ڕیفراندۆم.. خەون لەکاتێکی هەڵەدا

25/09/2022

بابەكر دڕەیی

پێنج ساڵ پێش ئەمڕۆ، ڕیفراندۆم بەڕابەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا.. جێی خۆیەتی لێرەدا سەرنجی خۆمان لەبارەیەوە بنوسین:

یەکەم: ڕیفراندۆم وەک پرەنسیپ بنەمایەکی سەرەکیە بۆ کردەی دیموکراسی‌و تێگەیشتن لەمەیل‌و دیدگای خەڵک، هەنگاوێکە بۆ ساغکردنەوەی کێشە ئاڵۆزو هەستیارەکانی کۆمەڵ‌و بەلاداخستنیان بەشێوازێکی ئاشتیانە... لەو تێڕوانینەوە ڕیفراندۆم مافێکی دیموکراتی‌و ئامرازێکی مۆدێرنە بۆ گشت ئەو گەل‌و نەتەوەو گروپە سیاسی‌و کۆمەڵایەتیانەی دەیانەوێ پشتی پێببەستن.

دوەم: سودوەرگرتن لەم مافەو بەکارهێنانی ئەم ئامرازو پرەنسیپە، پەیوەستە بەکۆمەڵێک پێشمەرج‌و زەمینەسازیەوە کە بێ ڕەچاوکردنیان ئەگەر هەیە لەبری قازانج‌و پاراستنی بەرژەوەندی یاخود دەستگەیشتن بەمافێکی باڵاتر، زیانی لێبکەوێتەوە...

سێهەم: لەڕیفراندۆمی 25ی 9ی 2017ی کوردستاندا ڕێک ئەوە ڕویدا کە سەدان کەسی ڕۆشنبیرو سیاسی‌و تەنانەت خەڵکی ئاسایی پێشبینیان کردو بەئاشکراو لەمیدیاکانەوە ڕای خۆیان ئەگەیاند:  ئەوترا کە:

1. هیچ پشتیوانیەکی جیهانی بۆ ڕیفراندۆم لەئارادا نییە.
2. دوژمنایەتیەکی قوڵی ئیقلیمی دژی ڕیفراندۆم بەئاشکرا لەلایەن ئێران‌و تورکیاو عێراقەوە ڕادەگەیەنرێت.
3. بەرەی ناوخۆیی تا بڵێی لاوازەو پەرلەمان پەکخراوەو حزبی ئۆپۆزسیۆن کراوەتە دەرەوەی گەمەی سیاسیەوە.
4. لەئاستی ئامادەکاری سەربازیی‌و ئابوری‌و تەکنەلۆژیدا کوردستان لاوازەو توانای بەرگری نییە....
هتد

بەڵام سەرباری ئەوانەش بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم پاشەکشەیان نەکردو ئەوەی خەونیان پێوە دیبو لێیان بوو بەڕاستی.

لەو پێودانگەوە بۆ نرخاندنی مێژویی ڕیفراندۆم پێویستە چەند هەنگاوێکی زانستی بنرێت:
یەکەم: ڕاپرسی لەکۆی هاوڵاتیانی ئەو ناوچە کوردستانیانە بکرێت کە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کەوتنەوە بندەست‌و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی، گەر لەدۆخی ئێستایان ناڕازیبن مانای وایە ڕیفراندۆم بۆتە مایەی زیانبەخشین بەپەنجا لەسەدی خاکی کوردستان‌و دانیشتوانی ناوچەکانیان.

دوەم: لێکۆڵینەوەی مەیدانی سازبدرێت سەبارەت بەکۆی زیان‌و قازانجەکانی ڕیفراندۆم لەسەر زەوی واقع: قازانجەکانی ئەم پرۆسەیە چی بوە لەئاستی ئابوری، خاک، شەهیدو برینداری پێشمەرگەو سوتانی زەوی‌و زاری خەڵک‌و دواخستنی کۆی پرۆسەی سیاسی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بەژیانێکی ئارامترو ئاسودەتر.

ڕیفراندۆم بەکارهێنانی پرەنسیپێکی ڕاست بوو لەشوێنکاتێکی هەڵەدا.. جێبەجێکردنی خەونێک بوو کە نەکرابوە بەرنامەیەکی داڕێژراوو دیراسەکراوی عەمەلی‌و مەیدانی..  هەوڵێک بوو بۆ شکاندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی پێشئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی خۆی ڕێکخستبێ.. پەلامارێک بوو بێئەوەی ئامرازەکانی پەلاماردان هیچیان لەئارادابن..

نیەتی بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم (بەتایبەت سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەرچیەک بێت، لەو ڕاستیە کەمناکاتەوە کە ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی سودبەخش نەبوو، زیانی زۆری لەپێگەی کورد وەشاند، ڕەنگە ڕابەرانی پشت ڕیفراندۆم بەنیەتی باش‌و بەئیمانی دروست‌و دڵسۆزانەوە بۆ گەلی کورد ئاڵای ڕیفراندۆمیان بەرزکردبێتەوە، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ زۆربەی کات، کارەسات‌و تراژیدی‌و هەڵەی نەبەخشراو لەژێر سەری ئەو نیەتە باشانەوەیە کە مرۆڤەکان بێئەوەی خۆیان پێبزانن دەبنە ئامرازێک بەدەست خەون‌و خەیاڵ‌و دیدگا سیاسیەکانی دەرونی خۆیانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی