فەرمون بڕیارەكانی (وەزیر القائد) جێبەجێ‌ بكەن

02/08/2022

سمكۆ أسعد أدهم

بڕیاردەرێكی نوێ‌ هاتۆتە سەر سنگی سیاسەتكردن وئاراستەكردنی ڕووداوەكانی بەغدا ، ناز ناوەكەی (وزیر القائد)ە ، دراوە بە كەسێك ناوی (محمد صالح العراقی) ە، ئەمڕۆ ئەم كەسە فەرمانیدا (خۆپیشاندەران تەنها هۆڵی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عیراق چۆڵ بكەن ،نەك تەواوی باڵەخانەی پەرلەمان و دەوروبەری ..)
واتا هۆڵی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عیراق ئامادەیە بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانتاران ، بەڵام ئەمجارە پەرلەمانتاران لە ژێر عەباكەی (موقتەدا سەدر) وبە مەرج و فەرمانەكانی (وەزیر القائد) لەسەر كورسییەكانیان دا ئەنیشن.
ئەگەر لایەنە سیاسیەكانی هەرێم فەرمانیان بە پەرلەمانتاران دا (بە بێ‌ چۆڵكردنی تەواوی باڵەخانەی پەرلەمان ودەوروبەری) بەشداری هەر دانیشتنێكی ئەو پەرلەمانە بكەن، ئەوا بە ناوی كوردەوە یەكەم متمانە ئەبەخشن بە باڵادەستی وسەروەری (ڕەوتی سەدر) بەسەر تەواوی دەوڵەتی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دواتر ئەبێت چاوەڕوانی فەرمانەكانی (وزیر القائد) بن تا پێیان بڵێت .. كەی كۆ ببنەوە و دەنگ بە چ یاسایەك بدەن . 
ئەوەی پێویستە هەموان بیزانن ئەوەیە ، چیتر لە بەغدا كەس گوێ‌ بۆ مەرج و داواكارییە سواوەكانی جارانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناگرێت لە بارەی پۆست ودۆسێ‌ جیاجیاكان، وئەگەر ئەیانەوێت پارێزگاری لە (قەوارەی دەستووریی هەرێم بكەن) و خۆیان نەبن بە مەترسی لەسەر ئەم قەوارەیە ، با سیاسەتكارانی كورد (دۆخی نا دەستووری بوونی عیراق) ڕابگەێنن ..  بیر لە ئەگەری كشانەوە  لە پرۆسەی سیاسی ئێستای عیراق بكەنەوە . 
ئەگەر نا ، لە داهاتوویەكی تزیكدا هیچ لایەنێكی ئێستای حوكمڕان لە هەرێمدا خۆی وەك قوربانی نەخاتە ڕووی هاوڵاتیان. 
تا زووە فریای هەرێم بكەون وهەڵەیەكی نوێ‌ بۆ تۆماری هەڵە مێژوویەكانی كورد تۆمار مەكەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی