تەقینەوەکەی سلێمانی؛ پەیوەندی بە ئاساییشی نیشتمانییەوە هەیە!

18/11/2022

کەژاڵ نوری

ئەو ماڵکاولیەی لە سلێمانییدا بەهۆی سیستمی شۆڤاژەوە روویدا، لە هەرشوێنێکی دیکەی دنیادا روویبدایە، دەستبەجێ گەورەترین لیژنەی زانستی و تەکنیکی و ئەکادیمی دروست ئەکرا بو لێپیچینەوە لێی و، دەستدەکرا بە لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی ئاستی زانستیانە و پیشەسازییانەی ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی کە سیستمی شۆڤاژ بۆ ماڵان دادەنێن. ئەو گازە شلەی کە لەنێو تانکی گازەکەی سیستمەکەی ئەو ماڵەدا تەقیوەتەوە، ئاشکرایە، بەهۆی هەبوونی هەڵەی تەکنیکیی لە سیستمەکەدا بووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پێویستە بەدوواداچوونی زۆر ورد و زۆریش خێرا، بۆ کۆی هەموو ئەو سیستمی شۆڤاژانە بکرێتەوە، کە تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا لە شاروشارۆچکەکاندا بەستراون. ئەو تەقینەوەیە، ئەکرێ کۆتا تەقینەوە نەبێ. ئەکرێ دەیانجاری تر رووبدات، چونکە لە ئێستادا، خەڵکێکی زۆر روویکردۆتە بەکارهێنانی سیستمی شۆڤاژ. کەوایە ئێستا بەشێوەیەکی بەرفراوان خەڵک بەکاریدەهێنێت و ئەگەر بە شێوەیەکی پرۆڤیشناڵ ئەو سیستمە دانەنرێت، ئەوە لە داهاتوودا کارەساتی دیکەی ماڵوێرانکەری هاوشێوە دروست دەبێتەوە. وە هەروەها دەبێت ئەو کۆمپانیایانەش بخرێنەژێر چاودێری وردەوەو کەشف بۆ کۆی کارەکانیان بکرێت. دەبێ لیژنەی پسپۆڕ لە وڵاتانی ئەوروپی بهێنرێنە هەرێم و، ئەوان کاری کۆمپانیاکان هەڵسەنگێنن. ئەگەر ئەم کارە نەکرێت، ئەوە ئاسایشی هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستاندا لەبەردەم مەترسییدایە. خوێندنەوەیەکی دیکە ئەوەیە کە رەنگە هەر خودی ئەو کەموکورتیەکانەی کە ئەشێت لە سیستمە بەستراوەکاندا هەبن، بە مەبەست بکرێن. هەموومان ئەزانین کە وڵاتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران لە رابوردوودا، خۆراکی ژەهراوییان هەناردەی هەرێم کردووەو، دەیانجار لە رێگەی میدیاکانەوە بیستوومانە کە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا خراوەتە مەترسییەوە، کەوایە بەم شێوەیە ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئەمەش گەمەیەکی دیکەی سیاسەتی داگیرکەران بێت و لەم حاڵەتەشدا، واتە بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی. دوژمنی داگیرکەر، کاتێک شەڕی وڵاتێک دەکات، پێش هەموو شتێک دەست ئەبا بۆ روخاندنی ژێرخانی ئابورییەکەی. دێت پرد و قوتابخانە و نەخۆشخانە و کارگە و بەربەست و کشتوکاڵ و ئاودێریی و دارستانەکان و ژینگەی ئاویی و کانزایی و ئاژەڵیی و سامانە سروشتیەکانیت بۆ بۆردوومان دەکات و، دەیسوتێنێت و دەیروخێنێت و وێرانی دەکات. لەناو خۆراکدا ژەهرت بۆ دەنێرێتە ناوەوە تا هاوڵاتیانت بکوژێت. بەم پێودانگەش، بوعدێکی گەورە لە پشت رووداوەکەی سلێمانییەوە ئەوەیە، کە ئەو کۆمپانیای بەستنی سیستمی شۆڤاژانەی کە تورکیی و ئێرانین، یاخود ئەو کەرەستە و سیستمانەی لەو دوو وڵاتەوە هاوردە بن. وەکو بۆمبێکی چێنراوبن و تەڵەبن، بۆ پێکانی هاوڵاتییان. ئەکرێ بۆ لەمەودوا لە بری درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تەقینەوەی تانکی گازی شلی شۆڤاژی ماڵان بەشێکی دیکەی جەنگەکە بێت دژی گەلی کوردمان. کەوایە تەقینەوەی رووداوەکەی شەوی رابوردوو، بوعدێکی سیاسیی و جەنگیی و مەرامی داگیرکارانەی هەیە و بۆ لێدانە لە ئاسایشی نیشتمانی، لە رێگەی لێدان لە ئاسایشی ژیانی هاوڵاتییەوە. ئەگەر ئەو کۆمپانیایەی سیستمی شۆڤاژەکەی ماڵی قوربانیەکەی بەستووە، تورکی یاخود ئێرانیی بێت. [ کە پێویستە بدرێت بە دادگا بۆ لێکۆڵینەوە] ، ئەوە کارەساتەکە نابێت بە کارەساتێکی سروشتیی و رێکەوت وەرگریین. بەڵکو دەبێ بە زیاد لە رووداوێک وەری بگرین. ئەم تەقینەوەیە، زیاد لە رووداوێکە. پەیوەندیی هەیە بە کاری کومپانیایەکەوە کە کارەکەی خراپە و، هیچ ( سیفەتێکی ئەمنی) لە کارەکانییدا نەبووەو نیە. کەوایە دەبێ، هەر راستەوخۆ، پێش هەموو شتێک لیژنەیەکی خێرا دروستبکرێت بۆ ئەو کومپانیایەی سیستمی شۆڤاژی ئەم ماڵەی داناوەو، بە پەلەش لە رێگەی بانگەوازێکەوە لە تیڤیی و میدیاکان، هەموو ئەو ماڵانەش بدوزرێنەوە، کە ئەو کۆمپانیایە کاری بۆ کردوون، بۆ ئەوەی پشکنینی خێرا بۆ شۆڤاژەکانیان بکرێت و لەسەلامەتیی گیانیان دڵنیابینەوە. ئەگەر ئەمە نەکرێت، سلێمانی و هەرێمی کوردستان، لەبەردەم تەقینەوەی تریشدایە و، جا ئیتر با بزانین چەند باڵەخانە و خانوو و ماڵ و گەڕەکی تر، بەم جەنگە بێدەنگە نائاشکرا و ڵەناکاوە، کاول دەبێت و چەند گیانێکی دیکە لەژێر خشت و بلۆک و شیش و کۆنکریتی باڵەخانەکانەکاندا بە ئازارەوە دەردەچن. ئەم شەڕە شەڕی ئاساییشی نیشتمانییە، نابێ لێی بێدەنگ بین، جارێ دەبێ ئەو کۆمپانیایە بدرێتە دادگا و سزایەکی ماددی زۆر قورسی بەسەردا بدرێت. دواتریش نیشانەیەکی پرسیار لەبەردەم کاری هەموو کومپانیا هاوشێوەکانی دیکەدا دابنرێن و بەدواداچوونی وردییان بۆ بکرێت کەژاڵ نوری


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی