پەروەردەی شۆڕشگێڕانە

01/08/2022

جیهاد محەمەد

بەشی چوارەم
(شۆڕشگێڕییەکەی) موقتەدا، ناشۆڕشگێڕییە و هیچ گۆڕانکارییەک ناکات، تەنها دەسەڵاتخوازییە.
پاوڵۆ فرێری دەڵێت:"وشە دوو ڕەهەندی هەیە، رەهەندێکیان "بیرە" و ڕەهەندێکیان "کارە". هەڵبەت مەبەست لە وشە، وشە و قسەیەکی ڕووت نییە کە ڕۆژانە لە گفتوگۆکردنی ئاساییدا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو مەبەست لە وشە تیۆریی و بیرکردنەوەیە. هەروەها مەبەست لە "کار"، کاری ڕۆژانە نییە کە تاکەکان دەیکەن بۆ دەستکەوتی ڕۆژانەیان، بەڵکو لێرەدا مەبەست لە "کار" بە کردەییکردنی بیر و بیرکردنەوەیە، یان بە کردەییکردنی تیۆریی و بیرکردنەوەیە.
جۆرج لۆکاشیش دەڵێت:"لە بیری دایلێکتیدا، "وشە" و "کار" پێکەوە بەستراون، نە وشە واتای شۆڕشگێڕانەی خۆی دەپێکێت بە بێ "کار"، نە "کار" واتای شۆڕشگێرانەی خۆی دەپێکێت بە بێ "وشە".
گۆڕانکاریی و گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری تەنها بە وشە ناکرێت، هەروەها تەنها بە کاریش ناکرێت. ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە و، هەروەها ئەو تاکانەشی، خۆیان بە هۆشیار و ڕۆشنبیر دەزانن، هەمیشە باسی دۆخە چەوسێنەرەکە دەکەن، دەتوانن لەسەری بنووسن و داوای لابردنی دۆخەکەش بکەن، یان بە نادپەروەر و زوڵمی لە قەڵەم بدەن، ئەمانە هیچیان شۆڕشگێڕ نین بەو واتایەی کە بیانەوێت دۆخەکە لە بنەڕەتەوە هەڵتەکێنن و بیگۆڕن بۆ دۆخێکی بێ ستەمکاری و چەوساندنەوە. چونکە هۆشیاری و رۆشنبیری لەم حاڵەتەدا تەنها بە قسەکردن و پەیڤ و لێکدانەوەیەکی ڕووتە، واتە تەنها"وشە"یە، و "کردار" و بە کردەییکردنی "وشە"ی لەگەڵدا نییە.
ڕاستی ئەم جۆرە تاکانە، هەروەها ئەم حیزب و لایەنە سیاسیانە، کە تەنها قسە دەکەن، تەنها ڕەخنە دەگرن، مەبەستیان گۆڕینی دەسەڵاتە سیاسیەکەیە لە دەستیکەوە بۆ دەستێکی تر و هیچی تر. زۆر جار لە کوردستانی خۆماندا گوێمان لێ دەبێت، ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە پارتی و یەکێتی، نایەڵن و نایانەوێت دەسەڵات دەستاودەست بکرێت، ئەم ڕەخنەیە هیچ نییە جگە لە ڕەخنەیەکی ڕووت و مەبەستیش لەم ڕەخنەیە ئەوەیە کە حیزبێک یان چەند حیزبێکی تر دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست، ئیتر گۆڕینی دۆخە ستەمکاری و چەوساوەکە وەک خۆی دەمێنیتەوە. ئەم حیزب و لایەنە سیاسیانە، هەروەها ئەم تاکە ڕۆشنبیر و هۆشیارانە، خەڵکی بەوە فریودەدەن، کە کێشەکە تەنها پارتی و یەکێتیە، ئیتر ئەم فریودانە دەبێت بە ڕقێکی ڕووت لە یەکێتی و پارتی، نەک ڕق لە دۆخە ستەمکاریی و چەوسێنەرەکە. وەک دەبینین، زۆر جار لە گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسییدا، خەڵکی دەکەونە هەڵپەڕکێ و شاییلۆغان، دوای ماوەیەک ئەوسا پێدەزانن کە هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی ئەماندا ڕووی نەداوە. هەربۆیە زۆر جار لە کوردستاندا دەبینین و دەبیستین، خەڵک  لە بێ دەسەڵاتییدا، دەڵێن (خۆزگەمان بە سەردەمی سەدام). ئەم قسەیە و ئەم خۆزگەیە لەوەوە هاتووە، کە بە داخەوە خەڵک کوێرانە دوای یەکێتی و پارتی کەوتبوو، بێ ئەوەی بیر لە گۆڕینی دۆخە ستەمکاریی و چەوساوەکەی سەدام حسەین بکەنەوە.
ئەگەر ورد بیربکەینەوە، زۆرێک لە حیزب و لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان، زۆرێک لەو تاکانەی خۆیان بە هۆشیار و ڕۆشنبیر دەزانن، کە باسی گۆڕانکاریەکانیش دەکەن، کە باسی خراپی پەروەردە کۆنەباوەکەی کوردستان دەکەن و بە حسابی خۆیان دەیانەوێت پەروەردەیەکی مۆدێرن و دیموکرات بهێننە ئاراوە، تەنها ڕەخنەکانیان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لای ئەوان ئەوەیە، کە پارتی و یەکێتی دوو حیزبی نادیموکراتن، گوایە دیموکراتیەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتی حیزبێک یان چەند حیزبێکی دیکە. ئیتر بە هیچ جۆرێک بەلای ئەوەدا ناچن کە دۆخە ستەمکاریەکە هەڵتەکێنن. کاتێکیش ڕەخنە لەم ڕەخنە و قسانەی ئەم جۆر لە ئۆپۆزسیۆنە دەگیرێت لە لایەن ڕەخنەگرە شۆرشگێڕەکانەوە، کە پێدادەگرن لەسەر گۆڕینی بارودۆخە ستەمکاریی و چەوسێنەرەکە، بەوە ڕەخنەگرە شۆڕشگێرەکان تۆمەتبار دەکەن کە ڕەخنەکانیان دەبێت بە دەستکەوت بۆ پارتی و یەکێتی!.
ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن، تەنها لە پێناوی ئەوەدا داوای گۆڕینی سیستمی پەروەردە دەکەن، کە پەروەردەیەک بۆ منداڵان لە خێزانەکاندا و، هەروەها لە فێرگەکاندا بۆ فێرخوازن بێتە ئاراوە، کە تاک و کۆمەڵ ملکەچی ئایدۆلۆجیەتەکانی ئەمان بن. ئیتر ئەم ئایدۆلۆجیەتە، چەپخوازیی بێت، یان ئیسلامخوازیی، یان لیبراڵخوازیی بێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخە ستەمکاریی و چەوساوەکەدا ناکات و وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئێستا کە ئەم وتارە دەنووسم، هێزە بەشەرییەکەی موقتەدا سەدر، بەغدا و عێراقیان هێناوەتە لەرزە، گوایە دژی گەندەڵی و نادادپەروەریین، بە ملوێن خەڵکیان کۆکردۆتەوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەم هێزەی دوای موقتەدا کەوتوون لە پێناوی دەسەڵاتخوازی موقتەدادایە. وەک بەڕێز حاکم قوباد جەلیزادە نووسیبووی، ئەگەر موقتەدا بێتە سەر حووکم، ڕەنگە گۆڕانکاریەکە تەنها لە گۆڕینی ناوی کۆماری عێراقدا خۆی ببینێتەوە و بیگۆڕێت بۆ(کۆماری عێراقی ئیسلامیی). ئەم پەروەردەیە، خەڵک دەکات بە مێگەل، لەسەر ئەو بنەمایەی کە پێویستناکات تۆ بیربکەیتەوە، تەنها کاریزماکەت بیرت بۆ دەکاتەوە.
لە سەد ساڵی ڕابووردووی پەروەردە کۆنەباوەکەی عێراقدا، ئەم پەروەردەیەی هێناوەتە ئاراوە، کە خەڵک کوێرانە دوای (شۆڕشگێرە) ناشۆڕشگێرەکان بکەون بە بێ بیرکردنەوە.
پەروەردەی شۆڕشگێریی ئەو پەروەردەیەیە، کە بە هیچ جۆرێک لە ئازادی تاک لە ناو خێزاندا، لە ناو فێرگەدا، لە ناو هەر دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا، ناترسێت. چونکە مەبەست لە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤپەروەرییە، نەک مەبەست لەم ئایدۆلۆجیەت و ئەو ئایدۆلۆجیەت.
بە هیچ جۆرێک لە پەروەردەی شۆڕشگێرییدا مەبەست هاتنە سەر حووکمی ئەم حیزبی ئایدۆلۆجیی یان ئەو حیزبی ئایدۆلۆجیی نییە، بەڵکو هاتنە سەر حووکمی گەلە بە واتای خۆی، هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە زوڵم و زۆرێکە بە واتای خۆی، پرکتیکەکردنی یەکسانییە بە واتای خۆی. کرانەوەی عەقڵە، لە ناو خێزان و هەموو دامودەزگا کۆمەڵایەتیەکاندا بە واتای خۆی. خۆشگوزەرانیی و بەختەوەرییە بۆ هەموو کۆمەڵ بە واتای خۆی، بەدیهێنانی ئابوورییەکی تۆکمەیە بە واتای خۆی. پەرەپێدانی سیستمی پەروەردە و تەندروستییە بە واتای خۆی و لەسەر بنەمانی دیموکراتیی و مرۆڤسازیی.  
پەروەردەی شۆرشگێڕانە بە هیچ جۆرێک ناپرینگێتەوە لە ئازادی و ڕزاگاری و دیالۆگی بەردەوام لە ناو مرۆڤەکاندا.
پەروەردەی شۆرشگێڕانە، دیالۆگ دەکات بە بنەمایەکی سەرەکی نێوان مامۆستای فێرخواز و فێرخوازی مامۆستا. لەم پەروەردەیەدا، بە هیچ جۆرێک سەرکردەیەک بوونی نییە، کە تۆقێنەر بێت، سەرکردەیەک بوونی نییە کە خۆی پێ جیاواز بێت لەوانی دیکە. سەرکردەیەک بوونی نییە کە خەڵک ملکەچی بێت و شەرمی لێ بکەن. لەم پەروەردەیەدا هەموو مرۆڤەکان هەرچی بێت بیروباوەڕیان وەک یەک شکۆمەندن و لەبەردەم یاسادا وەکیەک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی