مەندوبی کەیفسازی حساب بۆ نەکراو !

12/09/2023

ئاسۆ عەبدوللەتیف


 هەندێک مەندوبی حساب بۆنەکراوی وادە تەواو بوو، خانەنشینی بندەستی یاسا جەبرییەکانی حەشدی شەعبی عێراق، کە زۆر کەیفیان بە سوکایەتی ە جنێو دێت بە پیرۆزیەکانی نەتەوەو نیشتیمان و وائەزانن موچەو ئیمتیازەکانیان لە نەبوونی قەوارەی هەرێم پارێزراو دەبێ و عێراق ئیتر وڵاتێکی دامەزراوەیی و دەستوریی دیموکراسیەو ئەوان هەرئاوا بەکەیف و سەفا دەمێننەوە بۆ مەدح و سەنا! باشترە مەندوبی حساب بۆنەکراو، ئەوەندە ئیش لەسەر میزاجی شەقام و ختوکەدانی خەڵک و رای گشتی کوردستانیی نەکەن بەمەبەستی لێدان لە قەوارەی هەرێم و خزمەتکردن بە ئەجێندای حەشدی شەعبی و ئیتاری تەنسیقی و مالیکی و خزعەلی و سەنەیەکان و کیلابی زمانەکان. خۆ دەزانن کە سیاسەتکردن بریتی نییە لە قیڕەقیڕو دەنگە دەنگ و زاهیرەی سەوتی و ڕۆشتن بۆ بەغداد بە ئۆتۆمبیلی جامڕەش و ناسنامەی کۆن و حەسانەی ئێکسپایەرەوە، خۆ سیاسەتکردن شرۆڤە نییە لەسەر مووچەی تێرو پاسپۆرتی دیبلۆماسی و وشە ڕیزکردن، هەروەک بریتی نییە لەوەی هەیەو بۆتە ڕووداو، سیاسەت بریتیە لە هاوکێشە ئەمنی و نەخشە نادیارەکان و بکەرە شاراوەکان، حەزم لێیە مەندوبی دەنگبەرزی ناقۆڵای مەزهەبیی کوردیی دیوە شاراوەکەی سیاسەت ببینن چونکو بۆ بەرپێی خۆیان باشترە تا نەگلێن، چونکە سەدان جار گلان و فێرنەبوون، دەزانن لەکەیەوە باسی گۆڕانکاری و شۆڕش و دادگەری و شتی وادەکەن هەر لەدوورەوە، کەچی ناشیەنە سەرشەقام و منداڵەکانیشیان هەر نازانن ناڕەزایەتی و بایکۆتی قوتابخانەکان چییە بەهۆی خوێندنی پرایڤت و هایکۆستەوە، کەلەسەر ڕەنج و عارەقەو خوێنی خەڵکی ناڕازیی وەری دەگرن و دەیخۆن! دادگەری و دادپەروەری و هات و هاوار بۆ ماف پێش ئەوەی تیۆرو قسەکردن بێت سلوک و ڕەفتارە، لێرە قسە لەسەر سیستمی کۆنی داڕزاوی خوێندن و پەروەردە دەکەیت ئەوە دادگەرییە بەمەرجێک خۆت هەبیت لەو سیستمەداو زەجر بکێشیت بەدەستیەوە، بەڵام کاتێک کچ و کوڕەکەت بەپارەی دوو حکومەتی کوردی و عێراقی و ئیمتیازە بەدەستهاتوە نادیارەکان دەنێریتە باشترین خوێندنگە ئەهلیەکان و زانکۆکانی ئەستەنبوڵ و هایدڵبێرگ، ئەوە بەدڕەفتارییەو نەریتی خان و خێڵ و ناعەدالەتییەو مەیفرۆشە بەخەڵک وەک پاڵەوان، مەندوبی ئاوا مەندوب و چاودێرو یاسادانەر نییە بەڵکو دەوەن بەئاشە (قیڕەو هەرای بێ سوود) لەناو مەتبەخێکی گەرمی پشتیوانیکراوی موخابەراتی مەزهەبیدان و بوونەتە پڕۆکسی (الوکیل) وڵاتانی دژە هەرێم و بەراست و چەپدا وێنەی ناشیرینی ئەم هەرێمە دەکێشن و سەنەمی بێڕۆحی بۆ دائەتاشن. سێبەرە گەورەکان جوڵەی بێدەنگ دەکەن، ئێوەش هەر قیڕەقیڕو دەنگەدەنگ و خەڵکیش دەبێ نائومێدی بچنێتەوە، هەموان دەڵێین نەفرەت لەدۆخی گەندەڵی و بێموچەیی و بێ بەرنامەیی ئەو ساڵانەی فێڵمان لێ کرا، دەی لەو ساڵانەی ڕابردوو کە فێڵی بودجەو دادگاو سکاڵامان لێکرا، ئێوە گەر جورئەت و شەهامەتی ئەوەتان هەبا، چوار یاساتان دەنوسییەوە بۆ پاراستنی ماف و ئیمتیازەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و زەمان کردنیان، وەک چۆن بۆ خۆتان نوسییەوە بەزەمان و دەستەبەری کۆمەڵایەتی عێراقیەوە؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی