تورکیا و شەڕی سێ پارچەی کوردستان

05/07/2022

هیوا سەید سەلیم

 
 لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا لە یەک کاتدا شەڕ لە نێو خاکی سێ پارچەی کوردستان دەکا، جگە لەو شەڕەی دژ بە ئازادی و دیموکراسی لە نێوخۆی تورکیا و باکوری کوردستان دەستی داوەتێ، کە زیان و قوربانیەکانی تەنیا لەو ساڵانەی دوایدا بریتی بووە لە:
( دەستگیرکردنی 16500 هاوڵاتی، کە3695  کەس لەوانە سزای جۆراوجۆری زیندانیان بەسەر سەپێندراوە، لە نێو زیندانکراوان 17 سەرۆک شارەوانی، 7 ئەندام پەرلەمان هەن، هەروەها 13 ئەندام پەرلەمان پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیراوە و لە کاری پەرلەمانتاری دوورخراونەتەوە، 48  سەرۆک شارەوانی لەسەر کار لادراون و لە شوێنیان قەیوم داندراون) جگە لە ئەوانە دەیان هەزار کەس لەسەر کارەکانیان لادراون و ئێستا بێکارن.
لە رۆژئاوای کوردستان، لە چەندین ئۆپراسیۆنی جیاوازدا کە لە دە ساڵی رابردوو سوپای تورکیا ئەنجامی داوە،  سنورێکی بەرفراوانی رۆژئاوایی کوردستان داگیرکراوە، تاکو ئێستا "عەفرین،عەزاز، باب ، جرابلس، سەرێکانی، گرێ سپی" لەو ناوچانەن کە نەک هەر داگیرکراون بگرە دەوڵەتی تورکیا ، بە دەرکردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارانە و نیشتەجێکردنی تاقم و گروپی نزیک لە تورکیا لە شوێنیان،  لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە داگیرکراوەکانیشە.
باشور، پارچەیەکی دیکەی کوردستانە، کە لە سێ دەیەی ڕابردوو بە بەردەوامی کراوەتە ئامانجی شەڕفرۆشی دەوڵەتی تورکیا، لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا 37  سەربازگە، 41 بنکەی سەربازی جۆراوجۆر لە نێو خاکی باشوری کوردستان هەیە، لە هەندێک ناوچە بە قوڵای 35-30  کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
سەربازگەی زەلکان لە باشیک لە قوڵایی 100 کیلۆمەتر لە لایەن سوپای تورکیا دامەزراوە، جگە لە شەڕ و داگیرکاری لە نێو خاکی باشوری کوردستان، سوپای تورکیا بە بەردەوامی لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و درۆن بۆردومانی ناوچە سنوریەکان و تەنانەت قوڵایی هەرێمی کوردستان دەکات.
زیانی سیاسەتی شەڕفرۆشی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان بریتییە لە شەهیدبوونی هەزاران کەس لە هاولاتیانی سڤیل، چۆلکردنی 650 گوند، تەنها لە ساڵی پارەوە تا ئێستا 34 گوند بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا ناچار کراون زێدی خۆیان چۆل بکەن.
شایانی باسە دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕەوایەتیدان بە سیاسەتی شەڕفرۆشانەی خۆی هەمیشە PKK دەکاتە بیانوو، لە ڕاستیشدا ئەوەیان ڕاست نیە، بگرە سیاسەتی شەڕفرۆشانەی دەوڵەتی تورکیا دژ بە خەڵکی کوردستان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا لەو بیرکردنەوە شۆڤینیە سەرچاوەی گرتووە کە دەوڵەتی تورکیا لەسەر دامەزراوە، ئەویش بریتییە لە سیاسەتی ئینکارکردنی دۆزی کورد.
کاتێک هەڵوەستە لەسەر ئاماری قوربانیەکان دەکەین، کە لێکەوتەی سیاسەتی داگیرکاری و شەڕفرۆشی دەوڵەتی تورکیان، ئەوسا تێدەگەین مەترسی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا مەترسی یەکجار جدیین.
 بۆیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی سیاسەتی شەڕفرۆشانەی دەولەتی تورکیا پێویست دەکات، هیچ لایەنێک نەکەوێتە ژێر کاریگەری پروپاگەندەی داگیرکەران، بگرە دەبێت بە ستڕاتیژێکی نیشتمانی و کوردانە دژ بە سیاسەتی شەڕفرۆشانەی تورکیا بوەستینەوە.
رۆژی ٣ تەمووز کوردانی باکوور لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە چوارچێوەی بەشداریان لە پێنجەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان HDP،  وەڵامی سیاسەتی شەڕیان بە ناردنی پەیامی ئازادی و بەرخۆدان دایەوە، دەبێت بووترێت،  ئامادەبوونی نزیکەی 50 هەزار کەس لە کۆنگرەی HDP باشترین پەیام بوو کە دەبێت دەوڵەتی تورکیا تێیبگات.
هاوکات لەگەڵ بەرخۆدانی باکوور، لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەسازی بۆ رووبەڕوونەوەی گەورەترین ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا دەکرێت کە ماویەکە بەرپرسانی تورکیا گەفی ئەنجامدانی دەکەن.
شایانی باسە، تورکیا لە شەڕی دژ بە خەڵكی کوردستان لە ئاستی جیهانی چاوپۆشی وڵاتان دەبینێت، کەلکی زۆریشی لە بێ دەنگی رای گشتی بینیوە، لە ئاستی ناوخۆشدا کار بۆ ترازانی نێو ماڵی کوردی دەکات.
ئەگەر یەکەمیان بە هۆی زاڵی بەرژەوندی نێوان وڵاتان وەک فاکتەرێکی نەرێنی دژ بە کورد لە لایەن تورکیا قۆسترابێتەوە، خۆ دەکرێت کورد نەبێتە بەشیک لە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی و داگیرکەرانی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی.
لە کۆتاییدا دەڵێین ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لەیەک کاتدا لە سێ پارچەی کوردستان شەڕ لە دژی کورد ئەنجام دەدات، ئەی بۆچی کورد لە نێوخۆی خۆیدا یەکگرتوو نابێت و مەترسیە گەورەکانی پشتی ئەو شەڕ و داگیرکاریە وەک پێویست نابینێت؟ پرسیارێکە دەبێت هەر کوردێک لە خۆی بکات.

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی