ئەمانیش چارەنوسی ئەحشیدیەكانیان نابێت ؟

01/07/2022

عیماد عەلی

لە ساڵی 935 ز ئەخشیدیەكان دەسەڵاتی میسریان گرتە دەست و تاوەكو هاتنی دەوڵەتی فاتمی لە ساڵی 969ز بەردەوام بوون. ئەوەی جێگەی گوتنە لێرەدا بۆ پەندوەرگرتن، ئەم ئەخشیدیانە هیچ دەستكەوتێكیان بۆ گەل و وڵاتەكەی خۆیان نەبوو، تەنها پارەیان دابەش دەكرد بەسەر خەڵكی خۆیاندا بۆ زیاتر كردنی هەوادار و لایەنگر و دۆستانی خۆیان لە نێوخۆدا و كەچی خەڵكەكەلەوەوریاتربوون و بەو شێوەیەش رقی دونیایان لە سیاسەت و رەفتار و خودی  سەركردەكانیان بوو، دەیانزانی كە هیچ سوود بە وڵاتەكەیان ناگەیەنن تەنها بۆ مانەوەی خۆیان ژیانی پر لە خۆشگوزەرانی خۆیان و دارودەستەكانیان ئەو پارەیە دابەشدەكەن..ئەم دەوڵەت ئەخشیدیە لە بنەرٍەتدا سەركردیەكی تورك بە ناوی محەمەد كورٍی تەغج خەڵكی فەرغانە بەرێوەی دەبرد كە نازناوی ئەخشیدییان پێ بەخشی  واتە میر بە پێی زمانی ئێرانی ئەوكاتە. لە دوای خۆی كورەكانی وڵاتیان بەرێوەدەبرد ئەوانیش بێ شارەزایی لە ژێر كاریگەریی ئامۆژگاری خزمەتكارێكی باوكیان كاری دەوڵەتیان بەرێدەكرد. ئەو خەڵكەی كە بە پارە بوون بە لایەنگری ستختەی ئەو جۆرە ولات و سەركردانە و لە ژێرەوە دەیانزانی هیچیان بەسەر وڵاتەوە نیە وهیچ سیفەتێكی وڵاتپارێزیان نیە و تاقە دەستكەوتێكیان بەدەست نەهێناوە، لە حەقیقەتدا  زۆر رقیان لێبوونەوە و هەمیشە بە دوای هەلێكدا دەگەرٍان بۆ لەناوبردنیان بەدەستی هەركەسێكی دەرەكی بێت یان نێوخۆیی. وایلێهات كە لە لایەنە خودی ئەو خەڵكە پارەوەرگرەی ناوەوەی وڵات كار تا راجەیەك كاربۆ بنكۆڵكردنی دەسەڵاتی ئەخشیدیەكان بكەن و یاریدەری سەرەكی هاتنی دەوڵەتی فاتمی بوون و ئەوانیش بە ئاسانی توانیان دەست بەسەر میسردا بگرن ، كەچی پارەوپوڵی موفتی دابەشكراو لە لایەن ئەخشیدیەكانەوە هیچ دادێكی نەدان.
بۆیە ئەگەر دەستكەوت و كاری بنەرٍەتی و سودبەخش بۆ وڵاتەكەت نەكەیت و میلەت نەگاتە ئەو قەناعەتەی كە دەسەڵات بۆ وڵاتەكە كاری جددی دەكات نەك بۆ تاكی كۆمەڵگە و بە سەروەت و پارەوپوڵی وڵاتەكە بە موفت دابەش بكەن و ئەگەر دەستكەوتی هەمەجۆری دیاری دەسەڵاتەكە لەسەر ئەرزی واقیع نەبیینێت، لە بچوكترین هەلدا  بە جموجوڵێكی بچوكی ناوەكی بێت یان دەرەكی تووشی پشێوی و دارَمان دەبێت و بێگومان چارەنوسی هەرەسهێنانە بە هەمان شێوەی ئەخشیدیەكان و چەندین وڵاتی تریش لە مێژوودا.   

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی