مەرگی ژینا، مەرگی گوتاری ناسیۆنالستە چەواشەکارەکان

22/09/2022

مستەفا شیخ محەمەد

ئەو هەموو هاوسۆزیەی لە شارەکانی ئێران دەبیندرێت، بۆ تاوانی ئیدانەکراوی مەرگی،" ژینا ئەمینی" لە کۆماری ئیسلامی ئێران،  قەوم چیەکانی شەرمەزار کرد. 
هەندێک لەسەرەتای روداوەکە، دەستیان بۆ دروشمبازی حەماسیانە برد، بەقەولی خۆیان بەتایبەت دژی فارسەکان لە ئێران،  بەو کارەش ئەو کەس و لایەنانە دەریانخست چەندە تەسک و تاریک دونیا ئەبینن،  دونیابینی پڕ لەرق و کینەی خۆیان نیشانی هەموان ئەدەن، کە بێ گومان ئەم جۆرە تێروانینە، جگە لەفاشیەت  سەر لە هیچ شتو شوێنێکی دیکە دەرناهێنێت، ئەوان بە  بەکۆمەڵێک دەستواژەی پڕ لەسۆزی  بێ ناوەڕۆک و مانا دەیانەوێت خۆیان بکەنە پاڵەوانی نەتەوەی کورد، چونکە جگە لەم دەستەواژانە، کە پێی موعتادن، هیچ تەفسیرێکی دیکەیان نییە، بۆسیاسەت و کۆمەڵگە و ژیان بەگشتی بەڵام بەخۆشحاڵیەوە، ئەو گوتارەی دەیخواست دەنەی قەوم  چیەتی تێدا بدەنەوە،  بە تێپەرینی چەند کاتێکی کەم، باڵۆنەکەیان فشدەبێتەوە، (ئێرانیەکان بەتێکرای نەتەوکانیان دێنە سەر جادەکان و دەبنە خاوەنی دۆسیەی مهسائەمینی ) پەکی ئەم گوتارە  دەکەوێت و ئێرانیە ناکوردەکان بەپەرۆشتر لە کوردەکانن،  جادووی ئەو گوتارە قەومچیەش بەتاڵ دەکەنەوە، لەوەش بەولاتر وەها دەر دەکەون، کە گوێشیان لەم دەنگانە نابێت کە فو بەکەڕنای قەومیدەکەن. 
بەکورتی ئەوانەی دەیانوویست  مەرگی ژینا بکەنە ئەو دەرفەتە تا لە پەنای حەماسەت،  پەردە بەسەر بێ پڕۆژەیی خۆیان دابدەن، شکستێکی گەورەیان خوارد. 
لە ڕاستیدا ئەو جۆرە کەسانە  کە لە هەموو بۆنەیەک کورد وەک زەلیل و زوڵم لێکراوێک  نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی کورد  بەزەیی بەخۆیدا بێتەوە، ئەوانە ناتوانن لە دونیای بەیەکەوە ژیان بەها بەرزکان تێبگەن، کەڕەنای زەمانە، زەینی رونیانیی لە بەینبردووە.
ئەوان وەک توتی ئەو شتە ئەڵێنەوە، کە بێ دەوڵەت رزگارمان نابێت لە زوڵم و زۆری ئەوانیدیکە، ئەوان لافاو بێت یان بێستانێک ووشک بێت،  سەرما بێت یان گەرما،  هەر ئەو جوملەیان هەیە، بێ ئەوەی پێمان نیشان بدەن چۆن. 
مەرگی ژینا لەگەڵ ئەوەشدا بۆتە خاڵێک بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی  گەورە، کە دیوارەکانی ئیتنیکی شکاندوە، لەگەڵ خۆشیدا، مەرگی گوتاری قەومچیەتی بێ پڕۆژە و بەتاڵی قەومچیەتی، نیشانی هەڵگرانیدا، ئێمەی کورد  نزیکەی سەد ساڵە بەهۆی گوتارێک گیرۆدەین کە نەیتوانیوە،  خواست و پێداویستەکانی خەڵک بەدی بێنێت، کەچی هەندێک کە بژێویان پەیوەستە بەم گوتارە، توند دەستیان پێیەوە گرتووە، بەمەش تەنیا دەتوانن بەناوی  داکۆکی لەخەڵک ببنە هۆکاری زیان گەیاندن بە خەڵک .
مستەفا شیخ محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی