ئەردۆغان یاسای لەسێدارەدان دەگێڕێتەوە؟

05/07/2022

جوتیار ڕەشید

لەلێدوانێکیدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوێنێ باسی لەوەکرد، ئەگەر وەزارەتی دادو په‌رلەمان یاسای لەسێدارەدان بگێڕنەوە، ئەو بێ سێ‌و دوو ئیمزای لەسەردەکا.

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان تەواو مانادارو مەترسیدارە، واتا ئەردۆغان زەمینەی بۆ گێڕانەوەی سازکردوەو بەمنزیکانەش یاساکە زیندودەکاتەوە.

هەمیشە ئەردۆغان پێش هەر بڕیارێکی گرنگی لەڕاگەیاندنەکانەوە سەرەداوێکی دەخاتە ناو شەقام‌و خەڵکەوە لەدەمی خۆشیەوە، بۆئەوەی ڕادەی کاردانەوەی خەڵک‌و ئۆپۆزسیۆن‌و ناوەندە جیهانیەکان بزانێ.

تورکیا لەساڵی 2004وە سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە، لەسەر داوای یەکێتی ئەوروپا ئەوکات تورکیا داوای دەکرد ببێتە ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا، یەکێک لەمەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا لابردنی سزای لەسێدارەدانی کردبوو لەیاساکانی تورکیادا، بۆ ئەو مەبەستە تورکیا یاساکەی هەڵوەشاندەوە.

ئێستا بەبۆچونی ئەردۆغان کاتی گێڕانەوەی یاساکە هاتوە، من پێموایە لەداهاتویەکی نزیکدا سزای لەسێدارەدان دەگێڕنەوە بۆ یاساکانی تورکیا، ئەوەی زیاتر ئەو ئەگەر مسۆگەر دەکات‌و تاڕادەیەک بوەتە ئەگەرێکی سەد لەسەد:

1- لێدوانەکەی دوێنێی ئەردۆغان ڕونەو گومانی نەهێشتوەتەوە.
2- ڕۆژی 15ى 7ى 2022 شەش ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر دوا کودەتا کە لەساڵی 2016 گوایە بەسەر ئەردۆغاندا کرا، لەئەنجامی ئاشکرابون‌و سەرنەگرتنی کودەتاکە، ژمارەیەکی زۆر لەکودەتاچیەکان گیران‌و شەش ساڵە لەزینداندان، ئەردۆغان لەژمارەیەکیان کە گوایە سەرانی کودەتاکەن زۆر داخدارە، هەتا لەسێدارەیان نەدا ئۆقرە ناگرێ.

بۆیە زۆر نزیکە لەم چەند ڕۆژەدا وەزارەتی داد یاساکە بنێرێتە په‌رلەمان، پێش ڕۆژی 15ی تەمموز یاساکە پەسەندبکەن، بۆ ئەوەی لەڕۆژی یادی کودەتاکە هەندێکیان لەسێدارەبدات.

3- ئەردۆغان لەئەندامبونی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا بێهیوابوە، بۆیە هیچی تر ئارەزوە کەسیەکانی لەسێدارەدانی ڕکابەرەکانی پێ کۆنترۆڵ ناکرێ، چی تر نایەوێ بەدیار داری بێبەری یەکێتی ئەوروپاوە دابنیشێ‌و پشوو بخواتەوە.

4- لەئەگەری دەرنەچونەوەی مسۆگەری لەهەڵبژاردنی ساڵی داهاتودا، لەوانەیە پێویست بکا کودەتا بەسەر هەڵبژاردندا بکا، بۆ ئەو مەبەستەش پێشوەختە نەیارەکانی بەسزای لەسێدارەدان چاوترسێن دەکا.

5-یەکێک لەئامانجەکانی لەسێدارەدانی بەڕێز ئۆجەلان‌و زیندانە سیاسیە کوردەکانە، چونکە گەیوەتە ئەو بڕوایەی بە لەسێدارەدانی ئۆجەلان گورزی کوشندە لەپه‌كه‌كه‌ بدات، ئەو گورزەی نە بەئاشتی‌و نە بەشەڕو نە بەزیندانی نەیتوانی لێیان بدا.

6- ئەردۆغان سزای لەسێدارەدان وەک دوا قۆناغی نمایشکردنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی وەک دەسەڵاتی ئەبەدی هەتا زیندو بێ نمایش دەکا، پێیوایە چەکێکی پێویستە بۆ ئەو مەبەستە.

7- ئەردۆغان گەیوەتە ئەو بڕوایەی نەیارەکانی لەزیندان سڵناکەنەوە، هەتا دێ گۆڕەپانەکەی لێتەسدەکەنەوە، بۆیە بەسزای لەسێدارەدان دەیەوێ هاوکێشەکە ئاوەژووبکاتەوە، تەنها دوو ئەگەر هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەردۆغان‌و پەشیمانبونەوەی لەگێڕانەوەی سزای لەسێدارەدان کە:

- ناڕەزایەتی بەرفراوان‌و توندی خەڵکی تورکیا.
- ناڕەزایەتی‌و هەڕەشەی توندی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ‌و زلهێزە کاریگەرەکان.

کە من هەردوکیان بەدور دەزانم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە