ئەردۆغان دەیەوێ سوپای سوریا و عراق بگەڕێنەوە سەر سنورەکان

29/07/2022

جوتیار رەشید


هەروەک هەمیشە و بە ئاشکرا دەسەڵاتدارانی تورک،بەتایبەتیش ئەردۆغان ڕایانگەیاندوە دوژمنی هەر دەسکەوتێکی کوردن لەهەر کوێیەک بێ و تێکدانی بە ئامانج و ئەرکی لە پێشینەی خۆیان دەزانن.
سیاسەتەکانی ئەردۆغان بێ پەردە و ئاشکران بەرامبەر بەکورد،بە پێشکەوتوترین چەکی سەردەم ڕاوی کوڕ و کچانی کورد دەکا،لە ناوخۆی تورکیاش سەدان سەرۆک شارەوانی و هەزاران کادر و لایەنگرانی هەدەپە ی زیندانی کردوە لە سەروی هەموشیانەوە بەڕێز دەمیرتاش،نیازیان وایە پێش هەڵبژاردنەکانیش هەدەپ قەدەغە بکا.
لە باشوری کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە نەوتی باشور دەبا بۆ خۆی لەسایەی گرێبەستە پەنجا ساڵیەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارە دەبەنگ و ترسنۆکەکانی باشور،ساڵانە نزیکەی 20 ملیار دۆلار هاوردەی هەرێم دەکا.
سەرەڕای هاوکاری بێ بەرامبەر و ئەملاولای دەسەڵاتدارانی باشور لە گەڵ سوپا و هەواڵگری تورکی،بینیمان لە ڕیفراندۆم چۆن بەڕویاندا وەستایەوە و لە دەسەڵاتدارانی عراق زیاتر هەڕەشەی لە هەرێم دەکرد.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش  بە لەشکرکێشی ڕاستەوخۆ، لە ڕێگا میلیشیا چەکدارەکانیەوە،لە ڕێگای داعش،لە ڕێگای پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی و تەنازولات بۆ هێزە بڕیار بەدەستەکان لە سوریا هەموو هەوڵی خۆی خستوەتە گەڕ بۆ تێکدانی ئەو ڕەوشەی بۆ کورد لە ڕۆژئاوا دروست بوە.
دوای ئەوەی ئەردۆغان گەیشتە ئەو بڕوایەی هەوڵەکانی ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێ پلانی دوەمی جێبەجێدەکات کە بریتیە لە گێڕانەوەی سوپای هەردوو وڵاتی سوریا و عراق بۆ سەر سنورەکان و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ دەوڵەتی ناوەند لە هەردوو وڵات،لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوە نەکات لە داهاتویەکی نزیکدا ناچار دەبێ مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر بکا لە ڕۆژئاوا،ئەوەی لە باشور بۆی چوە سەر لە ڕۆژئاوا بۆی ناچێتەسەر،لەلایەکی تریشەوە تورک وا بیر دەکاتەوە لە ئێستادا مامەڵە لە گەڵ دەوڵەتە لاوازەکانی ناوند باشترە بۆ تورکیا لە مامەڵە لەگەڵ هێزە کوردیەکان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبن.

پاساوەکانی لە باشور:-

-لە باشور گەیوەتە ئەو بڕوایەی دەسەڵاتدارانی باشوری ئێستا ناتوانن بەو شێوەی 30ساڵی ڕابردو بەردەوام بن لە دەسەڵاتداری،بەرژەوەندیەکانی تورکیاش بەردەوام نابێ،پێم وایە ناوەندەکانی بیرکردنەوەی تورکیا گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی ئەو شێوازی دەسەڵاتداریە لە باشوری کوردستان لە دوا ساتەکانی تەمەنیدایە(من تورک بومایە و لە ناوەندێکی بیرکردنەوە کارمکردبا،هەمان ڕاوێژم دەدایە ئەردۆگان) لەبەر چەند  هۆکارێک:-

1-فشار و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە باشوری کوردستان، چەندین ساڵە پەنگ دەخواتەوە،لە هەڵبژاردنی ڕابردودا زیاتر لە 75% ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد.
لەم کابینەی ئێستادا دەسەڵاتدارترین کەسی بنەماڵەی بارزانی کرایە سەرۆکی حکومەت،خەڵک و کادیرەکانی خۆیان بەوە هەڵخەڵەتاند گوایە دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و چاکسازی دەکا،ئەمیش هیچی بەرچاوتری لە ئامۆزاکەی پێش خۆی پێنەکرا،بەڵکو زۆرێک لە خەڵک پێیان وایە کابینەکانی پێشوتر نەرم و نیانتر بو بە بەلانی کەمەوە.
2-پەیوەندی خراپ و گرژی توندی نێوان حیزبە پێکهێنەرەکانی ناو کابینەی حکومەت و تۆخکردنەوەی دوو ئێدارەیی،زەقتر بونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان.
زیاد بون و زەق بون و کۆنترۆڵی زیاتری بنەماڵە ئۆلیگارشەکان بەسەر بازاڕ و قوتی خەڵکدا.
3-دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی عراق و زاڵبونی بیرۆکەی پشتگیری حکومەتی زۆرینە بەسەر شەقامی عراقیدا،لە پاڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە داهاتودا هەرێم دادەماڵێ لە دەسەڵاتە ڕەهاکانی بەسەر سامانە سروشتیەکانی.
4-لە ئەگەری سوربونی دەوڵەتی ناوەندی لەسەر داواکەی لە دژی تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم،بردنەوەی عراق مسۆگەرە و دەیان ملیار دۆلار لە تورکیا دەباتەوە،لە پاڵیشیدا بەتاڵانبردنی نەوتی هەرێم کۆتایی دێ.
بۆیە پێیان وایە پێش ئەوەی خەڵک دەسەڵات لە دەسەڵاتدارانی باشور وەربگرێتەوە و دەسەڵاتێکی نیشتیمانی خەڵک لە باشور دابمەزرێتەوە لەسەر بنەماکانی بەرژەوەندی خەڵک،سوپای عراق بهێنێتەوە سەر سنورەکان بە لاوازتریش بێ لە ئێستا دەسەڵاتی ئێستای هەرێم درێژە پێبدا.

پاساوەکانیان لە ڕۆژئاوا:-
1-هەروەک لە سەرەتا باسمکرد،چەندین ساڵە لە ڕۆژئاوا هەوڵدەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕێوەبەری خۆسەر ڕامبکا و هاوشێوەی باشور پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە سوریا بکاتە ئەرکی سەرەکیان،بەڵام بێ هودە،ئەوان نەچونە ژێر ئەو بارە.
2-ئەردۆگان گەیوەتە ئەو بڕوایەی ئەسەد دەمێنێتەوە بە لایەنی کەمەوە هەتا داهاتویەکی نزیک و کێشەکانی سوریا لە سایەی ئەسەدێکی لاوازدا چارەسەر دەکرێن،بۆیە ئەردۆگانیش دەیەوێ لە گەڵ ئەسەدێکی لاواز ڕاستەوخۆ مامەڵە بکا و هێزەکانی سوریا بگەڕێنێتەوە سەر سنورەکانی تورکیا،کورد بە سوپای سوریا ئابڵوقە بدا،ئەگەری ڕێککەوتنیشی لە داهاتودا کەم زیانترە لە گەڵ هەر حکومەتێکی سوری وەک لە گەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر.
3-لە داهاتودا فشارکردن لە سوریا چ لە ڕێگای وڵاتە عەرەبیەکان بێ چ لە ڕێگای ئێرانەوە بۆ کاری هاوبەش دژ بە کورد لە سوریا،گێڕانەوەی سوپای سوریا لە ئێستادا بۆ سەر سنورەکان،لە داهاتودا وەک پەرۆشی تورکیا بۆ سەروەری خاکی سوریا بە عەرەب دەفرۆشێتەوە.
4-پێم وایە لە ئێستادا دەزگای هەواڵگری تورکی دزەی باشی کردبێتە ناو سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانی سوریا و هاوسنوری بن باشتر دەتوانێ ئەو دەستەی بەهێز بکا و سودیان لێببینێ دژی کورد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی