پۆستی سەرۆک کۆمار و یاریەکەی بارزانی!

04/10/2022

هۆشیار عەبدوڵا

(خوێندنەوەیەک سەبارەت بە گرێی کورسی سەرکۆمار لە نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانییدا)
هێشتا دیار نیە ئایا بارزانی و بافڵ تاڵەبانی قسەی سەرەتاییان کردوە سەبارەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یان رێکەوتنی کۆتایی، بەڵام لەو بارەیەوە بارزانی یاریەکی وورد و مەترسیدار لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا دەکات، ئەو بەهەر نرخێک بێت دەیەوێ ئەو پۆستەی لێ بستێنێ. بارزانی دەزانێ ئەو پۆستە (پۆستەکە دەڵێم حەقم نیە کاندیدەکە کێیە یان کێ دەبێت و بۆشم گرنگ نیە؟!) بۆ یەکێتی دوا قورسایی جێگیری ئەو حزبەیە لە بەغدا بۆیە دەیەوێ سێ بژاردە بخاتە ناو هاوکێشەکە و بەردەم بافڵ تاڵەبانی:

۱. گوایە هەموو وەزارەتەکان دەداتە یەکێتی، ئەمە فێڵێکی گەورەیە! بۆچی؟ چونکە پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی جێگیر و نەگۆڕە (لانیەکەم تا چوار ساڵ یان لە نێوان دوو هەڵبژاردنی نیابیدا) بەڵام کام وەزارەتەی دەڵێی گرنگە بە تەعدیلێکی وزاری یان هەڵوەشانەوەی هەر کابینەیەک دەگۆردرێن. لە دوای ۲٠٠٥ ەوە روی نەداوە لە نیوان دوو هەڵبژاردندا سەرۆک کۆمار بە ریکاری دەستوری گۆڕدرابێ بەڵام کابینەکان، وەزارەتەکان، گۆڕدراون.
۲. گوایە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی کۆمار پۆستی سەرۆکی هەرێمیان لە هەرێم بۆ پێشنیار کردوون! ئەمەیان هەر زۆر هەزەلییە چونکە ئەو پۆستە ئێستا لای برازاکەی بارزانی خۆیەتی، خۆی و کوڕەکەی هیچ مەحەلێکیان بۆ نەهێشتۆتەوە لە ئیعرابدا جا بکەوێتە لای یەکێکی یەکێتی؟!
۳.حیکایەتە کۆنەکەی ئەوەی گوایە هاوکاری یەکێتی دەبن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەمەشیان حازر بەقەرزدانە و ئەو پۆستە لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق چۆتە دەرێ و ئاسان دەستی یەکێتی ناکەوێتەوە، جیا لەوەی بارزانی ئێستا ستراتیژی تایبەتی بۆ حزبەکەی خۆی هەیە لە کەرکوک و دەیەوێ یەکێتی هێندەی تر لاواز بکا، چۆن پاسێکی وایان دەداتێ؟!

لە ململانێی هێزە سیاسیە کوردیەکاندا پارتی لەوەتەی هەیە رێکەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکات و بە ئینتیقائی مامەڵە دەکا، چیی لەبەرژەوەندی خۆی بوو جێبەجێی دەکا ئەوانەی تر ئیهمال دەکا، ئەمەی لەگەڵ یەکێتی کۆن و نوێ، لەگەڵ گۆڕانی کۆن و نوێ لەگەڵ حزبەکانی تریش کردوە.
لە دوای ۳۱ی ئابی ۱۹۹٦ بە گشتی و لە دوای بەناو یەکخستنەوەی حکومەت و ئیدارە لە ۲٠٠٥ ەوە بە تایبەتی قۆناغ بە قۆناغ پارتی یەکێتی بچوک کردۆتەوە، ئەمەی ئێستاش قۆناغێکی ترە. با چاوەرێ بین بزانین بافڵ تاڵەبانی چۆن لێی دەردەچێ بەتایبەتی کە دوای پشتکردنە صەدر و بادانەوەی بەلای مالکی و عامریدا ئێستا بارزانی چواچیوەی هەماهەنگی شیعەکانیش بۆ فشار لەسەر بافڵ تاڵەبانی بەکار دەهێنێ.
ئەوەی چوار ساڵی داهاتوو لە عێراقدا کۆشی سەلامی لە دەستدا بێت بۆ ئەجێندا حزبی و عائیلیەکانی باشە، جا بارزانی بێ یان کوڕەکەی تاڵەبانی؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی