قەدەغەیە لەسەر خاکی خۆمان خەبات بکەین!

12/09/2023

سۆزان حەمەتاتە

رۆژی 19ی ئازارى 2023 لەنێوان عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە بەغدا، رێککەوتنامەى ئەمنیى نێوان عێراق و ئێران واژۆکرا، یەکێک لە خاڵەکانی نێو ئەو رێککەوتننامەیە؛ چەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێکردنیانە لەنێو کامپەکان، واتە دەستوپێ بەستنیان بەشێوەکی یاسایی ناڕاست و لە کاریگەریی خستنیان، ئەمە لەکوێش؟ لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆت!
 
یەکێک لە نادادییەکانی سیستمی داگیرکاری و جیهانی کە بەسەر کورد و کوردستانیاندا هێنا، دروستکردنی عێراق و لکاندنی پارچەیەکی کوردستان بوو پێوەی، بەوەش ئیتر کراینە هاوڵاتیی عێراقی بێ ویستی خۆمان، لەو رۆژەوە نەهامەتییەکانی سەر کورد زیاتربوو، بەئێستایشەوە داگیرکاری رۆحی و جەستەیی سەر کورد زیاتر دەبن و خاکی کوردستانیش لەبەردەم تەعریب و تەفریس و تەتریکی زیاتردایە.
 
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ دەڵێت "هه‌رگيز رێگه‌ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت"، ئەمەش بە هەمان شێوەی ویستی عێراق و ئێران جەختکردنەوەیە لەسە چەککردن و بێدەنگکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
راستە دەستوور رێگە بە هێرشکردنە سەر خاکی وڵاتی دراوسێ نادات، بەڵام ئەمە پرسەیان جیاوازترە، چونکە لە بنەڕەتدا مافی کورد خوراوە بەپێی یاسا و ئێستایش هەر بەپێی یاسا خاوەن ماف بێدەنگ دەکرێ، ئەمەش بەشێکە لە نادادپەروەرییەکانی سیستمی جیهانی و نەتەوەی داگیرکەر، کوردیش چونکە دەوڵەت و کەسی نییە، چەوساندنەوەکانی سەری رۆژ لەدوای رۆژ زۆرتر دەبن.
 
لە بارودۆخی وادا کە لەسەر خاکی خۆت، خەباتکردنی لێ قەدەغەدەکەن، هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت پلانی جێگرەوەیان هەبێت یان رازی بن بە خۆڕادەستکردن، هەردوو بژرادەکە قورسن، بەڵام رازی بوون بە خۆڕادەستکردن هەم قورسە و هەم ئاشبەتاڵ، باوەڕناکرێ ئەمەیان لای رۆژهەڵاتییەکان بژاردە راستەکە بێت.
 
لەسەر رێگەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کەندەڵانی زۆر هەیە، هەڵخلیسکان و شکستی دێنە رێی رێبواری سەربەخۆیی، ئێستا هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر لێواری یەک لە کەندەڵانەکانن، باوەڕم بە ئەزموونی سەنگیان هەیە کە بەسەریدا بازدەدەن بۆ سەرکەوتن و ریسی دوژمنانیش دەبێتەوە بە خوری.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی