‎کورد لەبەردەم مەزادکردنێکی دیکەدا

25/11/2022

‎سۆزان حەمەتاتە

 
 
‎تورکیا و ئێران هەریەکەیان بە بیانووی جیاواز، ساڵانێکە هێرشدەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام خاڵ و ئامانجی ئەو هێرشانەیان لاوازکردنی ئەزموونی هەرێم و لەناوبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێریی کوردە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. بۆ تورکیا پەکەکە بیانوویەکی گونجاوە کەوا بەهۆیەوە ‌هێرشی سەربازی بکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە بیانووی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان هێرشی فراوانی دەستپێکردووە و لە ساڵانی رابردووشدا چەندین شار و ناوچەی کوردی داگیرکردووە و جۆرەها تاوانی تیادا ئەنجامداوە.
 
‎ئەوەی سەیرە بێدەنگی یان دەربڕینی هەڵوێستی شەرمنانەیە بەرانبەر داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران کە تەنها خۆی لە دەرکردنی بەیاننامەیەکدا دەبینێتەوە و سەرکۆنەی دەکەن کە ئەوەش بە لای تورکیا و ئێرانەوە هیچ بایەخی نییە و نابێتە هۆکاری وەستاندنی پەلامارەکانیان بۆ سەر کوردستان.
 
‎ئەوەی پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە مەترسییەکان گەورەترن، رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی "ئۆپەراسیۆنەکانمان بە فڕۆکە و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنیا سەرەتایە. هێرشە ئاسمانییەکانمان بەردەوام دەبن و لە گونجاوترین کاتدا لە رێگەی وشکانیشەوە هەڵدەکوتینە سەریان".
 
‎ئەمە زەنگی مەترسیدارە، چونکە لەکاتی وادا هێرشەکانی تورکیا فرە جەمسەر دەبن و لە ئاسمان و زەوییەوە  بەردەوامی پیدەدرێ، هەروەها مەترسییەکی دیکە ئەوەیە دەرفەت بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەڕەخسێ زیندووببنەوە و هێرش بکەنەوە سەر ناوچە کوردییەکان ئەمەیان بەپێی لێدوانێکی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە کە دەڵێ بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان بۆ سەر داعش وەستاندووە.
 
‎مەترسیی گەورە لێرەدا ئەوەیە هێشتا ئەمەریکا هەوڵی رێگری لەو هێرشانە نەداوە، هەروەها رووسیا کە پێشتر دژی هەوڵەکانی تورکیا بوو بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی سوریا، ئێستا بەهۆی شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیا زۆر پێویستی بە تورکیا هەیە و بەرژەوەندیی زۆر لەنێوانیان دروستبووە، بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵوێستی شەرمنانەیە.
 
‎هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی تورکیا دەستکراوەتر دەبێت بۆ کوشتنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی، وەکو هەمیشە جیهان بێدەنگەو خوێنی کوردیان لا هەرزانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە