کوردستان لەهەزار ساڵی داهاتوودا

03/07/2022

هەژار سدیق


لەگەڕان و کنەو پشکنینە شوێنەوارەکانی ئێستادا ، تەنیا چەند گۆزەیەکی شکاو کەرتە دیوارێك و ئاگردانێك دەدۆزرێتەوە ، ئینجا دووچاری دڵەڕاوکێشمان دەکەن ، کە ئەم  گۆزە شکاوە هی کوردە یان هی ئەلیکساندەری مەکدۆنیە ؟
لەبەدبەختی کورد ، هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا سۆمەریەکان ووشەکانی گامێش و گەڵەگا و کەڵەگەت و باڵادەست و ئەهریمەنیان بەکارهێناوە ، کە ئێستاش ئەم ووشانە لەزمانی کوردیدا بەکاردێن و بێگومان ،  ڕەگەکەشیان کوردیە ، کەچی تورك و تورکمانەکان دەڵێن ئێمە نەوەی سۆمەریەکانین !!!
هەڵبەتە پاش هەزار ساڵی دیکە ، ئەم هەرێمی کوردستانە نامێنێت ،  لەکنەو پشکنینەکانیشدا ئەم شارستانیەتەی ئێستای حکومەتی هەرێم ، جارێکی تر هەڵدەدرێتەوە کەپێکهاتووە لە چەند هەزار مۆڵ و ئوتێل و مۆتێل و گوندەکانیشی ناویان ئەمریکی و ئەڵمانی و ئیتالی و ئیسپانیە ، لەگەڵ ژمارەیەك لە مەساجخانە و بەنزینخانەو نەخۆشخانەو چەند شوققەیەك دەدۆزرێنەوە ، بەڵام پشت ڕاست ناکرێتەوە کە ئەم موڵك و  کەلوپەلانە هی گەلی کوردبن ، چونکە هەم ناوی پڕۆژەو هەمیش ناوی بەڕێوەبەرەکانیشی کوردی نین و هەم ئەوانەی ناو شوققەو گوندەکانیش کوردنین و زۆرینەیان عەرەبن ، یاخود وەکو کوردەکانی ناو جەبهەی تورکمانی پێیان شەرمە بلێن کوردین.
لەزۆربەی شوێنەکانیشدا کۆمەڵێك دیسك و هاردی کۆمپیوتەر دەدۆزرێنەوە ، پشکنەرەکان تووشی شۆك و  سەرسوڕمان دەبن ، لە لیستی موختارو موخبیر و موئەزینی مزگەوت و کەمئەندامی هەرچوار پەل ساغ و سەلامەتدا.
بەڵام ئەوەی کەبۆیان ساغ نابێتەوە ، ناوچەکە کۆماری بووە ، بەڵام ئەم هەموو پاشایە چیە حوکمیان کردووە ؟
دواتر تیمە پشکنەرە بەستەزمانەکان هەموویان شێت دەبن ، لەبەرامبەر کۆبونەوەکانی پاشاو شازادەو شێخەکانی کۆماری کوردستان ، لەگەڵ باڵیۆزو کۆنسولی وڵاتەکان و تێشناگەن ئەم  جێنین بلاسخارتە کێیە ، کە زوو زوو لەسەر مێزێکی خڕ کۆیان دەکاتەوە؟
ئینجا ئەم مێزە خڕەش کێشەیان بۆ دروست دەکا  لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕاندا کە کورتکراوەکەی خڕە.
پاشان بابەتەکە زۆر گەورە دەبێت هەموو دنیا دێتە سەرخەت ، بەڵام کەسیان تێناگەن لەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانێترو کەناڵی ڕاگەیاندن و کچە مۆدێلەکان نۆرەی بەنزینخانەو مژدەی هاتنی موچە چیە ؟

هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی