شیکردنەوەی گوتاری میدیای کوردی سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر، پێویستی بە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی جوگرافیای سیاسی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونی لایەنە سیاسییەکان هەیە. میدیای کوردی لەم پرسەدا یەکدەنگ نییە و دەکرێت گوتارەکەی بۆ چەند ئاستێکی جیاواز دابەش بکرێت.
زۆربەی میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت هەندێک لەوانەی نزیکن لە حکومەت) هەوڵ دەدەن گوتارێکی پارێزگارانە و بێلایەنیان هەبێت. ئەویش بە جەختکردنەوە لەوەی کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان.
میدیای کوردی کاریگەرییەکی زۆری ململانێی دوو زۆنی و پەیوەندییە هەرێمییەکانی بەسەرەوەیە و زۆرینەیان پشت بە میدیا جیهانییەکان (وەک ڕویتەرز، سی ئێن ئێن، جەزیرە) دەبەستن، ئەمەش وا دەکات گوتارەکانیا زیاتر گواستنەوەی هەواڵ بێت نەک شرۆڤەی سەربەخۆ، کاتێکیش ئاسمانی کوردستان دەبێتە ڕێڕەوی درۆن و موشەکەکان، گوتاری میدیایی دەگۆڕێت بۆ ترس لە تێکچوونی ئاسایشی ناوخۆ و نیگەرانی لەوەی کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەرێم لاوازە.
داڕشتنی گوتاری میدیایی لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و ململانێی زلهێزەکاندا (بەتایبەت بۆ هەرێمێکی وەک کوردستان کە لە ناو جەرگەی ڕووداوەکاندایە)، کارێکی هەستیار و پڕ لە مەترسییە. داڕشتنی ئەم گوتارە پێویستی بە هاوسەنگییەکی ورد هەیە لە نێوان "بەرژەوەندیی نەتەوەیی"، "ڕاستگۆیی پیشەیی" و "خۆدوورخستنەوە لە تێوەگلان".
لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتییەکان هەنگاوە سەرەکییەکانی داڕشتنی گوتاری میدیایی خۆی لە دیاریکردنی بەرژەوەندیی باڵا وەک چوارچێوە، دەبێت خاڵی دەسپێکی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی هەرێم و ئاسایشی هاووڵاتیان بێت. هەروەک جەختکردنەوە لەوەی کە کوردستان لایەنێک نییە لەم شەڕەدا.
هەروەها دوورکەوتنەوە لە تەحەدا، میدیا نابێت وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران یان ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاربێت، چونکە پەرچەکردارە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ دەبنە هەڕەشە بۆ سەر خەڵک و خاکی هەرێم.
لەپاڵ ئەمانەدا بەکارهێنانی زمانی بێلایەن و دیپلۆماسی لە داڕشتنی هەواڵ و شرۆڤەکاندا، دەستەواژە و زاراوە بەکارهاتووەکان دەبێت زۆر بە وریایی هەڵببژێردرێن، نەک فڕێ بدرێن و دوایی نەتوانرێت هەڵبگیرێنەوە.
گۆڕینی وشە ورووژێنەرەکان، لەبری بەکارهێنانی وشەی وەک دوژمن، تێرۆریست، یان شەیتان بۆ هەر لایەنێکی ململانێیەکە، باشترە ناوی فەرمی وەسفی بەکاربێت (بۆ نموونە: هێزەکانی ئەمریکا، سوپای پاسداران، سوپای ئیسرائیل).
دەستگرتن بە گوتاری ئاشتیخوازانەوە و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی دیالۆگ و چارەسەری سیاسی، ئەمە وا دەکات میدیا وەک لایەنێکی بەرپرسیار دەربکەوێت.
بۆ ئەوەی میدیا نەکەوێتە داوی پرۆپاگەندەی هیچ لایەنێکەوە و نەخلیسکێت، پێویستە زانیارییەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە (ئاژانسە ڕۆژئاواییەکان، میدیاکانی ئێران، و میدیا عەرەبییەکان) وەربگیرێن و وەک خۆیان بگوازرێنەوە و ئاماژەدان بەوەی کە ئەم زانیارییە لە لایەنێکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە لە کاتی گواستنەوەی هەواڵە هەستیارەکاندا.
پێویستە میدیای کوردی هەواڵ لە بۆچوون جیابکاتەوە، چونکە لە کاتی شەڕدا، تێکەڵکردنی ئەم دووانە مەترسیدارە، بابەتی بوونیش لەم دۆخەدا پێویستییەکی هەرە گرنگ لە پێشینەیە، هەواڵ دەبێت تەنها گواستنەوەی ڕووداوەکە بێت بەبێ ڕەنگدانەوەی هەستی میدیاکارەکە وەک لە هەندێ کەناڵی و میدیا دا بە زەوقی بەرچاودەکەوێت. شرۆڤەش دەبێت بدرێتە دەست کەسانێک کە شارەزای جیۆپۆلەتیکن و تێگەیشتنیان بۆ هاوسەنگیی هێز هەیە، نەک ئەو کەسانەی کە بە سۆز و عاتیفە قسە دەکەن.
یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی میدیا لە کاتی شەڕدا، پاراستنی دەروونی کۆمەڵگە و کۆنترۆڵکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە، دوورکەوتنەوە لە گەورەکردنی هەواڵ و بڵاونەکردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لەناو خەڵکدا بڵاودەکەنەوە. لە بەرانبەردا بایەخدان بە ڕەهەندی مرۆیی و گواستنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕەکە لەسەر ژیانی خەڵک، نەک تەنها باس و خواسی موشەک و فڕۆکە.
مامەڵەکردن لەگەڵ سۆشیاڵ میدیا:
لە دۆخی ئێستادا، سۆشیاڵ میدیا زۆرجار گوتاری گشتی ئاڕاستە دەکات. میدیای فەرمی دەبێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ڕاستکردنەوەی هەواڵە چەواشەکان و ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی ئەو هاشتاگ و کەمپەینانەی کە هەرێم دەخەنە ناو بەرەیەک دژی بەرەیەکی تر.
دەبێت گوتاری میدیایی بەرامبەر بە دراوسێکان دیپلۆماسی بێت، داڕشتنی گوتارەکە دەبێت بە جۆرێک بێت کە پەیامێکی ڕوون بداتە کە میدیای کوردی نابێتە ئامرازی شەڕی دەروونی دژی هیچ وڵاتێک و هەرێمی کوردستان جەخت لە پاراستنی سەروەریی خاکی خۆی دەکاتەوە و نایەوێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە.
کەواتە گوتاری میدیایی لەم کاتەدا دەبێت سارد، عەقڵانی، و پارێزگارانە بێت. هەر جۆرە کێشانێکی سۆز و عاتیفە بۆ ناو گوتارەکە، یان گرتنی لایەنی یەکێک لە جەمسەرەکان، دەکرێت باجەکەی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گران بێت. میدیا دەبێت لە ڕۆڵی هاندەرەوە ببێتە چاوێرێکی وریای بەرژەوەندییەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی