چییان لۆمن كردیە

02/10/2022

شادمان مەلا حەسەن

حزب و بزووتنەوەی سیاسی و بەناو شۆڕشی كورد هەتا لاپەڕیەكی جوانی دەبینیەوە دە لاپەڕەی ناشیرنی لە بەرچاوت زەق دەبێتەوە . لەدوای ساڵی 1991 كاتێ بوونە حاكمی یەكەمی ئەم سەرزەمینە .پێچەوانەی پڕۆگرامی حزبەكانیان كە نووسیویانە هەركاتێ كوردستان رزگاربكەین ئەوەندە جادە و ئەوەندە پڕۆژە گرنگەی ژێرخانی ئابووری جێبەجێدەكەین .ئەوان یەكەم شت كەدەستیان بۆ برد .فرۆشتنی پڕۆژە گرنگەكانی ژێرخانی ئابووری بوو ,كە لەم سەرزەمینە بەجێمابوو .فرۆشتنی بەنداوی بێخمە و هەرچی شۆفەل و گرێدەر و بلدۆزەر و گەلابەی كە ئاوەدانی پێدەكرێ .ئاودیوی ئێرانیان كرد .

(بێگومان تاكو دانەیەكیان دەدایە یەكێك بیستیان بۆخۆیان ئاودیوو كردبوو ,بۆیە ئێستا ئەوەندە شارەزای بازرگانی و پارە هەلگرتنن) ئەوانەی خوار خۆشیان فێركردن كە تەل و سیمی كارەبای نێوان شارەكان لێبكەنەوە و بیفرۆشن,جا لەو رۆژەوە بەرهەمی حزبی كوردی هەتاكو ئەم چركە ساتەش بۆتە ئەم دەستەواژەیە (چیان لۆ من كردیە ,یان چیتان بۆ من كردووە ) جا كاتێ هاوڕێیەك یان مالە شەهیدێك دەچووە لای یەك لەسەر زلەكانی هاوڕێی خەباتی یان هاوڕێ و لێپرسراوی ئەو شەهیدەی كە كاكی سەركردە هانیدا بوو پەلامار بدات و شەهید بوو بوو ,فەرموون ئەوە پسولەی رێگا پێدانی شۆفەلێك یان گەلابەیەك بۆخۆتانی ئاودیوو بكەن . ئەوانیش وەك ئەوەی هەنگوینیان لەدار دۆزیبێتەوە پڕیان دەداێ و دەڕۆیشتن مەبلەغەكیان دەخستە گیرفانیان و پۆزیان لێدەدا كەوا فلان سەركردە پسولەی ئاودیوكردنی پێداون (كاكە هەر ئەو خەمی مالە شەهید و پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكانیەتی ) ئەمە تاكو ئێستا بووە بەكەلتوری زۆرینەی تاكی كورد لەم هەرێمە

.كەس بیر لە نیشتمان و خاك و ئەرك و مافی وەك یەكی ناكاتەوە .كاتێكیش حكومەتیان دروست كرد ئیتر ئەوە زەویان نەهێشت .ئەوكاتەی دەستیان لە نەوت گیر بوو ئیتر هەناوی خاكیان بەتال كرد .بۆیە ئەم هەرێمە هەست و سۆزی خۆشەویستی نیشتمانی لە گیانە لادایە .ئەگەرنا لەیەك رووداو پێنج گەنجی بەحیساب پارێزەری نیشتمان جەستەی ساردیان بۆ كەس و كاریان دەهێنرێتەوە .كوا رای گشتی كوا دامەزراوەیەك بپرسێ هۆكار چیە ئەم هەموو رووداوە .بلێ چیتان بۆ ئەم میللەت و نیشتمانە كردووە ,نەوەك بلێ چتان لۆ من كردیە .یان چیان بۆ من كردووە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی