هەرێمی کوردستان و پلانەکەی ئۆکرانیا !

13/09/2022

دڵشاد ئەنوەر


لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ، ئەورپا و ئەمەریکا ئەنجامدانی چاکسازی سەربازی و ئیدارییان کردە مەرج بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا، تا ئەوکاتە لە ڕووی گەندەڵی و بندیوار و شپرزەییەوە، دۆخی ئۆکرانیا لە هەرێمی ئێستای کوردستان باشتر نەبوو.
ئۆکرانیەکان پاڵپشتیکردن و پرۆژەکانی ڕۆژاوایان بەهەند وەرگرت، سەرەتا پۆلیسی ئۆکرانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا لە فڕۆکەخانەکانی ئۆکرانیا جێگیرکران و چاکسازیان لە فرۆکەخانەکانەوە دەستپێکرد، دواتر ڕۆیشتن بۆ چاکسازی ئیداری و پاشان سەربازی، لە سلکی سەربازیدا جەنەڕاڵە گەندەڵەکان خانەنیشین کران و هێزی ئۆکرانی بە خوێنی تازە و ڕاهێنرا و ڕۆحی بەبەردا کرایەوە، پاشان پڕ چەک کران و ژێر خانی سەربازیان بۆ بونیاتنرا.
دەرئەنجامی ئەو چاکسازیانە، ئەمەی ئێستای لێ بەرهەم هات، کە ڕوسیایان وەکو زلهێزێکی ناوچەکە بەتەواوەتی بەگیرهێناوە، بەشێکی زۆری وڵاتەکەیان لە ژێر کۆنترۆڵی ڕوسیا دەرهێنایەوەو دونیا لەو شەڕەدا پاڵپشتیانە، ڕەنگە ئەنجامی شەڕەکەش، تێکشکانی ڕوسیا و تەپینی ئابوریەکەی و دەرچوونی بێت لێی بە زیانێکی گەورەوە.
ئەو پلانەی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، لە زۆر ڕووەوە لەو پلانە دەچێ کە بۆ ئۆکرانیا هەیانبوو،  بەڵام جیاوازیەکەی ئەوەیە ئۆکرانیەکان وڵاتی خۆیان خۆشویست و پلانەکەیان جێبەجێ کرد،لەکاتێکدا ئەمانەی هەرێم عەقڵیەت و بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیان خستووەتە پێش بەرژەوەندی هەرێمەکەوە.
هاوپەیمانان داوای چاکسازی لە هەرێم دەکەن، دەیانەوێ پێشمەرگە رێکبخەنەوە و پڕ چەکی بکەن، دەیانەوێ پێشمەرگە بکەنە هێزيکی پڕ چەکی ڕاهێنراو و لە بن دەستی ئەوانە دەربازی بکەن، ناویان فەرماندەی سەربازییە و ناتوانن لە حاڵەتی تەقینی دوو فیشەک خۆیان ڕابگرن، داوای فراوانکردنی پانتایی ئازادی دەکەن، پلانەکانیان هەمان پلانانەیە بۆ ئۆکرانیا هەیانبوو.
ڕەنگە بیانەوێ هەرێم ببەنە پێشەوە و تا وەکو هاوپەیمانێک هەیانبێ لە ناوچەکەدا، بەڵام وا دیارە ئەمانەی هەرێم بەڕێوە دەبەن، نایانەوێ سود لە پاڵپشتیەکان وەربگرن، بەڵکو هەرێمێکی شڕۆڵ لە بەرژەوەندییانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی