی ئازادی‌و ڕزگاری خاک‌و نیشتمان، ئێستە گەنجان نەفرەت لەو سەرزەمینە دەکەن‌و بەخەندەوە دەچن بەگەروی گێژاوی دەریای ئیجەی سەرشێت‌و لولیان دەدات، گەلۆ دەسەڵاتێک ئیسی تەنها بڕو بیاو بێت‌و موبەریر بۆ هەر تاوان هەر قەیران‌و هەر گەندەڵیەک بهێنێتەوە لەبری ڕێگەچارە، دەبێ بەتەمای چ چارەنوسێک بێ؟

ڕون‌و ئاشکرا، بەکوردی‌و کرمانجی، مەسرور بارزانی بەعینوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و جاران بەرپرسی ئاژانسی پاراستنی پارتی، چی وت،
خەڵک لەخۆشحاڵیدا دەژین، داهات‌و دەرامەتیان باشە، بێخەم‌و غائیلە، ئەوەنییە دوو ملیۆن سەیارە هەیە لەم هەرێمە.

ئێمە دەسەڵاتێکی سەرکەوتوین، هەموو شتێک شەفافە، هەموو داهاتێک ڕونە بەمەلەفی نەوتیشەوە، تەنها هەندێ داهاتی ناوخۆ ناڕون بوو ئەویش چارەسەرکرا، هەرێم شامی شەریفە کەس شانی لەکەس ناکەوێ، ئەو باسی گەندەڵی‌و قەیرانانە مێدیای ئازاد دروستیکردوەو گەورەیان دەکات، دەبێ سەرچاوەی دارایی مێدیای ئازادو سەربەخۆ ڕۆشن بکرێت لەکوێوە پێیاندەگات.

حکومەتی هەرێم بۆ هەموو کوردستانە سلێمانی موڵکی هیچ حیزبێک نییە، فەرق لەنێوان هیچ پارێزگاو شارێک ناکەین، دەسەڵاتمان شۆڕکردۆتەوە بۆ هەموو پارێزگارەکان، ئازادی ڕادەربڕین‌و ئازادی بیروڕاو کاری سیاسی لەهیچ شوێنێ وەک ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەی ئێمە نییە لەئازادیدا. ئەمە کورتەی قسەکانی مەسرور بارزانی بوو لەوەڵامی  مێدیاکارو ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ، لێرەوە با خاڵ به‌خاڵ شرۆڤەی بکەین تا دەگەینەسەر سنگی:

یەکەم
 دەبێ سەرچاوەی داهاتی میدیای سەربەخۆ دیاریبکرێت لەکوێوە دێت: دەی باشە بەڕێزم  تۆ سەرچاوەی ئەو لەشکرە مێدیای بینراو بیستراوەو فەزائی‌و زەمینیەی خۆتان دیاریکردوە، باشە عەقدی 50 ساڵەی نێوان پارتی‌و تورکیا کەس دەزانێ چییە، مەلەفی نەوت کەس لێی ئاگادارە، داهاتی ناوخۆو گومرگەکان‌و خەتی قاچاخ کەس قوەتی بەسەریاندا دەشکێ، ئەو هەموو ملیۆنێرو ملیاردێرەی دروستانکردوە لەسەر حسابی قوتی میلەت کەس دەزانێ چەندی بەچەندە، چاوت بڕیوەتە چەند سایتێکی ئەلیکترۆنی‌و چەند پەیجێکی سۆشیال مێدیاو دەنگێکی زوڵاڵی بەدەرخستنی ڕاستیەکان، کە بەگیرفانی ئەم‌و ئەو بەڕێوەدەچێت، کورد واتەنی بەبێوەژن کۆشیکردن‌و بەکرێیەکی کەمی 3 وەرەقەیی، زۆربەی کارەکان بەخۆبەخشی دەڕۆن بەڕێوە، بۆ زانیاریت، هەر ڕۆژنامەنوسێک کە ئێوە هەڵیدەگێڕنەوەو دەیخەنە بەرەی گەندەڵی، لەهەر کەناڵێکی ئێوە بەچەند ملیۆن دینار موچەی دەدەنێ، ئێوە سەرچاوەی ئەوە دیاریکەن، ئەدی بۆ تائێستە ئەو حکومەتە دەزگایەکی مێدیای نیشتمانی نییە، دەبوو ئەوەیان بپرسیایە؟

دووەم
لەچ شوێنێ‌و لەچ کۆمەڵگەیەک ڕێژەی ژمارەی ئۆتۆمبێل بەمقیاس‌و ئاماری خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە حساب کراوە، پێمان بڵێ کاک مەسرور، ئەمە ڕێک لەقسەی ئەو مەلایە دەچێت، کاتێ باسی گەورەیی‌و زەبەلاحی هەریەک لەو مەلائیکەتانەی دەکرد کە بەرپرسن لەجەهەنەم، گوایە درێژی شانی هەرکەسێکیان 70 ساڵە بەپێوانەی فڕین، نازانم ئەو مەلایە ئەو قسەیەی لەکوێ وەرگرتبوو لەکوێدا قیاس‌و پێوانەیەک هەیە پێی بوترێ فڕین.

دەی باشە کاک مەسرور، تۆ لەوڵاتەکەتا پاسی گشتی هاتوچۆت نەبێ، قیتارو میترۆت نەبێ، شارو وڵاتیشت بەگەڕەکی بێ پلان‌و بینای بێ شومار گەورەکردبێ، خەڵک چۆن دەرەقەتی هاتوچۆبێت؟ دەترسم ڕێژەی قافڵەی ئۆتۆمبێلەکانی خۆت‌و بنەماڵەو خێڵ‌و حزب‌و سەرکردایەتی‌و خەڵکە حزب پێداوەکانیشت لەسەر خۆشگوزەرانی ئەو خەڵکە حساب کردبێ؟

سێیەم:
دەڵێ ئێمە حکومەتێکی شەفافمان هەیە، کابینەیەکی سەرکەوتوین تائێستا، جا کاک مەسرور پەندێکی عەرەبی دەڵێ، بەحوشتریان وت بۆ ملت خوارە، وتی جا کوێم ڕێکە، ئاخر ماڵت ئاوابێت بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی بەحساب ئێوە حکومڕانی دەکەن کوێى بەساغى ماوە، تا دوا ئەندازە گەندەڵی‌و ڕاووڕوت داینەڕزاندبێ، دەردی کاک کەمال ڕەئوف لەکاتی قسەکانی خۆیدا وتی، ئێوە بەس گوێ لەچواردەورەکەی خۆتان دەگرن، ئەوە تەرەفێکی  مەسەلەکانە، دەبێ هەردوو تەرەف ببینن، بەداخەوە کە ئێوە تەنها لەپەنجەرەی خۆشگوزەرانی چواردەورەکەی خۆتان لەسەر حسابی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە دەڕوانن، هەڵبەتە هیچ نازانن‌و نابینن، وەک شانۆگەریەکەی عادل ئیمام  دەڵێ، شاهد مشوفش حاجە.

چوارەم:
ژیان له‌هەرێم  زۆر ئاساییە، دادگاکان سەربەخۆن‌و یاسا بەرقەرارە، ئەوە مێدیای ئازادە شتەکانی گەورەکردوە: دەی باشە من پێشنیازدەکەم بۆ بەڕێزتان بچن دانیشتنێکی عەلەنی لەگەڵ بەڕێز حاکم شێخ لەتیف لەسلێمانی بکەن، ئەوسا بەڕونی‌و یاسایی‌و زانستی بۆتان دەردەکەوێ تا چ ئەندازەیەک ده‌سه‌ڵاتى دادوەری داڕزێنراوەو لێرەوەش ئاسایشی مەملەکەت بوە بەحوکمی قەرەقوش کێ دەستی چەک بگرێت حاکمە.

پێنجەم:
حکومەتی هەرێم بۆ هەموو کوردستانە، هیچ پارێزگایەک بەموڵکی سیاسی هیچ حزبێک نازانین، دەی باشە ئەڵمان دەڵێ (کلیپ ئوند کلار) واتە ڕێک‌و ڕەوان، بۆ شەقێک لەو سنورە لەعنەتیەی نێوان زۆنی زەردو سەوز هەڵنادەیت‌و هەموو هەرێم بکەیتەوە بەیەک هەرێم وەک پێش ڕوداوی ڕەشی 31ی ئاب، ئەگەر ڕاستدەکەی.

شەشەم:
ئازادی ڕادەربڕین‌و کاری سیاسی‌و سەربەخۆیی مێدیا لەهیچ شوێنێ وەک لای ئێمە نییە: جا باشە ئێوە هەرکەسێ بڵێ لەل، بیگرن‌و بیپێچن لەمەلەفێکی جاسوسی‌و تاوانی دژی نیشمان، هیچی تێدا دەهێڵنەوە، باشە تو ویژدانت، خوێندکارێکی ڕۆحناسکی وەک سەردەشت عوسمان، لەسەرئەوە تیرۆرتان کرد کە، وەک بۆتان دروستکرد، تیرۆرست بوو؟ سەر بەڕێکخراوی قاعیدە بوو؟ یەعنی شیروان شیروەندی جاسوسە؟ کورد دەڵی، زۆر وتن قورئان خۆشە، ماسی لەسەریەوە بۆگەن دەکات، ئێوە هەر لەئەزەلەوە لەو حکومڕانیەی کە 30 ساڵە گەیشتۆتە ئەم  خاڵەی ئێستە، لەسەریەوە بۆگەنی کردوە، بۆیە هەر دەشبێت جارێکی تر لەسەری ساڵانەوە دەستپێبکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی، هەروەک پەندێکی ئێرانی دەڵێ، ئەم فەرشە لەسەرەتاوە نەخشی غەڵەت بوە... وەسەلام.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی