ئەمڕۆژانەڕۆژگارێكی سەیرن بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆی دەرخات ، یان بێتە بەرچاو بەو جۆرەی كە ببێتە جێی باس و خواس ، ڕۆژگارێكن مرۆڤ زۆر كەمتر لە ناوبانگ " ناوبانگ بە هەر جۆرێك بێت " پێویستی بە ئاكارە ، زۆرێك لەوان دەگەڕێن بە دوای ئەو هۆكارانەدا كە ناوبانگیان بۆ پەیدا دەكات ، لەمەدا كێشە هەرگیز ئەوە نیە هۆكارباشە یان خەراپ ، گرنگ ناوبانگە، دەمپیسی و جنێو بووە بە یەكێك لە وهۆكارانەی مرۆڤ بە كاری دێنێت بۆ ئەوەی ناوبانگ دەربكات ، هەندێك جار پیاوێكی ئاینی ، سیاسیەك ، هونەرمەندێك ، كچە مۆدێلێك هەر بۆ ئەوەی خۆی زیاتر لەوانی تر دەربخات ڕیزێك جنێوی بێمانا ، قسەی پوچ و بەتاڵ دەكات ، جارێكیان مەلایەك هەر بۆ ئەوەی خۆی وانیشانبدات كە جیاوازە لە سەر مینبەرەوە كەوتە جنێودان زۆر بە پێداگریەوە بە هەندێكی دەوت خوێڕی ، هێندە بە مكوڕیەوە ئەو قسەیەی دەكرد دەتگوت خوێڕی لە دەمی دێتە دەرەوە، ئەمپیاوە دەیتوانی بە زمانێكی زۆر نەرم ڕەخنە بگرێت و ئەوەندە خۆی جیڕ نەكاتەوە ، كاتێك پیاوێكی ئاینی و گوایە سەر بەڕەوتێكی تایبەتی ئاینی هەمو جیاوازیەكی نێو كۆمەڵگە بە تاكێك پێڵاو دەچوێنێت ، ئەو وتی عەلمانی ، كەناڵێكی بە ناو عەلمانیش بە شانازیەوە ڕەواج بەم بەتاڵیە دەدات ، ئەمە ئەو پەڕی سوكایەتیە بەو جیاوازیانەی كە لە ناو كۆمەڵگەدا هەن ، میدیا بۆ دێت ئەم ڕستانە دەكاتە سەر دێڕو پۆپی بابەتی خۆی ن پێدەچێت بازرگانیەكی دوو سەرە بێت بۆ ناوبانگ گۆڕینەوە .
دەمپیسی كاتێك دەبێت مەترسی كە نەك هەستی ئەوانی تر بریندار بكات ، بگرە بۆنی هاندان و گەلەكۆمەدروستكردنی لێبێت ،كاتێك پیاوێك دێت و لە سەر كەناڵی میدیای بینراوەوە بە دەنگی بەرز باسی ئەوە دەكات كە ئێزدی وان و نابێ مامەڵەیان لە گەڵ بكرێت ، ئەم ژەهرە كاریگەری مەترسی دار لە سەر ئەوانە جێدەهێڵێت كە پێیان وایە ئەو كەسە ڕابەرو ڕێنیشاندەری ئەوانە، ئەوەی كە بە ئارەزوی خۆی تانەو تەشەر لەوانی دیكە دەدات و بۆ ئەمەش ئاین دەكات بە یەكێك لە چەكی ئەو هێرشە ، دەبێت لە هەر چركەیەكا خۆیشی ئامادەی ئەوە بێت جنێوی پیسی پێبدرێت ، لە كاتێكا ئەو زیاتر ماڵی لە شوشەیە تا ئەوەی ، ئەو پەلاماریان دەدات ، بە تاكە پێڵاو نیشاندانی ئازادی مرۆڤ بابەتێكە دەبێت داواكاری گشتی و حكومەت لێپێچینەوەی لێبكەن ، نەك ئەوەی مادام ئەم دەمپیسیە لە ڕێگەیەكی ترەوە خزمەت بە حكومەت دەكات ، دەی بائازادی ئەوەشی هەبێت چی دەوێت بیڵێت، بێدەنگی گشتی لە حەنای ئەم پەلامارو لێدوانە پوچانەوادەكات شیرازەی گشتی بە تەواوەتی تێكبچێت ، وەك چۆن ئێستا بەرەو ئەو تێكچونە دەچێت ، بە باوەڕی من ئەركی هەر لە پێشی وەزارەتی ڕۆشنبیریە بە هاوكاری وەزارەتگەلی پەیوەنددار پابەندێتی ئازادی بەو جۆرە دابڕێژێت كە كەس نەتوانێ سوكایەتی بە كەس بكات ، بە تایبەت لە ڕێگەی میدیاو ناوەندی گشتیەوە، ئازادی پەلاماردانی ئەوانی تر نیە وەك ئەوەی تۆ بێت لە مینبەری مزگەوتەوە پەلاماری جیاوازی نێو كۆمەڵگە بدەیت و بە ئارەزوی خۆت جنێو بدەیت و كەس نەبێت دەمت بگرێ ، ئازادی لە سادە ترین مانایدا ڕێز گرتنە لە هەموو ئەو جیاوازیانەی لە كۆمەڵگەدا هەن .
دەمپیسی نابێت ببێتە هۆیەك بۆ ناوبانگ پەیدا كردن و خەڵكیش بە دیاریەوە دابنیشن و بیڵێنەوە ، دەمپیسی دەبێت سزای لە سەر بێت، سزا بەو جۆرەی كەس بوێری ئەوەی نەبێت شوێنی گشتی ، مزگەوت ، كۆڕو كۆبونەوە ، میدیا ، بە كار بێنێت بۆ لێدان و شكاندنی ئەوانی تر بە جنێوی پیس، سەیرە چۆن دەكرێت لە پشت مەلایەكەوە بوەستی و نوێژبكەیت و گوێ لە وتاری هەینیەكەی بگریت ، كە بە كچانی بێسەرپۆشی میلەتەكەت بڵێت بەرەڵا، لە كاتێكا ئەو كچانە كەس و كاروخوشك و نزیكی تۆن و ئەندامی كۆمەڵگاكەتن ، كەسێك بێت بە هەموو عەلمانیەك بڵێت تاكێك پێڵاو ، كەسێك پێكهاتەیەكی بەش خوراوو گرنگی میلەتەكەت بە پیس و پۆخڵ و بێدین ناوبەرێت و تۆش بە بیانوی ئەوەی مزگەوتەو وتاری هەینیە سەر كزبكەی ، لە كاتێكا ئەو كەسە دەبێت دەستبەجێ و هەر لەو شوێنە وەڵام بدرێتەوە، هیچ بیانویەك نیەبۆ بێدەنگی لەبەرانبەر جوێن و دەمپیسی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی