مێژووی جوان و مێژووی ناشرین

27/09/2022

ژوان ئەحمەد

مێژووی ئێمە تێكەڵەیەكە لە جوانی و ناشرینی، بەڵام بەدبەختی خۆمان ئەوەیە هەمووی بەجوانی دەبینین و نەك رەخنەی لێناگرین، بەڵكو ئەوەی رەخنەشی لێ بگرێت كافری دەكەین و رەنگە خوێنیشی حەڵاڵ بكەین.
مێژوەكەمان پڕە لە قوربانیدان و تێكۆشان، هەڵەبجە و گەرمیان و ئەنفال و دەیان و سەدان سەربەرزی تر، بەڵام ئەمە پاساو نیە كە ناشرینیەكانی پێ پاساو بدەینەوە.
فەرموو خۆت بریار بدە، ئایا ناشرینە یان جوان؟!
- شێخ مەحمود مەلیكی كوردستانە زۆر مێژوویەكی جوانە، بەڵام لە پشتەوە تەقەی لێدەكرێت و ئەوەی تەقەشی لێدەكات كوردە، ئەمە جوانە؟ یان شایەنی لەسەر وەستان و رەخنە گرتنە!
- سوارەی حەمیدی كوێی جوانی یە بۆ ئێمە؟
- مەلای خەتێ لە كوێیا جوانی دەبینی؟
- شۆرشی ئەیلول شانازی یە بۆ كوردایەتی، بەڵام شەڕی خۆبەخۆی مەلایی و جەلالی كوێی جوانە؟؟!
- لە هەشتاكان پارتی پێش ئەرتەشی ئێران دەكەوێ بۆ سەركوت كردنی راپەرینی كوردانی رۆژهەڵات ئەمە كوێی جوانە؟؟
- كارەساتی هەكاری و شەهید كردنی عەلی عەسكەری و دەیان فەرماندە و پێشمەرگەی تر، لە كوێ جوانە لە مێژووی ئێمەدا؟
- شۆرشی نوێ جوان و شانازی یە، بەڵام شەڕی ناوخۆی یەكێتی و قیادە موەقەتە، شەڕی یەكێتی و بەرەی جود كوێی جوانە؟
- قڕناقا و پشت ئاشان كوێی جوانە؟
- كوشتنی كادرانی پارتی و یەكێتیش لە شاری سلێمانی چۆن لە مێژوودا بە شانازی دەنوسی؟
- هەڵدانی نارنجۆك بۆ ناو مەكتەبی كچان كوێی وەك جوانی دەبینی؟
- بێگاری كردن بە دێهاتیەكان كوێی جوانە؟
- ئەنفال سیمبوڵی كوردە، بەڵام نزیكەی دوو سەد سەرۆك جاش بەشداربون لە ئەنفالدا، ئەمە چۆن پینە ئەكەیت؟
- هەموو حزبەكان لە شاخ لە باشترین حاڵتدا هێزەكانیان نەدەگەیشتە 50 هەزار پێشمەرگە بە هێزی پشتیوانیشەوە، ئەڵام خاوەنی 500 هەزار جاش و مستەشار بوین.. ئەمە لە كوێی جوانیەكانی مێژوودایە؟؟
- راپەرین، لوتكەی سەربڵندیە، بەڵام تاڵانی دامەزراوەكان و ئاودیو كردنی شۆفڵ و بەنداو و چی تر، ئەمە كوێی شانازی یە؟
- كۆڕ‌ەو ناسنامەیە، بەڵام فرۆشتنی ئازوقەی ئاوارەكان لەلایەن كورد خۆیەوە چۆن لە جوانیدا جێی دەكەیتەوە؟
- حكومەتی هەرێم شانازی بوو بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، بەڵام ئێستا و گەندەڵی حكومەت كوێی جوانە؟
- كوشتنی كۆمۆنیستەكان و پاشانیش قەدەغە كردنی پرسەدانان لە كوێی مێژوودا بە پەنهانی دەشاریتەوە؟
- شەهید كردنی بەكر عەلی شاعیر بە چ پینەیەك پینە دەكەیت، چۆن ئارەقی شەرمەزاریەكەی دەسڕی؟
- 31 ئاب لە كوێی مێژوودا جوان دەكەیت، چۆن ئەم پەڵەیە بە ئارایشت دەشاردرێتەوە؟
- بێسەروشوێنەكانی یەكێتی لای پارتی و پارتی لای یەكێتی چۆن جوان دەكەیت؟
 ئەمانە و سەدان پەڵەی تر
بەڵێ مێژوومان پڕە لە سەروەری، بەڵام پەڵەی ڕەشیشمان هەیە.. ئەگەر بمانەوێ داهاتومان جوانتر بێت لە رابردوو، دەبێت بەشێوەیەكی ورد و لۆژیكی هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو بكەین.
دانپیانان بە هەڵەكان، رێگرتن لە دوبارە كردنەوەی، بكەینە بەردەبازی پەرینەوەمان لە مێژوو بۆ ئایندە.
ئیدی خۆت بریار بدە، هەر لە مێژوودا بە سەرخۆشی دەژیت یان عەقڵت دەكەیتە پێوەر و ئیش بۆ ئایندە دەكەیت؟؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی