کوردانی ڕۆژهەڵات لە کەمپ نشینەوە بۆ کرێ نشین؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری


ساڵانێکە خزمانی ڕۆژهەڵات میوانن لە باشوردا. بەڵام چ میوانێک؟ بێناز، بێزراو و نائارام!
 ئەگەر مرۆڤ دڵنیاش نەبێت لە هۆکاری ڕاستەقینەی ئاوارەبوونی تاک بە تاکیان، هیچ گوومان ناکات لەوەی کە زۆرینەی ڕەهای ئەو خزم وکەسە کەمپ نشینانە خەباتگێڕن و هۆکاری سیاسی زێدی پێ بەجێهێشتوون. ئەگەر سنوری دوور و درێژی ئێران لە گەڵ باشووردا و بە تایبەتی لە زۆنی یەکێتیدا و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گەلی کورد لە باشور نەبووایە، ئەوا هیچ ڕێگرییەک نەبوو تا خوشک و برایانی ڕۆژهەڵات لوولەی تفەنگەکانیان ڕوو بکەنە ئێران و پەلاماریان بدەن. ئەو دەم تاکە منەتێک بکرایەتە سەریان، خاک و خۆڵ و چیاکانی نشتیمانی دایک دەیکردە سەریان، نەوەکو برا کوردەکانی باشور. هەر بۆیە دەبوو هەڵوێستی قبووڵکردنی کەمپنشینی خزمانی ڕۆژهەڵات جێگەی ڕێز و سپاس بووایە، نەوەکو ناو و ناتۆرەی فاسۆڵیاخۆرەکانی دیموکرات و کۆمەڵە. چ شوورەییە تۆیەکی کورد لە باشور، لە جێی ئەوەی لە دەیان خوولی ئاوارەبوونتدا، بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، کاتێک جێگەی گەرم و نەرمی خۆیان لە گەڵ بەش کردی و  بەڵام لە یەکەم خوولی ئاوارە بوونیاندا، شوێن ئەو ناووناتۆرەیە کەوتیت کە کەس نازانێ چ دەزگایەکی جاسوسی دایهێنا و بڵاوی کردەوە.
ئەوەی ساڵانێکی زۆر ئیمپریالزمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا پیادەی کرد له سیاسەتی "پەرت کە و زاڵبە" لە سەدد ساڵی کۆتاییدا فارس و تورک و عەرەب زۆر توندتر و فراوانتر هەمان سیاسەتیان لە گەڵ گەلی کورددا بەکار هێناوە. جارێ هەر بۆخۆی چوار لەتکردنی ئەم نەتەوەیە و دابەشکردنی بە سەر چوار وڵات و چوار ڕژێم و سێ نەتەوە و سێ زمانی جیاواز بۆخۆی پەرتکردنی هزر و بیرکردنەوە و تەنانەت جۆری ئەو ئازار و ئەشکەنجانەشە کە سەپاندوویانە بە سەر کوردانی هەر پارچەیەکدا.
لە نێوان کوردانی هەمان پارچەشدا ئەم سیاسەتی "پەرت کە و زاڵبە" پیادەکرا. کاتێک بۆ نموونە لە باشووردا دابڕینی بادینان لە سۆران و بە گژاکردنەوە هەولێر لە گەڵ سلێمانیدا و بەپێچەوانەشەوە و لادێی بە گژ شاریدا و شاری بە گژ کەنارەکانی شاردا. تەنانەت بیری خێڵەکی و دەمارگیری عەشیرەتی و زۆری دیکەش کە هەر هەموویان ئەچنە ژێر خانەی هەمان سیاسەتی پەرت کردن و زاڵ بووندا.
ئەفسووس بەشێک لەو سیاسەتە بە دانایی بێ یان بێ دانایی، پارتی و یەکێتی درێژە پێدەرین. هەر خودی پارتی و یەکێتیش پەرت بوون بە سەر بلۆکی ڕۆم و عەجەمدا. تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاون کە کوردانی ئاوارەی باکور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیشیان پەرت کردووە و دابەشکردووە بە سەر خۆیاندا. تۆ تەماشا ئەمە چ سیاسەت و چ ڤایرۆس و چ دەزگایەکی جاسوسییە کە دەستی خستۆتە ناو هەناوی کوردەواریمان و یاری به هەست و سۆزمان دەکات؟
گەر لەم پێشەکییەوە بپەڕێمەوە سەر باسە بنەڕەتییەکە کە دۆخی خزمانی ڕۆژهەڵاتە لە باشوردا. وەکو ئاشکرایە کە دەیان هەزار کوردی ڕۆژهەڵات لە کەمپە جیاوازەکاندا لە باشوری کوردستان، ساڵانێکی زۆرە ژیانی کووله مەرگی دەژین. ئەوان هەر بە قوڕ و داروبەردی ئەو شاخ و دەشتانە لە ژیانێکی سەخت و کولەمەرگیدا خانووی لە شێوەی کوولانەیان بۆ خۆیان و خێزان و مناڵەکانیان هەڵچنی بوو. ئەوان هەمیشە دەست لە سەر دڵیان بوون کە ئەم ئەزموونەی باشور تێک نەچێت و بە باشترین شێوە ئارامیان گرت بوو لەو کەمپانەدا. ئەوان نەک نەبوون بە باعیسی کێشە بۆ ئەزموونی باشور بگرە لە هەر پەلامارێک بۆ سەر باشور ئامادەی گیان بەخت کردنیش بوون. بەڵام لە پای هەموو ئەمانەشدا جاسوسیان بە سەرەوە دەکرا و ڕۆژانە تیرۆر دەکران و بنکە و کەمپەکانیان پەڵامار دەدران. سەرڕای ئەوەش ناووناتۆرەی لە شێوەی فاسوڵیاخۆرەکانیشیان بە سەردا دادەبڕا.
لەم دوواییەشدا و لە دامێنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەو کەلاوە و کولانە و کەمپانەی خزمانی  ڕۆژهەڵات  نەک ئیتر پەناگەیەکی ئارام نەما بگرە لە تۆڵەی هەر لێدانێکی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئێرانەوە بە مووشەک و لە گرووپەکانی حەشدی عێراقیشەوە بە درۆن بۆمبا باران کران. هەڵبەتە لەم حەملەیەی  ئەم دوواییەدا بێ قوربانیش نەبوون.
لە ئێستادا ئەو دەیان هەزار خێزان و ژن و مناڵ و پەککەوتە و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات کەمپ و جێگەکانیان خاپورکراوە و بوون بە کرێ نشینی شارەکانی هەرێم بە گیرفانی بەتاڵ و سکی برسییەوە. ئەمڕۆ ئەو خێزانانەی کە کەس و کارێکیان لە ئەوروپادا هەیە کەمێک دۆخەکەیان ئارامتر لێ دەگووزەرێ.
لە پەیوەندیماندا لە گەڵ هەندێک ڕێکخراو و کۆمەڵەی برایانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتی نەرویجدا، خەریکی کۆمەک کۆکردنەوەن بۆ ئەو خێزانانەی جێگەیەکیان نەماوە بۆ حەوانەوە و پارەی بە کرێگرتنی خانووشیان نیە. هەڵبەتە ئەمە باس لە ژیانی سەددان خێزان ئەکرێ کە لە مناڵی شیرەخۆرەوە تێیدایە تا پیر و پەککەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەت. ئەو خێزانانە پەرتەوازەی ناو شارەکانی هەرێم بوون دوور لە چاوی میدیا و ڕۆماڵە تەلەفزیۆنییەکان.
ئەم نووسینەش له پێناو ئەوەدایە کە دام و دەزگا میدیایی و خێرخوازیە حکومی و نا حکومییەکان بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە بکەن و بە هانای ئەو خەڵکە شەرەفمەندەوە بچن، کە دەکرا لە جێی ئەوەی خانووە چۆڵەکان بدرێنە کرێ نشینە تەعریبچییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، بدرایەتە خوشک و برا دووجار ئاوەرەکانی ڕۆژهەڵات. ئەمڕۆ کوردانی باشور کەوتوونەتە بۆتەی تاقیکردنەوەی کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە. ئاخۆ هەمان هەڵوێستی جوامێرانەی ڕۆژهەڵاتیان دەبێ کاتێک لە حەفتاکانەوە چەندین جار لە ڕۆژهەڵات ئاوارەی باشوریان لە سەر چاویان دانا؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی