دروستداڕشتنى مۆرفۆلۆژییانە

18/09/2022

د. سازان ظاهر

    ئاگایى تاک لەبارەى زمانەکەیەوە، لەو مەعریفە قووڵە زمانییەوە سەرچاوەدەگرێت، کە ئاخێوەر هەیەتى و لە تەواوى دەربڕینەکانیدا بەرجەستەیدەکات، هەر ئەمەشە ڕێگە لە بەکارهێنانى هەڕەمەکییانەى زمان دەگرێت و وادەکات، زمان سروشتییانە بەکارببرێت و زۆرینەى ڕەهاى دروستە بەرهەمهاتووەکانى بە (داڕێژراو، لێکدراو)ەوە، ڕاست و دروست بن. بۆ نموونە دروستەى وشەکانى زمانى کوردیى، هەڵگرى زانیارییە زمانییەکانن و ئاخێوەر دەتوانێت پەیوەست بە مۆرفۆلۆژییەوە، یاساکانى هەڵگواستن و دروستکردنى وشەیان لێهەڵبهێنجێت، ئەم پەیپێبردنەى یاسا زمانییەکان، دروستیى فۆڕم و ڕاستیى واتاى دروستە مۆرفۆلۆژییەکان فەراهەمدەکات.

لەم ڕوانگەیەوە فۆڕمێکى وەک (دایباب)، کە فۆڕمێکى تازە دروستبووەو لە هەندێک بابەتى پەروەردەییدا بەرچاودەکەوێت، کام بەڵگەو پاساوى زانستیى، ڕاستیى و دروستیى فۆڕمەکە پشتڕاستدەکەنەوە؟! ئایا دروستکردنى وەها فۆڕمێک چ کەلێنێکى وشەیى پڕکردووەتەوەو کام گرفت و قەیرانى فەرهەنگیى زمانەکەى چارەسەرکردووە؟ لەکاتێکدا لەڕووى فۆڕمەوە نادروستەو هاوکات لەڕووى واتاشەوە پێناچێت چەمکێکى نوێى بۆ فەرهەنگى کوردیى زیادکردبێت، چونکە لەبەرامبەردا دروستەى /دایکوباوک/، وەک لێکسیمێک لە فەرهەنگدا تۆمارکراوەو بە هەمان واتاى وشەکانى /الوالدین، Parents/ى زمانى عەرەبیى و ئینگلیزیی دێت، کە بە ڕوونى و پڕاوپڕ واتاو چەمکەکەى دەگەیەنێت، بۆیە لە ئاوەزى ئاخێوەرى کورددا، فۆڕمى (دایباب) ناتوانێت ببێتە جێگرەوەى فۆڕمە دروستەکەى /دایکوباوک/، بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئەگەرى کەمبەهایى فۆڕمەکە، ئەگەرێکى چاوەڕوانکراو و بەهێز بێت، هەرچەندە ئەمە لەو ڕاستییە کەمناکاتەوە، کە فۆڕمە نوێکە وەک هەر دروستبوویەکى تر، زۆرجار لەگەڵ فۆڕمە دروستەکەى /دایکوباوک/دا، لە ململانێ و کێبڕکێدا دەبن، تا ئەو ڕادەیەى، هەندێکجار دەشێت ئەنجامەکان پێچەوانەى ویستى پێڕەوبەندانەى زمانەکە بێت.
دایکوباوکم مامۆستان..
سوپاس بۆ خوا دایکوباوکم لە ژیاندا ماون.
دایکوباوک ڕووناکیى ژیانن.
دایکوباوکم پاڵپشتى تەواوى سەرکەوتنەکانم بوون.
     گەر سەرنجى نموونەکانى سەرەوە بدەین، وشەى /دایکوباوک/ بە دروستیى، چەمک و واتاکەى گەیاندووە، بێئەوەى هیچ لەنگیی، یان لێڵییەکى واتایى دروستکردبێت، کەواتە داڕشتەى سایکۆلۆژیى و کۆمەڵایەتیى ئاخێوەرى کورد بۆ لێکسیمى /دایکوباوک/ بەجۆرێکە، ڕێگریى لە بوونى دروستەیەکى وەک (دایباب) دەکات و تەنانەت لە هەندێک بەکارهێناندا هەوڵى بلۆککردنیشى دەدات، هەروەک تاقیکردنەوەى فۆڕمى (دایباب) لە هەمان جێکەوتەى /دایکوباوک/ لە نموونەکانى پێشوودا، بەڵگەى ئەو ڕاستییەن (بڕوانە نموونەکانى خوارەوە)، ئەمە جگەلەوەى درکاندنى فۆنەتیکیى (دایباب)، تاڕادەیەک واتایەکى نیمچە_تابۆ لە هزرى ئاخێوەردا وێنادەکات و لەگەڵ ئاوەزمەندیى کورددا نایەتەوە، بەڵام (دایکان و باوکان) لە ڕستەیەکى وەک (سبەى کۆبوونەوەى دایکان و باوکانە.)، دروستەى فرێزى تەکخراوى هەیە، بۆیە تەواوى زانیارییەکانى، لە لێکسیمى /دایکوباوک/ جیاوازەو بەوەش هەمان چەمک و واتا ناگەیەنێت.
دایبابم مامۆستان
سوپاس بۆ خوا دایبابم لە ژیاندا ماون
دایباب ڕووناکیى ژیانن
دایبابم پاڵپشتى تەواوى سەرکەوتنەکانم بوون

هەر لەمڕووەوە، پەیوەست بە دروستەوە دیاریکردنى پێکهاتەى (دایباب)، دوو بۆچوون هەڵدەگرێت:
١. دروستەکە بە ڕێگاى خستنەپاڵى (داى + باب) دروستکراوە، بەڵام یاسابەند نییە، بەڵکو ئاخێوەر تاکلایەنانە بەرهەمیهێناوە، کە تێیدا پشت بە فرێزى (دایە و بابە) بەستراوە، بۆئەوەش مۆرفۆفۆنۆلۆژیى، بووەتە هۆکارى لەناوچوونى مۆرفیمى تەکخستنى /-و-/ تێیدا.
٢. پێدەچێت بۆ بەرهەمهێنانى ئەم فۆڕمە، میکانیزمى (تێکەڵکردن/ ئاوێتەکردن- Blending)ى زمانى ئینگلیزیى بۆ وشەکانى /دایک، باوک/ پەیڕەوکرابێت، کە دیسانەوە لەبەر دوو هۆکار بە پاساوێکى زانستیی دانانرێت: لەلایەک دیاریکردنى پێکهاتەى تازە دروستبووەکە لەسەر ئاستى تەکنشینیى دەبێتە (داى+ باب)، ئەوکات فۆڕمى (داى) بیچمە کوردییەکەى لەدەستدەدات. لەلایەکى تریشەوە، یەکێک لە مەرجەکانى (ئاوێتەکردن)، گەیاندنى چەمکى نوێیە، بڕوانە /ڕۆڤار/، کە وێڕاى کورتکردنەوەى فۆڕمە بنەڕەتییەکانى (ڕۆژنامە + گۆڤار)، بیچمە نوێکەى /ڕۆڤار/، واتاى بڵاوکراوەیەکى نوێ لەخۆدەگرێت. ئەمانە هۆکارن بۆئەوەى، فۆڕمى (دایباب) نەتوانێت وەک (هاوواتا/ سینۆنیم)ى /دایکوباوک/ بەکاربهێنرێت، هەروەک ناشکرێت بڕیارى ئەوە بدرێت، کە (دایباب) فۆڕمێکى کلیپکراوى (دایە و بابە) بێت، بەوپێیەى (دایە و بابە)، دروستەى فرێزى هەیەو تێیدا (دایە، بابە) فۆڕمى کورتکراوەى /دایک، باوک/ن و بەهۆى مۆرفیمى تەکخستنى /-و-/ و پاشگرى /-ە/وە ڕێگەپێدانى سینتاکسیى گۆکردنى فرێزیان بۆ دەستەبەرکراوە، دروستەکەش بەگشتى و زیاتر لە هەندێک دەوروبەرى نافەرمیدا بەکاردەهێنرێت:
دایە و بابە چۆنن؟
تەمەندریژ بێت و بە نازى دایە و بابە گەورە بێت.
    هەموو ئەو بەڵگانەى هێنرانەوە، نیشانیدەدەن، پێشبینیى فۆڕمدروستیى و واتا-ڕاستیی داڕشتەى فۆڕمە تازە دروستبووەکان، بەهۆى بوونى باکگراوندى زمانیى بەگشتیى و توانستى مۆرفۆلۆژییانە بەتایبەتى، لاى تاک دەستەبەردەبێت، هەربۆیە بێئاگاییانە داڕشتن و دروستکردنى وشەکان، ئەو ئاکامە زانستییەى نابێت، کە پڕاوپڕى پێویستییەکانى فەرهەنگى کوردیى و ئاخیوەرانى زمانەکە بێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی