د.عەبدولواحید لەوتارێکدا دەڵێ مەککە لەکوردستان موقەدەسترە، کاكی پزیشك، هەر شوێنەو قودسیەتی خۆی هەیەو هەندێ بەراوردکاریش هەیە ناکرێت، هەموو ئایینە ئاسمانیەکان خۆشەویستی بۆ نیشتمان بەتەکمیلەی ئیمان دادەنێن، دیارە مەککەش موقەدەسە لەلایەن ملیۆنان مرۆڤی ئەم سەرزەمینە، بەڵام ئەم بەراوردکاریەی تۆ کردوتە لەشوێنی خۆیدا نییە.
بەراوردکاری کارێکی زانستیە، منداڵان لەقوتابخانەی سەرەتایی فێری ئەم زانستە دەکرێن کاتێك پێیان دەڵێن شتی یەك بابەتو لەیەكچو بەیەکەوە بەراورد دەکرێن، هەربۆیە لەقۆناغی سەرهتایی، قوتابیان فێردەکرێن کە سێو پرتەقاڵ بەیەکەوە بەراورد نەکەن.
کاتێك قوتابی دەیەوێت نرخی کیلۆیەك سێو لەنیوان دوو دوکاندار بەراورد بکات، ئەگەر کیلۆی سێو لای دوکانداری یەکەم پێنج دینار بێتو لای دومەیش چوار دیناربێت، ئەوا دوکانداری دوەم سێوەکەی لەڕووی نرخەوە هەرزانترە لەیەکەم، ئەگەر قوتابی بێتو بڵێی نرخی کیلۆیەك سێو لای دوکاندارێك پێنج دینارەو پرتەقاڵیش لای یەکتری چوار دینارە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە نرخ لای دوکانداری دوهم هەرزانتر، ئەوا ئیتر هەموان دەزانن ئەم قوتابییە هیشا لەزانستی بەراوردکاری تێنەگەیشتوە، دوو شتی جیاواز بەیەکی بەراورد کردوە.
کوردستان شارێک نییە تاکو بەرادوردی بکەی بەمەککە، کوردستان کۆمەڵە شارێکە، ئەم هەلەی یەکەم لێرەدا جەنابتان كۆ بەتاك بەراوردکەن.
کوردستان شوێنێکی پیرۆزی ئایینی نییە تاکو بەراوردی بکەی بەمەککە، تۆ دەتوانی مەککەو مەدینە بەراورد بکەی بەیەك، دەتوانی نەجەفو مەککە بەراورد بکەی، دەتوانی قودسو مەککە بەراورد بکە، دەتوانى فاتیکانو مەککە بەراورد بکەی، دەتوانی کەربەلاو مەککە بەراورد بکەی، لەم هەموو ئەم بەراوردکاریانەش ئەنجامگیریی بکەی، بەڵام کوردستان کۆمەڵە شارێکەو هیچ شارێکیش شاری ئایینی نییە کە ئیمانداران لەسەرتاسەری دونیا ڕووی تێبکەن تاکو بێتو بەراوردیان بکەی. ئەمش هەڵەی دووەم، كاکی پزیشك لەم گۆیی زەوەیە کوردستان تاکە ناوچە وڵاتی ئیسلامی نییە.
لەو وڵاتانەی سەدان ساڵە وڵاتنو ئیسلامین، نوسەرەکانیانو قسەکەراکانیان خۆ دەپارێزن لەبابەتی وروژێنەر، ئەم خۆپاراستنو هەستکردن بەمەسئولیەتە لەلایان قسەکەرانی کوردستان، ئەوانەی وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، ئەوانەی خۆشەویستی نیشتمان بەتەکمیلەی ئاینەکەیان دەزانن، پێوستە سەدبارە بێت بەهۆی ئەو هەلومەرجەی کوردستان پێدا تێپەڕیوەو تێدەپەڕێت.
هەر بەڕاست جەنابتان بەم کارانەتان پێتانوایە خزمەت بەدینەکەت دەکەیت؟ کوردستان لەسەد ساڵی ڕابردوو خوێنی لەبەر دەڕواتو دەیان هەزار خێزانی بەتەوای فەوتان لەفیداکاریان دژی داگیرکەرانی کوردستانو سەدان هەزار شەهیدمان هەیە، جەنابیشتان دێیتو بەسەرپێیى کوردستان بەمەککە بەروارد دەکەی کە ناکرێت، پێشتوابێت بەم کارانەتان خۆشەویستی ئاینەکەت لای خەڵکی کورد زیاد دەکەیت ئەوا هەڵەی.
مرۆڤ لەژیاندا دەتوانێ لەیەك کاتدا زۆر شتی لەلا موقەدەسو خۆشەوێست بێت، بێ ئەوەی پلەی یەکو دویان بۆ دابنێ، بێئەوەی پێوست بێت یەکێکیان هەڵبژێریت. من پێموایە ئیمانداریی کورد، هەمو تاکی کورد، نیەتی ئەمجۆره وتارانەو ئەمجۆرە کەسانە دەزانێ.
دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود، پرۆفسۆری یاریدەدەر، زانکۆی لۆریە، واترلو، کەنەدا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی