هەمیشە دەسەڵات و حکومەتە داپۆلسێنەرەکان ، پشتیان بە جۆرە حوکم و دادگایەک بەستوە و دەیبەستن ، کە ناویان ناوە ( دادگای شۆرش ) بەم پێ یە ژیان و کۆمەڵگەو دەوڵەت ، دەخەنە ژێر یاسایەک ،گوایە ترسی دوژمنانی شۆرش و ترسی خەڵکی تێکدەرانی سەربە ئیستعمارو زایۆنی و ئیمپریالی و جا لە ئێرانی ئیسلامی ترس لە ئەمەریکا وەک شیتانی گەورە ، ترس لە ئیسرائیل ، ترس لە هەر خشەو سرپەو دەنگ و سەدایەک ، کە عەرشی حوکمی شۆرش بلەرزێنێ ، تەنانەت ترس لە شلی بەستنی لەچکی کچان ترس لە کورتی مانتۆی ژنان ،بۆ پاراستنی ئەم رەوشە چەند رێگایەک دەگرنە بەر ، بۆ نمونە
یاسای عوروفی ، کە هەر رۆژنامە نوسێ یان نوسەرێ یان فیلمسازو هونەرمەند و شانۆگەریەک لە بەندەکانی شۆرش دەرچێت ، بە یاسای خەتەر بۆ سەر ئەمنی قەومی واتە ئاسایشی نیشتمانی دەدرێت بە دادگای شۆرش .
شۆرش ئەو کارخانەیەیە کە ئیشی سەرەکی دروست کردن و بەرهەم هێنانی ترسە و ترس خستنە ناو بازاڕ و قوتابخانەو زانکۆ و ناو دڵی کۆمەڵگەو هونەرو ...... هتد ، واتە بە قۆناغ چۆن مرۆڤێک لە کۆمەڵگەدا دەگەیەنیتە ئاستی ( ترساو ) لە هەموو شتێک ، تا نەوەکەی وا ڕابێنێ ، حەقت بەسەر هیچ شتێکەوە نەبێ ، سەری خۆت کز بگرەو چاوەروانی رەحمی خوا بکە ، کورد واتەنی دەستت بە کڵاوەکەتەوە بگرە و خوا چاکی کات ،
کە کۆمەڵگە گەیشت بەم قەناعەتە ئارامیەکی پڕ لە ترس و دڵەراوکێ و دڵنیانەبوون لە ئایندە دەستی بەسەردا دەکێشێت ، دەسەڵاتیش زیاترو زیاتر ئەسپی خۆی تاو دەداو ، بەردەوام کێڵگەی ئەم ترسەی کۆمەڵگە دەکێڵێت ،
دەوڵەتی مصر لە ساڵی ١٩٥٢ تا ٢٠١١ کۆتایی بە سیلسیلەی حوکمی شۆرشی ( زباط الاحرار ) هات واتە ٥٩ ساڵ لەژێر بەندی یاسای عوروفیدا ژیا، بە درێژایی ٥٩ ساڵ دادگای شۆرش لە هەوڵی ئیعدام کردنی هەر سەرێکدا بوو کە ئەمر بە زمانی بکات بڵێ نەخێر ، بەم شێوەیە ٥٩ ساڵ بە قۆناغ کۆمەڵگەی مصری لە گەردو غوباری چەندەها قەیرانی دروستکراودا گەوزاند ،کە تاکی مصری لەبەر ڕاکە ڕاکەی بۆ قوتی ژیان ئەسڵەن ناوی خۆشی بیر بچێتەوە ، تەواو وەک ئەم حوکمە دوو زۆنیەی هەرێمی کوردستان ، بە دروست کردنی قەیرانێک بۆ ژیان قەیرانێکی ترت لەبیر دەباتەوە .
نمونەی ئێران زۆرن کە سەرجەمیان بە ڕاپەرین و خوێنرشتن و وێرانکاری لەناو چوون ، بێێنەوە سەر شۆرشی ئیسلامی ئێران بە قیادەی ئایەتوڵا خومەینی ،
دەسەڵاتی پەهلەوی واتە رەزا شاو محمەد رەزا شا کە لە ساڵی ١٩٢٥ دەست پێ دەکات تا ١٩٧٩ ، دەسەڵاتێکی بکوژ و ببڕ نەبوو ، بەڵکو ئەو هەوڵی دا ئێران بکات بە دەوڵتێکی عەقڵانی ، نەسرەدین شا بە درێژایی نیوقەرن حوکم ، ئێرانی کردبوو بە تاریکستانێکی هێندە دواکەوتوو ، کە هەرچی فیعڵی خراپە سەرداران و ئاغاو دەرەبەگەکان و خان و میر دەیان کرد ، تەنانەت دیاردەی ( بەچەبازی یان وەلەد بازی ) بوو بوو بە نەریتێکی باو لەناو عەرشی نەسرەدین شاو توێژی دەسەڵاتداران ، لە قەفقازیاو روسیان و شوێنانی ترەوە ، کوڕو کاڵیان بۆ بردوون ، ئاستی خوێندن و خوێندەواری و زانست لەو پەڕی نزمیدا بوە ، تا سەرهەڵدانی دەسەڵاتی رەزا شا ، ئیدی دەست کرا بە بیناکردنی دەوڵت ، تاران وەک پایتەختێک لە پایتەختەکانی جیهان ، زانکۆی دروست کرد ، پەرەی بە خوێندنی دەوڵەتیداو مزگەوت و حوسەینیەی بۆ عیبادەت تەرخان کرد ، زۆر شتی خستەوە سەر رێگەی ئاسایی خۆی ، زانست و هونەرو کشتوکاڵ و پیشەسازی پێشکەوتن ، ژیان سیمایەکی تری بەخۆوە گرت بەجۆرێ ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان ، ئێران بە یەکێ لە وڵاتە خۆشگوزەرانەکان وەسف کراوە ، ئەمما روخان و تێکدانی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن خەڵکەوە هۆکاری زۆرن و فرە رەهەندە لە زۆر ڕوەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە دیارترینیان ، ساویلکەیی کەسایەتی حەمە رەزا شا ،کاتێ خۆی دەکاتە دیکتاتۆرو هەموو دەسەڵات و بریارێک بۆخودی خۆی دەگێرێتەوە ، کاتێ دوکتۆر موسەدەق ساڵی ١٩٤٨ پێی دەڵێ تۆ یان شا بە یان سەرۆک وەزیران ، دەرکی بە خەتەری حەوزەی شیعە کردبوو ، کە ئینگلیز چ مەرامێکی پێیانە ، واتە دەرپەراندنی دوکتۆر موسەدەق و هاوخەباتەکانی زەربەیەک بوو بەر دڵی دەسەڵاتی شا کەوت بە پلانی ئینگلیز ، ساڵی ١٩٦٣
لە هەڵگەرانەوەی پیاوانی شیعە کەسێک بە ناوی روحوڵا موسەوی خومەینی لە پشت ئاژاوگێری و موزاهەرەی عەمامە بەسەرەکانەوە دەبێ بە فیتی ئینگلیز ، کاتێ دەگیرێت حەوزەی شیعە بۆ پاراستنی خومەینی ، پلەی دینی بەرز دەکەنەوە بۆ ئایەتوڵاو بە ئایەتوڵا دەیناسێنن ، بە دەستوری ئێران ، ئایەتوڵا لەبەر ئەوەی رۆحانین هیچ سزایەکی قورس و ئیعدام نایگرێتەوە ، بۆیە هەڵەی شا ئەوەبوو لە بری ئەوەی لای خۆی دەستبەسەریکات ، نەفی دەکات بۆ نەجەف ، کە ئەمە بۆ خومەینی وەک ئەوە وایە خرابێتە بەهەشتەوە ، هەڵەی سێەمی شا ، دەستبەردار بوونی شؤڕشی کوردوو رێکەوتنی لەگەڵ رژێمی بەعس و صدام ، کە گۆرەپانی خومەنی کارا کرد بۆ دەست وەردانی لە ئاژاوەگێری ناو ئێران بەمەش وتراوە شۆرشی کاسێت ، کاتێ خومەینی وتارەکانی خۆی لەسەر کاسێتی موسەجەل تۆمار دەکاو بەهۆی ، کرانەوەی سنورو هاتوچۆی نێوان ئێران و عێراق رەوانەی ئێرانی دەکاو گڕ دەنێت بە خەڵکەوە و تاوی قیام و هەستان دەدات ، واتە ئەم سێ هۆکارە لە دیارترین ئەو رەهەندانەن کە سەڵتەنەتی شای ئیرانی روخاند ، هاتنە سەرکاری خومەینی پشتی بە درۆو نیفاق و گێلی بەشی زۆری کۆمەڵگەو ، لاوازی تیارە چەپ و دیمۆکراتخوازەکانی ئێران بەستبوو ، جەنگی هەشت ساڵەی ئیران و عیراقیش تەواو ئەو دەسەڵاتەی جێگیر کرد ،
سەرەتای جەنگی ئێران عیراق ، کەسێک دەرکەوت بەناوی خەڵخاڵی ، کە کەسێکی نزیکی خومەینی و یەکێک لە موریدەکانی حەوزەی قوم و دەستو پێوەندی خودی خومەینی بوو ، کاتێ حیزبەکانی کوردستان گەمارۆی هێرشەکانی پاسدارانیان دابوو ساڵی ١٩٨١ ، خومەینی جاڕی دا هەرچی هێز هەیە بەرەو کوردستان بجمێن ، لە کوشتن و بڕین سڵ نەکەوە و دەست نەپارێزن ، بۆ ئەمە سەرۆکی دادگای شۆرشی ئیسلامی خاڵخاڵی دەنێرێت ، کە بە هەزاران کەسی بە کۆمەڵ ئیعدام کردوە ، دەگێرنەوە پیاوێک پێی دەڵێ تۆ حوکمی منت بە ئیعدام داوە لەسەر هیچ و خۆڕایی خوا چۆن قوبوڵ دەکات ، لە وەڵامدا دەڵێ ، ئەگەر گوناهبار بیت بەسزای خۆت دەگەی ، ئەگەر بێ گوناهیش بی ، چ باشتر دەچیتە بەهەشت ،
بەم تێروانینە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ، دەسەڵاتی شۆرشی ئیسلامی لە ئێران ، رۆژانە مرۆڤ دەکوژن دەبڕن دەکوتن ، ئیعدام دەکەن ، بۆیە ژیانی ئەم کچە کوردەش بەهەمان تێروانین و بەهەمان حوکم و شەرع ، شەهید کرا .
بەڵام ئەوەی جێگەی هەم داخ و هەم سەرنج ، تەنها شارەکانی کوردستان ڕاپەریون لەسەر مەرگی ژینا لەکاتێکدا مەرگی ژینا مەرگی تەواوی گەلانی ئێرانە ، ئەمەش جارێکی تر سەختی کورد بوونە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی