پەڵە شێواوە ترسناکەکانی جەستەی کوردستان…چاوەڕێی چارەسەرە

02/07/2022

محمد خۆشناو

کۆمەڵێک پەڵەی ناشیرینی شەرمەزار جەستەی هەرێمی کوردستانی شێواندووە ، کە لە نەخۆشیەکانی دوو زۆنی زەرد و سەوز و ، پەرتاوازیی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوویی نیشتیمانی و ، تێکچوونێکی تووند لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و مرۆیی و ، بوونی تیرۆرێکی نەرم و بێدەنگ و ، بوونی ژمارەیەک لە زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی و خوێندنی تایبەت کە ئاستی فیرکردن و خوێندن و پەروەردەی گەیاندۆتە چڵپاو و ، بوونی فەرهەنگی پێکەوەژیان لەگەڵ گەندەڵی و چەندانی دیکە سەریهەڵداوە. لەنێو ئەو نەخۆشیانەدا خەریکە ویژدان و ڕەوشت واتێکدەچێت کە کۆمەڵگە بەرەو جەنگڵستان دەبات ، ڕۆژ نیە ئێمە گوێبیستی تاوانی واقێزەوەن و بەئازار نەبین کە پێشتر نەمانبیستبوون و نامۆ بوون بە کۆمەڵگەی کوردستان…کوڕ باوک دەکوژێت و پێچەوانەش ، برا برا دەکوژێت ، برا خوشک دەکوژێت ، خوێنکار مامۆستا دەکوژێت ، کەسێک هەموو ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت…هتد ، جا ئازارەکە ئەوەندەی دیکە بە ژان دەبێت کە وێنەی ڕووداوەکە بڵاودەکریتەوە ، وەک ئەوەی وێنەگر چێژ لە ڕووداوەکە وەرگریت و وەک سەبقێکی هەواڵ بڵاویکاتەوە لەجیاتی ئەوەی قوربانیەکە ڕزگار بکات!! کوشتن و بریندارکردن هەر تەنها بە گوولە و چەقۆ و کەرستەی دیکە نیە ، بەڵکو بەکارهێنانی تووندوتیژی مەعنەوی«تیرۆری بێدەنگ» لە ڕێگەی کەڵەگاییکردن « التنمر» بەسەر کەسی بێدەسەڵاتدا کە وا لە ئەوەی دیکە دەکات ملکەچ بێت بۆی و ، لە ڕووی زارەکی و دەروونی و جەستەیی ئازار بخوات و قسەی تووند و ناشیرینی پێ بگوترێت و ناچاریکەیت میز لە پۆل بکات و. کەڕامەتی بشکێنیت و برینداری بکەیت و دەیان شێوازی دیکەی کەڵەگایی و تووندوتیژی ، ئەمە وادەکات کە بارگەیەکی غەزەبی گەورە لەناو دەروونی پەنگ بخواتەوە و لەچرکەساتێکدا بیتەقێنیتەوە…ئەوەی جێی ڕامانە ئەوەیە کە سەیری هەموو ئەو تاوانانە دەکەیت ، دەبینین زۆربەیان لە چرکەساتێکدا دروستدەبن و ، پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژراوە و ئامادەکاری بۆ نەکراوە ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ووزە و توانای تووڕەبون و ئاگری رقوکینەی ئەمبارکراو زۆر گەورەیە و لەچاوەڕوانی هەڵوێستێکە هەتا ئەگەر بچووکیش بێت بتەقێیەوە بۆ گوزارشتکردن لەخۆی ، ئەم ووزە تووندوتیژیە لەکن هەندێک کەس ئەگەر بەڕووی نزیکەکانی یان تاکەکانی خێزانی یان ئەوانی دیکە لە کۆمەڵگا نەتەقینێتەوە لەوانەیە لە خودی خاوەنەکەی بتەقێتەوە بەهێرشکردنە سەر خودی خۆی ، هەروەک ئێستا دەبینین لە زیادبوونی حالەتەکانی خۆکوشتن . ترسناکی ئەو تاوانانە لەوەدایە کە زۆر دووبارە دەبنەوە ، کە جگە لە بەکارهێنانی تووندوتیژی مەعنەوی هۆکاری دیکەش هەن بۆ بڵاوبوونەوەی ، لەوانە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کە بنەماکانی عەقل ناهێڵێت و ، بەرزبوونەوەی نرخ و بڵابوونەوەی بێکاری لەناو گەنجان بەتایبەتی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە هیوایان بە ئاسۆی کار و هاوسەرگیری لاواز دەبێت و ، بەمە دەکەونە ناو بۆشایی و کەوتن و گرژی و دڵەڕاوکێ کە ئەمانە سێگۆشەی دۆزەخین بۆ دەرگاواڵابوونی تووندوتیژی و ، زۆر کەرستەی تووندوتیژی دیکەش هەیە کە هۆکارن و بێ هیچ وریاکردنەوەیەک یا ڕێنماییکردن بەکاردبردرێن جا لە لایەن خێزانەوە بێت یا دامەزراوەی پەروەدە و ڕاگەیاندن و دراما ، لێرە ئەوەی جێی سەرنجە ئەو دڵۆپە تووندوتیژیەی کە دزە دەکاتە ناو دەروونی منداڵ و نەشونوما دەکات بەهۆی زۆر بەکاربردنی گەمە ئەلکتڕۆنیەکانی جەنگ و کوشتن و ، کوشتنی نەیارەکەی لەگەڵ خاپوورکردنی ئەوەی هەیەتی ، بەمە نیەتێکی کوشتن لە کۆنەستی منداڵەکە دروستدەبێت. مرۆڤ بەداخ و سەرسۆڕمانێکی زۆرەوە دەپرسێت : چۆن هاوڵاتیەک دەتوانێت خۆی لەو دوژمنکاریە بۆ سەر مافی لە ژیان و ئاسایسدا بپارێزێت ؟! کێ بەرپرسە ڕێگە بەو هەموو تاوانبارانە دەدات تاوانەکانیان ئەنجام بدەن و ترس و تۆقاندن لە شەقامی کوردستانی بڵاوکەنەوە ؟! لەو بڕوایەدام کە پسپۆران و شارەزایانی پەروەردە و دەرووناس و کۆمەڵناسان ئەرکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەسەرە…ئەم ووزەیە لە تووندوتیژی و دوژمنکارانەیە کەی و چۆن پێکدێت و ، کەی دەبێتە ترس کە بەرەو خودی خۆی و ئەوانی دیکە دێت و ، ئایا دەتوانرێت تووندیەکەی سووک بکرێت و چرکەساتی تەقینەوەکە لاببرێت؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە