کوا هەڵوێست؟

27/09/2022

گۆران هەڵەبجەیی

ئەوەی جێگەی نیگەرانیە،بێهەڵوێستی و بێدەنگی بەهرەمەندانی کوردی باشوورە.من ئەم بێهەڵوێستیەیان دەگەڕێنمەوە بۆ ترسنۆکیان بەوەی نەبا کاتی سەفەریان بۆ ئێران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، یاخود یەکێتی و پارتی ڕێگەیان پێنەدەن.
کاتی خۆی لەدەمی بانگەشەی بایکۆتی کاڵای تورکیدا زۆربەی گۆرانیبێژەکان هەمان بێهەڵوێستیان نواند و ئامادەنەبوون بە دوو وشە پشتگیری ئەو بایکۆتە بکەن ، بە پاساوی بێ ئەرزش و فەلسەفەی بێ ناوەڕۆک خۆیان دەپەڕاندەوە.
نووسەرێک،شاعیرێک،ئەدیبێک،هونەرمەندێک،گۆرانیبێژێک،شێوەکارێک،هەرکەسێکی بەهرەمەند لەکاتێکی ئەوهادا بە سادەترین و ساناترن شێوە داکۆکی لە گەلەکەی نەکات، ئەوە لەکن من بەهرەمەندێکی بێهەڵوێست و ترسنۆکە.
سەیرە لەخودی ئێران،پتر لە[١٠٠] کەس لە بەهرەمەندان بەفارس و کوردو ئازەرەوە بەئاشکرا پشتگیری لەخەڵکی ڕاپەڕیو بکەن و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسیەوە ،کەچی لەباشوور ،کەدوورن لە ئاگرەکەوە، تەنها تەماشا دەکەن.
ئاخر کەس داوای لێتان نەکردوە بچنە ئەودیو و بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن،بەڵکو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دەتانتوانی ئەو ئەرکە ئینسانی و نەتەوایەتیە جێبەجێ بکەن.
گەر پاساوی هەر بەهرەمەندێک ئەوەبێت کە کۆدەنگی نیە یاخود سەندیکا ناجوڵێت،ئەوە کەس دەستی نەگرتوە با بەتەنها خۆی بەوجۆرەی بۆی گونجاوە هاوپشتی خۆی دەرببڕێت،بەڵام تکایە بەو شێوە شەرمهێنەرەی عەدنان کەریم نا. گەر نەجوڵێن ئەوە دەکەونە بەر نەفرەتی کوردانی ڕۆژهەڵات و مێژووش.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی