ئازادی‌و پێداویستییەکانی

02/10/2022

ئاوات محەمەد

ئازادی تەنھا وشەیەک نییە بۆ بوارێک گونجاو بێت‌و بۆ بوارێکی تر نەشیاو بێت، ھەندێک چەمک مشتومڕ زۆر ھەڵدەگرێت، لەبەرئەوەی مانایەکی ڕەھا وەردەگرێت، ئەو چەمکانەی ڕەھاییان ھەیە، زۆرترین قسەی لەبارەوە ئەکرێت، ھەرکەس بەپێی لێکدانەوەو تێگەیشتن‌و ژینگەی خۆی پێناسەو لێکەوتەی بۆ دادەتاشێت، لەبەرئەوەی ھەمیشە ترس ھەبوە لەئازادی، لەڕەھایی ئازادیی، زۆرجار گوێمان لەم ڕستەیە ئەبێت (باوەڕم بەئازادی ڕەھا نییە)، لەکاتێکدا خودی چەمکەکە ڕەھایەو بنەماکانی ھەموو ڕەھایەک نە دابەشدەکرێت، نە گۆڕانکاریی بەسەردادێت، نە وێنایەکی دیاریکراوی دەبێت، تەنانەت گرفتی پێناسەکردنیشی بۆ دروستدەبێت، بۆ نمونە دوو وشە ھەن گەورەترین ئاستەنگیان بۆ لێکدانەوەی مرۆڤ دروستکردوە، ئەوانیش (خوداو ئازادییە)، بەھەموو ئایینەکان نەیانتوانیوە پێناسەیەکی تەواو ڕەھا بۆ خودا بکەن، وەک چۆن ھەموو فەیلەسوفەکانی بەر لەسوکرات‌و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ نەیانتوانیوە پێناسەیەکی ڕەھا بۆ ئازادیی بکەن، لەشوێنێکدا کەوتونەتە لێکدانەوەی جیاواز، یەک دونیا ئاستەنگی بۆ تێگەیشتن لەم چەمکە دروستبوە، بەڵام ڕایەکی جیاواز ھەیە، دەڵێت تەنھا ئازادیی ھەبێت لەناو خودی سروشتداو تێکەڵبون بەسروشتەوە ھەیە، دیارە باشترین نمونە بۆ ئەم پێناسەیە ژیانی ئاژەڵەکانە کە مرۆڤ پێیوایە ئەم لەوان باڵاترە، بەڵام بیری چوە، مرۆڤ کۆیلەی ئەقڵ‌و بیرکردنەوەی خۆیەتی، یاساگەلێکی داناوە بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکانی خۆی.

بەر لەھەموو پێناسەیەک، ئازادی پێش ھەموو شتێک تێڕوانینە vision بۆ گەردون‌و وێناکردنی خودی مرۆڤە لەناو ئەو گەردونە، کاتێک تێڕوانینێکی فراوانت نەبێت بۆ ژیان، ناتوانیت بەرجەستەی ئازادی بکەیت‌و بیکەیتە کردار act، ئەم تێڕوانین‌و کردارە پێویستی بەپێدانی بەھا Value ھەیە، کۆکردنەوەی ئەم ھەموو چەمکە لەناو چەمکێکی ڕەھای وەک ئازادیدا ئاسان نییە لێکدانەوەی بۆ بکەین، ھەموو ئەو پێناسەو لێکدانەوانەی بۆ ئازادی دەکرێت، پێناسەی ئازادی ناتەواوە incomplete freedom کە ئەم پێناسەیە بریتییە لەپەرتپەرتکردنی ئازادی بەپێی شوێن‌و کات‌و پێگەی جوگرافی، واتە لەناو چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی دیاریکراودا ئێمە دێین بەشێوەیەکی ھەڵھێنجراوی پێناسە بۆ ئازادیی دەکەین، لەسەرەوە باسمان کرد ئازادی پێویستی بەچی ھەیە، خاڵێکی گرنگ ھەیە دەبێت باسی لێوە بکەین، ئەویش ئازادی پەیوەستە بەتاکگەراییەوە individuality، ھۆکارەکەی ڕون‌و ئاشکرایە، چونکە ناکرێت لەناو بیرکردنەوەیەکی کۆگەلیدا، لەناو ئایدیایەک زۆرترین ڕێکەوتنی لەسەرە، هەست بەگرنگی ئەو چەمکە بکەین، ئازادی لەوێدا دەبێتە گاڵتەجار، چونکە دەبێت لەچوارچێوەو سنوری ئەو ئایدیایە دەرنەچێت، ناکرێت لەناو دەسەڵات‌و بیکردنەوەیەکی خێڵەکیدا، مومارەسەی ئازادی بکەیت، لەبەرئەوەی تاک لەوێدا بونێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو سیستمە ئایدۆلۆژیی‌و خێڵەکییەی لەناو ئەو کایەدا ھەیە، ھەروەھا ناکرێت پێناسەی ئازادی لەناو بیرکردنەوەیەکی تری ڕەھادا بکەیت، لەبەرئەوەی دوو ڕەھا ناتوانن بەیەکەوە بگونجێن، بەڵکو ھەمیشە دوو ڕەھا ڕوبەڕوی یەک دەبنەوە، بەدرێژایی مێژوو فەیلەسوفەکان بەدوای ھاوسەنگیدا گەڕاون لەنێوان بیرکردنەوەی ڕەھای ئاینیی‌و ڕەھای ئازادیی، بەڵام ئەستەم بوە ئەم دوو چەمکە پێکەوە کۆبکرێنەوەو ھاوگونجان لەنێوانیاندا دروستبکرێت.

ئازادی پێداویستی زۆرە، بەڵام گرنگترینیان ئەقڵانیەتە، واتا ئەقڵانییەتێکی ڕەخنەگرانە، کەخۆی لەقاڵب‌و کڵێشە باوەکان ببوێرێت‌و وەڵامە پێشوەختەکان ڕەتبکاتەوە‌و ھەمیشە پرسیاری ھەبێت، پرسیار لەخودی خۆیی‌و بونی ئەو لەو پێکھاتەیەی تێیدا دەژی، ئایا ببێت بەبەشێک لەبیرکردنەوەی کایەی گشتی یان لەدەرەوەی پۆلەوە بۆ خۆی خوێندنەوەی تری ھەبێت، یەکێک لەلێکەوتەکانی ئازادی بریتییە لەوەی ئەوانەی ھەڵیانبژاردوە، توشی بەرەنگاربونەوەو بەریەکەوتن بون لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیاندا، لەبەرئەوەی قبوڵکردنی بیروڕای نوێ لەناو ھەموو کۆمەڵگایەکدا قورسەو بەرەوڕوی چەندین قاڵبی ئامادە دەبێتەوە کە بەرگریکارو لایەنگری زۆرە، بەشێکی زۆر لەمرۆڤەکان ئەو قەناعەتەیان ھەیە، پێویست ناکات بیربکەنەوە، چونکە کەسێک ھەیە لەبری ئەمان بیردەکاتەوەو بڕیاریش دەدات، باشترین نمونە بۆ ئەم ڕستەیە حیزبی کوردییە، تەنھا سەرۆک بیردەکاتەوە، ئەوانی تر تەنھا پشگیریان لەسەرە، ئەم نمونە بۆ زۆر پێگەی تریش ڕاستە، ھۆکارەکەی ئەوەیە لەناو ئەمجۆرە پێکھاتەو مرۆڤگەلەدا ئەقڵانییەت‌و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زۆر لاوازە، ھەموو ئیدەو وێنایەکی نوێ دەبێتە ھۆکاری ڕەتبونەوە، ھۆکارەکەی ئەوەیە سەرۆک یان ڕابەر ئەو بیرکردنەوەی بەدڵ نییە کە تێی ناگات، لایەنگرو پاشکۆکانیشتی ڕەتیدەکەنەوە، نمونەی ئەم بابەتەمان زۆرە، ئەو نوسەرانەی بەفتوای گەورەکانیان بریندارو کوژراون، ھیچ کام لەتاوانبارەکان یەک وشەی ئەو نوسەرەیان نەخوێندۆتەوە، تەنھا بڕیاری ڕابەر یان سەرۆکی جێبەجێکردوە، لەبەرئەوە ناکرێت لەناو کایەکی توندوتیژدا ستایشی ئازادی بکرێت.

ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم، ئازادی تەنھا وشەیەک نییە، بەڵکو کردارێکە بەپێی زەمەن‌و تێگەیشتن‌و فراوانبونی بیرکردنەوەی مرۆڤ گۆڕانکاریی بەسەردادێت، شارستانیەتی خۆرئاوا لەوەحشیگەرییەوە گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆی کە ھەموو بەئایدیا جیاوازەکانمانەوە ھانای بۆ دەبەین، چ وەک بەدەستھێنانی ماف‌و زانیاریی‌و فەلسەفەو مەعریفەو دەستکەوتە تەکنۆلۆژییەکان، بەڵام خەباتێکی زۆرو قوربانییەکی زۆری ویستوە تا ئەقڵی ئازادیی‌و تێگەیشتن لەئازادی گەیشتۆتە ئەم دۆخەی ئێستا کە ئەم چەمکە ھەمیشە لەفراوانبوندایە، بەتایبەتی لەئاستی تێگەیشتن لەژیان‌و پەیوەندییە مرۆییەکان.

بیرمان نەچێت ئازادیی‌و ناتوندوتیژیی دوو چەمکن تەواو پێکەوە گرێدراون، ئەستەمە لەیەکیان جیا بکەینەوە، مرۆڤی ئازاد بەسروشت ناتوندوتیژە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی